لە شاری پاوە ژنێک بەهۆی لابردنی لەچکەکەی دەستگیر کرا

رووداو دیجیتاڵ 

تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان دەڵێت، لە شاری پاوەی سەر بە پارێزگای کرماشانی رۆژهەڵاتی کوردستان، ژنێکی کورد بەهۆی "لابردنی لەچک" و "گوتنەوەی دروشمی دژ بە حکومەت" لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیر کراوە.
 
بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان، ئافرەتەکە ناوی فرمێسک بابایییە و رۆژی پێنجشەممە، 17-8-2023 لە شەقامێکی نزیک باڵەخانەی قایمقامیەتی پاوە، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بە زەبری هێز دەستگیرکراوە و گواستراوەتەوە شوێنێکی نادیار.
 
لەسەر دەستگیرکردنی ئەو هاووڵاتییە، رێکخراوی هەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤیش رایگەیاندووە، "فرمێسک بابایی لە دژی بەرێوەچوونی مەراسیمێک بە بۆنەی سالیادی هێرشی هێزە چەکدارەکانی ئێران بۆ سەر شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە سەرەتای دامەزراندنی کۆماری ئیسلامییەوە نارەزایەتیی دەربڕیوە، لەبەر ئەوەش لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیر کراوە."
 
هەنگاو هەروەها دەڵێت: "ئیحسان عەزیمی، کارمەندی ئیتڵاعاتی سوپای وەحدەتی پاوە و هاوکات کارمەندی ئیدارەی پۆستی ئەم شارە، سەلام دشەیی، کارمەندی گومرکی پاوە لە دەستگیرکردن و لێدانی فرمێسک باباییدا بەشدار بوون."
 
ئەوە لە کاتێکدایە کە لە سێ رۆژی رابردوودا هەشت هاوڵاتیی کورد لە شارەکانی شنۆ و مهابادی سەر بە پارێزگای ورمێش دەستگیر کراون.