کەشناسیی ورمێ: ئەگەری روودانی لافاو هەیە و لە رووبارەکان دوور بکەونەوە


رووداو دیجیتاڵ 

کەشناسیی پارێزگای ورمێ لەبارەی روودانی لافاو لەو پارێزگایە هۆشداری دەدات و داوا لە هاونیشتمانییان دەکات، لە دەورووبەری رووبارەکان دوور بکەونەوە.
 
مێهدی سابیری، بەڕێوەبەری کەشناسیی پارێزگای ورمێ ئەمڕۆ هەینی رایگەیاند، بەپێی پێشبینی کەشناسی لە ئێوارەی ئەمڕۆوە شەپۆلێکی باران بارینی بەخوڕ لەگەڵ رەشەبا ئەو پارێزگایە و بە تایبەت ناوچەکانی باکووری پارێزگاکە دەگرێتەوە و تاوەکو یەکشەممە بەردەوام دەبێت.
 
بەڕێوەبەری کەشناسیی پارێزگای ورمێ دەڵێت، ئەگەری بەرزبوونەوەی ئاوی رووبارەکان و روودانی لافاو لە ئارادایە، بۆیە دۆخی زەردی هۆشدار راگەیێندراوە و داوا لە خەڵک دەکەن، سەردانی ناوچە کوێستانییەکان نەکەن و لە نزیک رووبار و ئەو شوێنانەی ئەگەری روودانی لافاویان هەیە، نەمێننەوە.
 
کەشناسی پارێزگای ورمێ هەروەها رایگەیاندووە، پلەی گەرما لەو پارێزگایە بەراورد بە رۆژانی پێشوو دابەزیوە و لە 24 کاژێری رابردوودا لەنێوان 18 بۆ 34 پلەی سیلیزیدا بووە.
 
کەشناسیی ئێران رایگەیاندووە، پێشبینی دەکرێت لە هەندێک ناوچەی پارێزگای سنەش ئەمڕۆ باران ببارێت.