رووداو دیجیتاڵ
لیژنەى باڵاى جێبەجێکردنى مادەى 140 چەکى قەرەبووى 378 عەرەبی هاوردەى کەرکووک دابەش دەکات، بەوەش ژمارەی ئەو عەرەبە هاوردانەی کە ئەم ساڵ چەکی قەرەبوویان پێدراوە دەگاتە زیاتر لە هەزار چەک.
کاکەڕەش سدیق، ئەندامى لیژنەى باڵاى جێبەجێکردنى مادەى 140 بە رووداوى راگەیاند، یەکەمجارە ئەو چەکانە لەبرى کەرکووک لە بەغدا بدرێنە عەرەبە هاوردەکان و یەکەمجاریشە بە گوێرەى مەرجێکى نوێ چەکەکەیان پێ دەدرێت.
ئەو 378 کەسە چەکەکانیان لە شەش شوێنى بەغدا وەردەگرن. مەرجە نوێیەکە ئەوەیە کە ئەوانەی چەکی قەرەبووکردنەوە وەردەگرن، دەبێت پاڵپشتى شوێنى نیشتەجێبوونیان دواى گەڕانەوە و کارتى نیشتمانى ئەو پارێزگایە رادەست بکەن کە لە ناوچە کوردستانییەکەوە بۆى گەڕاونەتەوە.
کاکەڕەش سدیق رایگەیاند، "ئەم ساڵ ئەوە دووەم کاروانى چەکى قەرەبووى عەرەبی هاوردەیە ناویان بڵاو بکرێتەوە؛ پێشتر 575 ناوى دیکە بۆ وەرگرتنەوەى چەکەکانیان راگەیێندرابوو".
بەگوێرەى راگەیێندراوى لیژنەى باڵاى جێبەجێکردنى مادەى 140، ئەو 378 عەرەبە هاوردەیەى ناویان بڵاوکراوەتەوە دەبێت تاوەکو 7ى تشرینى دووەم چەکەکانیان وەربگرن، ئەگەرنا دواى ئەو رۆژە بەسەر دەچێت.
بەگوێرەى مادەى 140، هەر ئاوارەیەک 10 ملیۆن دینار و عەرەبى هاوردە 20 ملیۆن دینار قەرەبوو وەردەگرن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ