رووداو دیجیتاڵ
بڕیارە لە 14ـی ئەیلوول پرۆسەی خوێندن لە هەرێمی کوردستان دەستپێبکاتەوە، دەستپێکردنەوەی پرۆسەی خوێندن لەکاتێکدایە هێشتا کۆرۆنا مەترسییەکی رژدییە، حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاریداوە هەموو مامۆستاکان ڤاکسین وەربگرن، بەڵام هێشتا دیار نییە قوتابیانی ئامادەیی و زانکۆ ڤاکسیانیان پێدەدرێت یان نا.
لە بەرنامەی "گفتوگۆی رۆژانە"ی تۆڕی میدیایی رووداو کە رۆژان ئەبوبەکر پێشکێشی دەکات، لە بەرنامەی ئەمجارەدا، بە بەشداریی هەریەک لە محەممەد هادی دزەیی، شارەزای پەروەدەیی و ئارام رۆستەم، راوێژکاری وەزیری تەندروستی و سەرپەرشتیاری لیژنەی کڕینی ڤاکسین، پرسی رێکارەکانی کۆرۆنا و چۆنێتیی دەستپێکردنەوەی ئەمساڵی پرۆسەی خوێندن و ئامادەکارییەکان، پرسی دابینکردنی ڤاکسین بەسەر مامۆستایان تاوتوێکرا.
بە گوتەی محەممەد هادی دزەیی، شارەزای پەروەدەیی، دەستپێکردنەوەی پرۆسەی خوێندن لە 14ی ئەیلوول "کاتێکی گونجاوە، ئەگەر هاتوو، ئامادەکارییەکی باش بۆ دەستپێکردنەوەی پرۆسەی خوێندن کرابێت".
محەممەد هادی سەرەڕای دەستخۆشی بۆ هەردوو وەزارەتی پەروەردە و تەندروستی، رەخنەشی لە کارەکانی ئەو دوو وەزارەتە هەیە و لەبارەی کارە "هەڵانەی" لە رابردوو کردوویانە و دەڵێت: "دەبێت هەموو ئەگەرەکان لەبەرچاو بگیرێن و پلانێکی ساڵانە دابنرێت بۆ ئەو ئەگەرانەی دێنە پێشمان، نەک بە بڕیارێک دەرگای ناوەندەکانی خوێندن دابخرێت یانیش بڕیاری کردنەوەیان بدرێت، واتە ئەو هەڵانەی کە پێشتر کراون، نابێت دووبارەی بکەینەوە، وانەیەک لەو دوو ساڵە وەربگرین کە پێیدا تێپەڕبووین، چونکە زۆرشت کرا هەڵەی تێدا کرا، یان لە دەرکردنی بڕیار پەلە کراوە".
ئەو شارەزایەی بواری پەروەردە نموونە بە یەکێک لەو "هەڵانە" دەهێنێتەوە و دەڵێت: "لە مانگەکانی 11-12-1 دەرگای ناوەندەکانی خوێندن داخران، بە چوونەوەی قوتابی بۆ ماوەی 3 مانگ بۆ ماڵەوە تووشی داتەپینی کرد، لەکاتێکدا شوێنەکانی دیکە کراوەبوون، بۆیە دەپرسم ئایا ڤایرۆس تەنیا تووشی مامۆستایان و قوتابیان دەبێت؟".
راوێژکاری وەزیری تەندروستی و سەرپەرشتیاری لیژنەی کڕینی ڤاکسین، کە بەشداربوویێکی دیکەی بڕگەی "گفتوگۆی رۆژانە" بوو، لەسەر پرسی کردنەوەی دەرگەی ناوەندەکانی خوێندن گوتی: "کردنەوەی دەرگای قوتابخانەکان پێویستە، بەڵام دەبێت بە گرتنەبەری رێکارە تەندروستییەکان بێت باشتر لەو رێکارانەی پێشتر گیراونەتەبەر، چونکە ئەم جۆرە کۆرۆنا لەوانەی دیکە زیاتر بڵاودەبێتەوە".
بە گوتەی ئارام رۆستەم، ئەگەر مامۆستایان "هاوکارمان بن" لە بابەتی وەرگرتنی ڤاکسین تاوەکو وادەی کرانەوەی دەرگەی قوتابخانەکان هەموو مامۆستایان دەتوانن ڤاکسین وەربگرن و دەڵێت: "ئێمە بەرنامەیەکمان هەیە، بەڵام پێویستە مامۆستایان هاوکارمان بن، داوای جۆرێکی تایبەت لە ڤاکسین نەکەن، بەداخەوە زۆربەی خەڵکی کوردستان تێگەیشتنێکی هەڵەیان لەسەر جۆرەکانی ڤاکسین، کە زۆربەیان داوای جۆری فایزەر دەکەن، ئەم جۆرەیان هەڵگرتنەکەی زەحمەتە، بەڵام جۆرەکانی دیکە سینۆفارم و ئەسترازێنیکا دەتوانین لە رێگەی بەرنامەیەکەوە بە مۆبایل تیم رەوانەی قوتابخانەکان بکەین و مامۆستایان بکوتین".
سەرپەرشتیاری لیژنەی کڕینی ڤاکسین لە هەرێمی کوردستان، رایدەگەیێنێت "بڕیارە تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ بڕێکی زۆر لە ڤاکسین بگاتە هەرێمی کوردستان، کە زیاتر لە 4 ملیۆن ژەم ڤاکسینە، بەمەش دەتوانین 40٪ دانیشتوانی هەرێمی کوردستانی پێ بکوتین".
بە گوتەی ئارام رۆستەم، بەپێی ئەو داتایانەی لایانە "تاوەکو ئێستا زیاتر لە 500 هەزار ڤاکسینیان وەرگرتووە، 350 هەزاریان یەک ژەمیان وەرگرتووە، زیاتر لە 150 هەزار کەسیش هەردوو ژەمەکەیان وەرگرتووە، لە هەرسێ جۆرەکەی ڤاکسین (سینۆفارمی چینی، ئەسترازینکا ئۆکسفۆردی بەریتانی و فایزەری بایۆنتیکی ئەمریکی).
وەزارەتی پەروەردە بڕیاریداوە رۆژی 14-09-2021 ساڵی نوێی خوێندن لەهەرێمی کوردستان دەستپێبکاتەوە و بریکاری وەزیری پەروەردە دەڵێت، خوێندن بەئامادەبوونی تەواوی ناو پۆل دەبێت.
سەیوان عەلی، بریکاری وەزارەتی پەروەردە بە رووداوی راگەیاند: یەک ملیۆن و 700 هەزار قوتابی و 160 هەزار مامۆستای هەمیشەیی و گرێبەست دەوام دەکەن، ئەگەر بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا رێگر نەبێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ