کتێبەکەی سەرۆک بارزانی: نەوشیروان مستەفا دەنگۆیەکی بڵاوکردبووەوە کە جامانە سوورەکان سلێمانی داگیردەکەن


رووداو دیجیتاڵ 

لە بەرگی شەشەمی کتێبەکەیدا (بارزانی و بزووتنەوەی رزگاریخوازی گەلی کورد) سەرۆک مەسعود بارزانی باسی دامەزراندنی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان و ئاڵنگارییەکانی بەردەمی دەکات، دەڵێت، "سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لە رووی سیاسی و یاسایی و دیپلۆماسییەوە، پێویستییەکی گرنگی ئەو قۆناخە بوو." ئەوکاتیش بە سەرکردایەتیی یەکێتی گوتووە، "سەرۆکێکی پرۆتۆکۆڵی نابم."
 
بارزانی باسی کۆبوونەوەکانی پارتی و یەکێتی دەکات لەسەر پرسی پۆستی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و دەڵێت: "پاش چەندان کۆبوونەوە، ژمارەیەک لە ئەندامانی مەکتەبی سیاسیی لە پڕ 180 پلە هەڵوێست و روانگەکانیان گۆڕی و رۆژانە پێشنیازی تازە و زیادەیان دەخستەڕوو. واشیان لە کادیرەکانیان گەیاندبوو کە یەکێتی لە پێناو وەرگرتنی پۆستی سەرۆککۆماردا تەنازوولی زۆری بۆ پارتی کردووە. لە یاسای سەرۆکایەتیی هەرێمدا دەسەڵاتێکی زۆر بە سەرۆکی هەرێمی کوردستان دراوە، مەترسییەکی گەورە لەسەر ئێمە و یەکێتیش دروست دەکات و ئەگەری هەیە مەسعود بارزانی تۆڵەی رابردوومان لێ بکاتەوە، بۆیە پێویستە هاوشێوەی بەغدا دەسەڵاتەکانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان پرۆتۆکۆڵی بن."
 
بۆ چارەسەرکردنی ئەو ناکۆکییانەی نێو یەکێتی، دکتۆر مەحموود عوسمان و فەخری کەریم چەند جارێک سەردانی سلێمانییان کرد و لەگەڵ مەکتەبی سیاسی و مام جەلال کۆبوونەوە. بارزانی دەڵێت: "لە کۆبوونەوەکاندا بۆیان دەرکەوت کە ناکۆکی و جیاوازییەکی قوڵ لە نێوان ژمارەیەک لە ئەندامانی مەکتەبی سیاسی لەگەڵ مام جەلال هەیە. تەنانەت ئەگەری هەیە هەڵوێستی ئەمدواییەیان دژی بابەتی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، تەنیا بە مەبەستی گوشارهێنان بۆ مام جەلال و ئازاردانی بێت."
 
دواجار لەسەر ئەو تێڕوانین و هەڵسوکەوتەیان، سەرۆک مەسعود بارزانی پەیامێک بۆ سەرکردایەتیی یەکێتی دەنێرێت و پێیان دەڵێت: "من نە داوای پۆستی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستانم کردووە و نە بڕیاری وەرگرتنی پۆستەکەم داوە، بەڵام ئەو بۆچوونانەتان دەبێتە هۆی پێداچوونەوەمان بە هەڵوێستە باش و ئیجابییەکانماندا... هەموو لایەنەکان داوایان کرد پۆستی سەرۆککۆماری عێراق وەربگرم، قبووڵم نەکرد، بەڵام ئەگەر پۆستی سەرۆکی هەرێمی کوردستان وەربگرم، سەرۆکێکی پرۆتۆکۆڵی نابم، بۆیە بڕیاری خۆتان بدەن و بە ئارەزووی خۆتان بکەن، بەڵام راشکاوانە هەڵوێستەکەتان دیاری بکەن و کۆتایی بەم یارییە بێ بایەخ و سووکە بێنن و کۆتاییش بە ئیبتیزاز (تەڵەکەبازی) بێنن."
 
دوای ئەو پەیامەی بارزانی بۆ سەرکردایەتیی یەکێتی، رۆژی 28ی ئایاری 2005 مام جەلال بە تەنیا سەردانی سەلاحەدینی کرد و لەسەر داوای خۆی، لەگەڵ بارزانی بە دوو قۆڵی کۆبوونەوە. 

 

 
سەرۆک مەسعود بارزانی دەڵێت، پوختەی قسەکانی مام جەلال ئەمانە بوون:
 
- هاتووم و ناگەڕێمەوە، تا بەڵێنی وەرگرتنی پۆستی سەرۆکی هەرێمی کوردستانم پێ نەدەیت.
- راشکاوانە باسی کێشە و ناکۆکییەکانی ناو یەکێتی کرد و گوتی ژمارەیەک لە ئەندامانی سەرکردایەتیی تووشی هیستریا بوون.
- پێمگوتوون هەرچی لە دەستتان هات دژی من و هێرۆخان و منداڵەکان و کەسوکارەکانم کردتان. هەرچی قسەی نەشیاوە کردووتانە، تەنانەت ئەوەی لە دەستتان هاتووە لە دژی ئیبراهیم ئەحمەد لە ناو گۆڕیشدا درێخیتان نەکرد. 
- بە ئەندامانی سەرکردایەتیم راگەیاند، ساڵی 1964 هەڵەیەکم کرد و دووبارەی ناکەمەوە، پێیانگوتم بۆیە پشتگریمان ناکەیت، چونکە مەلا مستەفا بە سکرتێری پارتیت هەڵدەبژێرێت.
- ئێستاش لەگەڵ هەموو بابەت و پرسەکاندا پشتگیریتان دەکەم و هاوڕام لەگەڵتان، جگە لە دژایەتیکردنی پارتی و تێکدانی نێوان من و مەسعود بارزانی.
- ئەوە وەهم و خەیاڵە کە دەڵێن پارتی، یەکێتی قووت دەدات، یان مەسعود بارزانی تۆڵەمان لێ دەکاتەوە. 
- ئێستاش ئیستیقالە و واز هێنانەکەم نووسیوە و دانەیەک لای کامەران قەرەداخی و دانەیەکیش لای کۆسرەت رەسووڵە، بەڵام تائێستا نیشانتان نەدراوە، وازهێنانەکەشـم دژی هەڵسوکەوتەکانتانە، بۆ ئەوەی پارتی وا هەست نەکات کە قۆڵم بڕیون.
- ئێوە داوا دەکەن ماوەی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان بۆ نۆ مانگ بێت، شەرمەزار دەبین، چونکە بارودۆخی کوردستان زۆر جیاوازە لە بەغدا. ئێوە نیگەرانن لە تۆڵەکردنەوە لەلایەن مەسعود بارزانییەوە، کەچی مەسعود بارزانی سزای پارتی نادات، چ جای بگاتە سزادانی یەکێتی.
 
- ئەندامانی سەرکردایەتیی یەکێتی پرسیاریان کرد چ گەرەنتییەک هەیە لە ماوەی چوار ساڵی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، مەسعود بارزانی نەبێتە دژی یەکێتی، منیش پێمگوتن من گەرەنتی دەکەم، من ئەخلاق و رەوشتیان دەناسم و دەزانم بێئەمەکی لەگەڵ کەسدا ناکەن.
 
- نەوشیروان مستەفا تووشی شکست بووە و هەوڵ دەدات بەناوی بەرگریی لە یەکێتی هەموو شت تێکبدات. نەوشیروان مستەفا دەنگۆی ئەوە بڵاودەکاتەوە، گوایە ژمارەیەکی زۆری جامانە سوورەکان دێنە ناو سلێمانی و داگیری دەکەن.
 
وەک بارزانی باسی دەکات هەر لەو دانیشتنە مام جەلال داوای لە بارزانی کردووە، سەرپەرشتی هەردوو ئیدارەکەی هەرێمی کوردستان بکات: "جگە لەوەی کوڕی مەلا مستەفای، گەورەی بارزانییەکانی و، سەلماندووشتە کە پیاوی رۆژی تەنگانەیت." هەروەها مام جەلال گوتوویەتی: "حەز دەکەم رێوشوێنی پێویست بگریتەبەر بۆ ئەوەی پێکەوە سەردانی مەزاری بارزانی نەمر و کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان بکەین و پێیان رابگەیێنین کە ماندوو بوون و قوربانیدانیان بە فیڕۆ نەڕۆیشت."
 
بارزانی لە وەڵامی تاڵەبانیدا گوتوویەتی: "پۆستی سەرۆکی هەرێمی کوردستان وەربگرم یان نا، پشتگیری و هاوکارییەکانم بۆ تۆ بەردەوام دەبێت و تەنانەت زیاتریش دەبێت. سەبارەت بە وەرگرتنی پۆستەکەش دواتر وەڵامتان دەدەمەوە."