سەنتەرێکی مافی مرۆڤ: هێزە چەکدارەکانی سەر بە تورکیا 366 کەسیان لە عەفرین و ناوچەکانی دیکە رفاندووە


رووداو دیجیتاڵ

سەنتەری دۆکیومێنتکردنی پێشێلکارییەکان لە باشووری سووریا رایگەیاند، لەسەرتای ئەم ساڵەوە تورکیا و هێزە چەکدارەکانی نزیکی لە سووریا، 366 کەسیان رفاندووە و بۆ ئازادکردنیان داوای پارە دەکرێت و رێگە بە کەسوکاریشیان نادرێت سەردانیان بکەن.
 
ئەو سەنتەرە یەکێکە لەو لایەنانەی راپۆرتەکانی پێشێلکاری دژ بە مافەکانی مرۆڤ تۆمار دەکات. لە دوایین راپۆرتیدا دەڵێت: "هێزەکانی تورکیا و گرووپە چەکدارەکانی سووریا کە لەلایەن تورکیاوە پاڵپشتی دەکرێن و بە ناوی سوپای نیشتمانیی سووریاوە کاردەکەن، بەردەوامن لە رفاندنی هاووڵاتییانی سووریا".
 
لە راپۆرتەکەدا هاتووە: "لەسەرەتای ئەم ساڵەوە، ئەو هێزانە لە عەفرین و ناوچەکانی دیکە 366 کەسیان رفاندووە، ژمارەکە لەوەش زیاترە، بەڵام بەشێک لەوانەی دەستگیرکراون خانەوادەکانیان لە ترسی کاردانەوە ناتوانن زانیاری بدەن."
 
بەپێی ئەو سەنتەرە، ژمارەی رفێندراون لە ساڵی 2023، 461 کەس و لە ساڵی 2022 دا، زیاتر لە 702 کەس بووە.
 
ئەو کەسانەی دەڕفێندرێن داوای پارە لە کەسوکاریان دەکرێت، رێگری لە کەسوکارەکانیشیان دەکرێت لەبارەی چارەنووسی رفێندراوەکانەوە هیچ زانیارییەک وەربگرن، هەروەها نابرێنە بەردەم دادگە و رێگری لەوەش دەکرێت پارێزەریان بۆ دابین بکرێت.
 
ئەو رفێندراوانە لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی سوپای نیشتمانیی سووریا و دەستەی تەحریری شام، لە باکووری رۆژهەڵات یان لە رۆژهەڵاتی سووریا دەستگیرکراون و بە فەرمانی دادوەر دەستگیر ناکرێن، زۆرینەیان بەشێوەی نایاسایی دەستگیر دەکرێن و پێشێلکارییەکی زۆری مافەکانی مرۆڤ لەو رووەوە دەکرێت.
 
لە راپۆرتەکەیدا، سەنتەرەکە دەشڵێت: "لەو کاتەوەی تورکیا چووەتە نێو سووریا لە ساڵی 2016 تاوەکو ئێستا، هێزەکانی چەکداری سەر بەو وڵاتە دوو هەزار و 118 کەسیان کوشتووە و نزیکەی 8 هەزار کەسیان بریندار کردووە، نۆ هەزار و 390 کەسیان دەستگیر کردووە، هەشت هەزار و 89 کەسیان ئازادکراون و ئەوانی دیکە چارەنووسیان نادیارە، هەروەها 184 کەسیش لەژێر ئەشکەنجەدا گیانیان لەدەستداوە".
 
ژمارەی ئەو سوورییانەشی بە گولـلەی هێزەکانی تورکیا کوژراون، 565 کەس دەبن، لەنێویاندا 175یان ژن و منداڵن. تاوەکو 30ـی تەممووزی ئەمساڵیش سێ هەزار و 106 کەس بە گولـلەی ئەو هێزانە بریندار کراون.