سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بۆ رووداو: دەمانەوێ هەمووان لە حکومەتی خۆجێیی بەشداربن

18-08-2024
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک دەڵێت، دەیانەوێت هەمووان لە پێکهێنانی حکومەتی خۆجێیی کەرکووکدا بەشداربن. ئاماژە بەوەش دەکات، لە یەکەم دانیشتنی ئەنجوومەنەکەدا پۆستە سەرەکییەکان یەکلایی دەکەنەوە.
 
ئەمڕۆ یەکشەممە 18-08-2024 دوای دەستبەکاربوونی وەکو سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێی پارێزگای کەرکووک، محەممەد حافز قسەی بۆ هەردی محەممەد، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو کرد و گوتی، دوای نزیکەی هەشت مانگ لە هەڵبژاردن، حکومەتی خۆجێیی کەرکووک پێکهات و رایگەیاند، "دەمانەوێ لەگەڵ هاوبەش و هاوڕێیانمان، هەروەها ئەو پێکهاتانەش کە لە دانیشتنی یەکەمی ئەنجوومەندا ئامادەنەبوون، لەگەڵ ئێمە لە پێکهێنانی حکومەتێکی راستەقینە بەشداربن، بە جۆرێک کە ئەو حکومەتە نوێنەرایەتی هەموو خەڵکی کەرکووک بکات. ئێمەش بە یەک ئەندازە لە هەمووانەوە نزیک دەبین."
 
سەبارەت بە وادەی یەکەم کۆبوونەوەی ئەنجوومەن دوای هەڵبژاردنی پارێزگار و سەرۆکی ئەنجوومەن، محەممەد حافز گوتی، "لە رۆژانی داهاتوودا دانیشتنی ئەنجوومەن دەکرێت." ئاماژەی بە کاری یەکەمی ئەنجوومەنەکەش کرد و گوتی، "پۆستە سەرەکییەکانی کەرکووک لە یەکەم دانیشتنی ئەنجوومەندا یەکلایی دەکرێنەوە. لە چەند رۆژی یەکەمی داهاتوودا دامەزراندن رایدەگەیێنن، ئەوەش بە شێوەیەکی زۆر بارگرانی سەرشانی خەڵک کەم دەکاتەوە، بەتایبەتی گەنجان. گەنجانی بێکارمان چاوەڕێی ئەو دامەزراندنە دەکەن. بودجە خەرج دەکرێ و زۆر بابەتی لەکارکەوتوو جارێکی دیکە دەکەونەوە سەرکار."
 

 

لە یەکەم دانیشتنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووکدا کە لە هۆتێل رەشید لە بەغدا بۆ هەڵبژاردنی پارێزگار و سەرۆکی ئەنجوومەن کرا، 3 ئەندامی عەرەب، 2 ئەندامەکەی تورکمان و 2 ئەندامەکەی پارتیی دیموکراتی کوردستان بەشدار نەبوون. ئەوان دانیشتنەکە بە نایاسایی ناودەبەن.
 
سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک تیشکی خستەسەر ئۆپۆزیسیۆنبوون و گوتی،" لە هەموو ئەنجوومەنێکدا دەبێ ئۆپۆزیسیۆن و لایەنی بەرامبەر هەبێ. ئۆپۆزیسیۆن زۆر گرنگە بۆ بەهێزکردنی کاری ئەندامانی دیکەی ئەنجوومەن. لە قۆناخی نزیکدا پشت گۆڕانکاری لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک دەبینن."
 
ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک 16 ئەندامە و رێژەی یاسایی بۆ  بەڕێوەچوونی کۆبوونەوە 9 ئەندامە.
 
بەهۆی ئەوەی رێبوار تەها بووەتە پارێزگار، ئێستا رێژەی یاسایی ئامادەبوون تەواو نابێ و یەک ئەندام کەمە، چونکە 3 ئەندامی عەرەب و 2 تورکمان و 2 ئەندامەکەی پارتی بایکۆتی دانیشتنەکانی ئەنجوومەنییان کردووە. بۆیە دەبێ شوێنگرەوەی رێبوار تەها دەستبەکاربێ کە عەبدوڵڵا میروەیسە لە لیستی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

 فەرهاد تێلۆ، سەرۆکی پارتی لیبراڵی کوردستان لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 11:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو

پارتی لیبراڵی کوردستان: دووبارە بەنداوی تشرین بۆردوومان کرا

سەرۆکی پارتی لیبراڵی کوردستان دەڵێت، ئەمڕۆ گرووپە چەکدارەکان بە رۆکێت هێرشیان کردووەتە سەر بەنداوی تشرین، گوتیشی: ''نامانەوێت بەبێ ئەنەکەسە بچینە شام، بەڵام ناتوانین هەر چاوەڕێ بین، پێویستە هەڵوێستی خۆیان روون بکەنەوە.''