سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بۆ رووداو: دەمانەوێ هەمووان لە حکومەتی خۆجێیی بەشداربن
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک دەڵێت، دەیانەوێت هەمووان لە پێکهێنانی حکومەتی خۆجێیی کەرکووکدا بەشداربن. ئاماژە بەوەش دەکات، لە یەکەم دانیشتنی ئەنجوومەنەکەدا پۆستە سەرەکییەکان یەکلایی دەکەنەوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە 18-08-2024 دوای دەستبەکاربوونی وەکو سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێی پارێزگای کەرکووک، محەممەد حافز قسەی بۆ هەردی محەممەد، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو کرد و گوتی، دوای نزیکەی هەشت مانگ لە هەڵبژاردن، حکومەتی خۆجێیی کەرکووک پێکهات و رایگەیاند، "دەمانەوێ لەگەڵ هاوبەش و هاوڕێیانمان، هەروەها ئەو پێکهاتانەش کە لە دانیشتنی یەکەمی ئەنجوومەندا ئامادەنەبوون، لەگەڵ ئێمە لە پێکهێنانی حکومەتێکی راستەقینە بەشداربن، بە جۆرێک کە ئەو حکومەتە نوێنەرایەتی هەموو خەڵکی کەرکووک بکات. ئێمەش بە یەک ئەندازە لە هەمووانەوە نزیک دەبین."
سەبارەت بە وادەی یەکەم کۆبوونەوەی ئەنجوومەن دوای هەڵبژاردنی پارێزگار و سەرۆکی ئەنجوومەن، محەممەد حافز گوتی، "لە رۆژانی داهاتوودا دانیشتنی ئەنجوومەن دەکرێت." ئاماژەی بە کاری یەکەمی ئەنجوومەنەکەش کرد و گوتی، "پۆستە سەرەکییەکانی کەرکووک لە یەکەم دانیشتنی ئەنجوومەندا یەکلایی دەکرێنەوە. لە چەند رۆژی یەکەمی داهاتوودا دامەزراندن رایدەگەیێنن، ئەوەش بە شێوەیەکی زۆر بارگرانی سەرشانی خەڵک کەم دەکاتەوە، بەتایبەتی گەنجان. گەنجانی بێکارمان چاوەڕێی ئەو دامەزراندنە دەکەن. بودجە خەرج دەکرێ و زۆر بابەتی لەکارکەوتوو جارێکی دیکە دەکەونەوە سەرکار."