کۆنسوڵی نوێی ئەمریکا لە هەولێر دەستبەکاردەبێت


رووداو دیجیتاڵ

ئێرڤن هیکس وەکو کۆنسوڵی نوێی ئەمریکا لە هەولێر دەستبەکاربوو، دوای ئەوەی رۆبەرت پاڵەدینۆ کۆتایی بە ئەرکەی لە هەرێمی کوردستان هێنا.
 
ئێرڤن هیکس پێشتر لە نووسینگەی کاروباری سیاسی و سەربازی لە ئۆفیسی ئاسایش دانوستاندنکاری سەرەکی بووە، هەروەها راوێژکاری سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا بووە بۆ هێزی ‌هاوبەشیی سەربازی لە ناوچەی قۆچی ئەفریقا کە بنکەکەی لە وڵاتی جیبوتیە.
 
وەکو کاری دیپلۆماسی، ئێرڤن هیکس پێشتر جێگری باڵیۆزی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بووە لە نوکاشۆت، پایتەختی مۆریتانیا و لە واشنتنیش لە نووسینگەی سیاسەتی بەڕێوەبردن کاریکردووە، هەروەها راوێژکاری باڵا بووە بۆ کاروباری رێکخستنەوەی هەیکەلی ئیداری و نوێکاری. 
 
کۆنسوڵی نوێی ئەمریکا ماستەری هەیە لە یاسا و دیپلۆماسی لە سکوڵی فلێچەر بۆ یاسا و دیپلۆماسی لە زانکۆی تەفتس و هەروەها ماستەری هەیە لە دیراساتی ئاسایشی نەتەوەیی لە کۆلێژی سەربازیی دەریایی لە نیوپۆڕت. 
 
ئێرڤن هیکس زمانی فەرەنسی بەباشی دەزانێت و زمانەکانی پۆرتوگالی، ئەڵمانی، عەرەبی، چینی و ئەمهاریکی خوێندووە.