رووداو دیجیتاڵ
شەشەمین سیمپۆزیۆمی پەیپەرە نایابەکان لە سلێمانی بەڕێوەچوو کە تێیدا 20 هەزار توێژینەوەی زانستی لەسەر ئاستی عێراق هەڵسەنگاندنیان بۆ کرا، توێژینەوەکان لە ساڵی 2022دا کرابوون و دەرکەوت 5٪یان ساختەبوون.
لەو سیمپۆزیۆمەدا 10 باشترین توێژینەوە هەڵبژێردران و خەڵاتکران،
د. رەوەند موشیر حەوێزی، خاوەنی پلەی دووەم بۆ باشترین توێژینەوە بە رووداوی راگەیاند، "دادپەروەری لە هەڵبژاردنی توێژینەوەکاندا هەبوو. توێژینەوە ساختەکانیش کاریگەری لەسەر توێژەران ناکەن، تەنیا بۆ ناوخۆ رەنگە پلەی خۆی بەرزبکاتەوە، بەڵام لە ئاستی نێودەوڵەتی هیچ بەهایەکی نییە."
رێکخراوی کەیساین کە شەش ساڵە هەڵسەنگاندن بۆ توێژینەوەکان دەکات، بۆی دەرکەوتووە لە ساڵی 2017ـەوە تاوەکو ساڵی 2022، رێژەی ساختەکردن لە 33٪ کەمبووەتەوە بۆ 5٪.
د. فەهمی حوسێن، سەرۆکی رێکخراوی کەیساین بۆ توێژینەوەی زانستی قسەی بۆ رووداو کرد، گوتی، "گۆڤارە ساختەکانمان دیاریکردوون، بۆیە هەر توێژینەوەیەک لەو گۆڤارە بڵاوبکرێتەوە دەزانین ساختەیە و ئەگەر گەڕانێک بۆ ناوی توێژینەوەکە بکەیت بۆت دەردەکەوێت ساختەیە، گۆڤارە راستەکانیش ئەستەمە توێژینەوەی ساختە بڵاوبکەنەوە، چونکە تیمی تایبەت و فلتەری بەهێزیان هەیە."
ساڵ لە دوای ساڵ ساختەکردنی توێژینەوە کەمتر دەبێتەوە و رێگەکانی ناسینەوەیان زیاتر دەبێت.
د. هەڵگورد سەرهەنگ، یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆی کۆیە بۆ کاروباری زانستی ئاماژە بەوە دەکات، ئێستا خەڵک شارەزابووە کە کام توێژینەوەیە ساختەیە بۆیە بەئاسانی دەناسرێنەوە و بەهایان نییە.
د. یۆهان عوسمان حەمە، بەرپرسی راگەیاندنی زانکۆی سلێمانیش دەڵێت، "لە زانکۆی سلێمانی شەش گۆڤاری زانستیمان هەن کە زۆر زەحمەتە توێژینەوەی ساختەی پێدا تێپەڕببێت."
یەکێک لە ئامانجەکانی رێکخستنی ئەو بۆنە زانستییە کەمکردنەوەی توێژینەوەی ساختە و هاندانە بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی توێژینەوەکان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ