لە ئاگرەکەی روست 20 دۆنم دارستان و باخ و رەزی هاونیشتمانییان سووتان

18-08-2023
ئەندام جەبار
ئاگرەکەی روست
ئاگرەکەی روست
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

گڕی ئاگرێکە لە پوش و پاوان بەربووە و نزیکبووەتەوە لە ئاوەدانی، شوێنەکە گوندی روستە لە سنووری شارۆچکەی سمێلان و تەنراوە بە دووکەڵی ئەو ئاگرەی دوو کاژێر و نیو بەردەوام بوو. 
 
باخ و دارستانی زۆر سووتان، ئاگر نزیک بوو لەوەی بگاتە نێو ماڵەکان. جەبار روستایی، دانیشتووی گوندەکەیە و دەڵێت، باخچەکان سووتاون. بە گشتیش دارگوێز، هەنجیر و هەنار سووتاون. ئاگرەکە زۆر گەورە بوو، هەتا نزیک بووەوە لە گوندەکە و کێشەیش ئەوەبوو کە ئاگرکوێژێنەوە نەدەگەیشتە خوارەوە. 
 
شوێنی دروستبوونی ئاگرەکە نێو دارستان و پوش و پاوانی خوارووی گوندەکە بوو. محەممەد هاونیشتمانییەکی دیکەیە و دەڵێت، شوێنەکە ئاوی لێ نییە، هەموویشی پووش و پەڵاشە، جگە لەوەش بایەکی بەهێزی هەبوو و زیاتر تەشەنەی بە ئاگرەکە دەکرد. "ئێمە تەنیا توانیمان خۆمان رزگار بکەین."
 
نەبوونی رێگەی گەیشتن بە نزیکی ئاگرەکە گرفتی بەردەم تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە بوو، زیانەکانی ئاگرەکە سووتانی نزیکەی 20 دۆنم پوش و پاوان و باخچە و داری هاونیشتمانییان بوو. 
 
کامەران حوسێن، بەرپرسی بەشی کشتوکاڵی سمێلان بە رووداوی گوت، زیاتر لە 20 دۆنم زەوی و داری سرووشتی و داری بە بەر سووتاون، "خۆم زەرەرمەندی یەکەمی ئەو ئاگرەم، وەکو بەشی کشتوکاڵی سمێلان خەمڵاندن بۆ زیانەکان دەکەین تاوەکو قەرەبووی زیانلێکەوتووان بکرێتەوە."
 
بە گوێرەی ئاماری بەرگریی شارستانیی سۆران، لە ماوەی هەشت مانگی رابردوودا لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران 501 رووداوی ئاگرکەوتنەوەی جۆراوجۆر روویانداوە و زۆرترین رووداویش سووتانی دارستان و پوش و پاوان بوون.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە