ژنە بەندکراوێکی کورد لە زیندانی ورمێ هەوڵی خۆکوشتن دەدات

 
رووداو دیجیتاڵ

سوعدا خەدیرزادە، ژنە بەندکراوی سیاسیی کورد دوو رۆژ دوای بانگکرانی لەلایەن بەشی هەواڵگریی زیندانی ورمێوە، هەوڵیداوە کۆتایی بە ژیانی خۆی و منداڵە ساواکەی بهێنێت.
 
بەپێی راپۆرتی رێکخراوی هەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ، سوعدا خەدیرزادە، بەندکراوی سیاسیی کورد لە زیندانی ورمێ، بەیانیی ئەمڕۆ لە بەشی ژنان بە لەچکێک خۆی هەڵواسیوە، بەڵام ژنە بەندکراوەکانی دیکە زوو فریای کەوتوون و نەیانهێشتووە کۆتایی بە ژیانی خۆی بهێنێت؛ هەروەها حەبی بە منداڵەکەشی داوە کە تەمەنی تەنیا دوو مانگە.
 
بەپێی ئەو راپۆرتە، "تەندروستیی سوعدا خەدیرزادە و منداڵەکەی زۆر خراپ بووە و گوازراونەتەوە بەشی تەندروستیی زیندان، بەڵام هێشتا مەترسی لەسەر تەندروستییان ماوە."
 
بەگوێرەی زانیارییەکان، بەشی هەواڵگریی زیندان و بەرپرسانی وەزارەتی ئیتڵاعات رۆژی 16-08-2022 ئەو بەندکراوە سیاسییەیان بانگکردبوو، لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا کردبوو و هەڕەشیان لێکردبوو بۆئەوەی ئەو کەس یان کەسانەیان بۆ ئاشکرا بکات کە زانیارییەکانی بەشی ژنانی زیندان دەدەنە رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ.
 
سوعدا خەدیرزادە، تەمەن 32 ساڵ، خەڵکی پیرانشارە، رۆژی 14-10-2021 لە پیرانشار دەستبەسەر کرا و دواتر گوازرایەوە زیندانی ئیدارەی ئیتڵاعاتی ورمێ.
 
سوعدا 25 رۆژ لێکۆڵینەوەی لەگەڵدا کراوە و دواتر گوازراوەتەوە بەشی ژنانی زیندان، تاوەکو ئێستا حوکم نەدراوە، لە کاتی دەستگیرکردنیدا دووگیان بوو، رۆژی 20-06-2022 تەنیا چەند کاژێر پێش ئەوەی منداڵەکەی ببێت، گوازرایەوە نەخۆشخانە، دوای لەدایکبوونی منداڵەکەی گەڕێندرایەوە زیندان.