رووداو دیجیتاڵ
لە کوێستانەکانی بناری چیای هەڵگورد دەیان کەس هەنگ بەخێودەکەن. هەموو ساڵێک لەوێ هەنگەکان بەرهەمی باشیان هەبووە، بەڵام ئەم ساڵ بە دڵی هەنگەوانان نییە.
جەبار نەبی، هەنگەوانێکی سنووری باڵەکایەتییە، بە هەردوو شێوازی خەڵێف و سندووق هەنگ بەخێودەکات و دەڵێت، "300 مێشم هەیە، رەنگە 200 کیلۆ هەنگوینم هەبێت ئەم ساڵ، ئەگەر مێشەکانم هەنگوینیان کردبا، دەبووایە نزیکەی یەک تۆن هەنگوینم هەبووایە، پێنج ساڵ دەبێت نەمبینیوە مێش بەو جۆرە خراپ بێت لە بەرهەم، لە کوێستان و لە گەرمێن مێش بەرهەمی نییە ئەم ساڵ."
لە کوێستانەکان لە سەرەتای مانگی هەشت دەست بە بڕینەوەی هەنگ و کۆکردنەوەی بەرهەمی هەنگوین دەکرێت. کەمیی هەنگوین ئەم ساڵ پرۆسەکەی دواخستووە. زۆریی شڵخە بە یەکێک لە هۆکارەکانی کەمبوونی بەرهەمی هەنگوین دادەنرێت لە ئەم ساڵدا.
عارف شێروانی، سەرۆکی تۆڕی هەنگەوانانی کوردستان دەڵێت، "ئەم ساڵ بەرهەم کەمی کردووە، لە نیوەش کەمتری کردووە. داتایەکی سەرەتاییمان وەرگرتووە، لە پارێزگای دهۆک و سلێمانی بەرهەمی هەنگوین 50٪ کەمی کردووە، دوای مانگی پێنج و شەش چەند بارانێک باری کە ئەوەش بووە هۆکاری ئەوەی مێش پاشەکشە بکات، لەهەمان کاتدا کاریگەریی کەمکردنی بەرهەم زیاتر دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی هەنگ پوورەی زیادی دا."
بەگوێرەی ئامارەکانی تۆڕی هەنگەوانانی کوردستان، لە ساڵی 2022دا 700 هەزار پوورە هەنگ هەبوون، بۆ ئەم ساڵ ژمارەکەی هەڵکشاوە بۆ نزیکەی دوو هێندە. لە ساڵی 2021دا و بۆیەکەم جار بەرهەمی هەنگوینی کوردستان لە بەرزترین ئاستدا گەیشتە 1000 تۆن و ساڵی 2022 دابەزی بۆ 800 تۆن، لە ئەم ساڵیشدا پیشبینی دەکرێت داببەزێت بۆ 350 تۆن هەنگوین.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ