سێیەکی گەنمی ئێران لە رۆژهەڵاتی کوردستان بەرهەم دەهێندرێت

18-08-2023
سینا سۆما
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی کشتوکاڵی ئێران، ئەمساڵ نزیکەی سێیەکی گەنمی ئەو وڵاتە لە پێنج پارێزگاکەی رۆژهەڵاتی کوردستان (سنە، کرماشان، ورمێ، لۆرستان و ئیلام) بەرهەم هاتووە. جێگری وەزیری کشتوکاڵی ئێرانیش دەڵێت، ئەمساڵ تائێستا نزیکەی 10 ملیۆن تۆن گەنم لە جووتیاران وەرگیراوە.
 
سەید سەعید راد، جێگری وەزیری کشتوکاڵی ئێران بە میدیای فەرمیی وڵاتەکەی رایگەیاند، تائێستا لە سەرانسەری ئێران نۆ ملیۆن و 666 هەزار تۆن گەنم بە نرخی حکومی لە جووتیاران وەرگیراوە و زۆرترین گەنمی وەرگیراو لە پێنج پارێزگای خوزستان، فارس، سنە، کرماشان و ورمێیە.
 
سەید سەعید راد گوتی، لە دەستپێکی دروێنەی ئەمساڵەوە تائێستا لە پارێزگای کرماشان 786 هەزار تۆن گەنم، لە پارێزگای سنە 987 هەزار تۆن، لە ورمێ 570 هەزار تۆن، لە لورستان 466 هەزار تۆن و لە ئیلامیش 385 هەزار تۆن گەنم لە جووتیاران وەرگیراوە.
 
بەگوتەی ئەو بەرپرسە، لە ئاستی ئێران، لە بەرهەمهێنانی گەنمدا پارێزگای خوزستان بە 1 ملیۆن و 720 هەزار تۆن بە پلەی یەکەم و پارێزگای فارس بە 1 ملیۆن تۆن بە پلەی دووەم دێت.
 
سەبارەت بە شایستە داراییەکانی جووتیارانیش، سەید سەعید راد، جێگری وەزیری کشتوکاڵی ئێران دەڵێت، تا ئێستا بایی 145 هەزار میلیار تمەن گەنم لە جووتیاران وەرگیراوە و لە 10 پارێزگا لە نێوان 70٪ تا 95٪ پارەکە و لە 7 پارێزگای دیکەش لە نێوان 50٪ تا 69٪ی پارەکە خەرجکراوە. جەختی لەوەش کردەوە کە پێدانی شایستە داراییەکانی جووتیاران لە لایەن حکومەتەوە بەردەوام دەبێت.
 
بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی کشتوکاڵی ئێران، کەمترین رێژەی بەرهەمهێنانی گەنم لە رۆژهەڵاتی کوردستان لە پارێزگای ئێلامە.
 
حیشمەتوڵلا زەرین چووب، جێگری بەرێوەبەری کشتوکاڵی ئێلام دەڵێت، ئەمساڵ 385 هەزار تۆن گەنم لەو پارێزگایە بەرهەم هاتووە و لەو رێژەیە 324 هەزار تۆن لە جووتیاران وەرگیراوە. ئاماژەی بەوەشکرد کە زیاترین رێژەی وەرگرتنی گەنم لە شاری دێلوران بە 173 هەزار تۆن و کەمترین رێژەش لە شاری ئیلام بووە، کە تەنیا 600 تۆن وەرگیراوە.
 
لەلایەکی دیکەوە، عەلیڕەزا مهاجر، جێگری وەزیری کشتوکاڵی ئێران بۆ کاروباری کشتوکاڵ ئەمڕۆ رایگەیاند، پێویستی وڵاتەکەی بە گەنم نزیکەی 11.5 ملیۆن تۆنە و ئەمساڵ 10 ملیۆن تۆن لە ناوخۆی وڵاتەوە بەرهەم هاتووە.
 
هەروها گوتی، بۆ ئەمساڵ وڵاتەکەی تەنیا پێویستی بە 1.5 تاوەکو 2 ملیۆن تۆن گەنم دەبێت.
 
ئاماژەشی بە ئامارەکانی دوو ساڵی رابردوو کرد و رایگەیاند، لە ساڵی رابردوودا بەرهەمی گەنم لە ئێران 7 ملیۆن و 500 هەزار تۆن و دوو ساڵ لەمەوبەر 4 ملیۆن 500 هەزار تۆن بووە، بەمەش بەراورد بە پار 41٪ و بەراورد بە پێراریش 114٪ زیادی کردووە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە