عەلی باپیر: هیوادارم خەڵک پەلە نەکەن لە حوکمدان لەسەر تاڵیبان
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی کۆمەڵی دادگەری پەیامێکی لەبارەی دۆخی ئەفغانستان و کشانەوەی ئەمریکا لەو وڵاتە بڵاوکردەوە و دەڵێت، "بەڕەی خەڵک هەر دەبێ لەسەری هەڵسی"، هیواش دەخوازێت خەڵک پەلە نەکەن لە حوکمدان لەسەر بزووتنەوەی تاڵیبان.
عەلی باپیر، سەرۆکی کۆمەڵی دادگەری لەژێر ناونیشانی "كشانەوەی ئەمریکا و سەرکەوتنی تاڵیبان و سێ هیوا" بابەتێکی بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت "هیوادارم ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەرس و پەندێکی باش لەو هەڵەیەی وەربگرێت و، چیدی لە بیری داگیرکردنی وڵاتاندا نەبێت و، بە خۆڕایی ئەو هەموو مەسرەفە نەکات، چونکە (جۆ بایدن) لە شەوی: (16/17-8-2021)ز-دا گوتی: زیاتر لە دوو تریلیۆن (2000,000,000,000) دۆلارمان لە ماوەی ئەو بیست (20) ساڵەدا لە ئەفغانستاندا خەرج کردووە".
سەرۆکی کۆمەڵی دادگەری لە درێژەی نووسینەکەیدا نووسیویەتی "منیش دەڵێم: بەپێی قسەی هەردووك گۆڤاری: (FORBES) و (US NEWS) نیزیکەی 6500 کوژراوی ئەمریکایی و 1144 کوژراوی ناتۆ لەو ماوەیەدا بوون، چونکە (بەڕەی خەڵک هەر دەبێ لەسەری هەڵسی) و، مەرجیش نییە هەرچی ئەمریکا پێی باش بوو لە سیستەم و کولتوور و فەرهەنگ، خەڵکیش پێی باش بێت و، هەرگیزیش ناگونجێ بە زەبری هێز عەقڵ و دڵ و قەناعەتی خەڵک بگۆڕێ".
عەلی باپیر هیوای خواستووە "گڵۆڵەی ئەو زلهێزەی خۆی بە کوێخای دنیا دەزانێ، کەوتبێتە لێژیی و، جارێکی دیکە نەتوانێ ئەو جۆرە غەڵەتانە بکات، کە بە زیانی خەڵکی ئەمریکا و، خەڵکانی وڵاتانی داگیرکراویش تەواو دەبن".
لە بەشێکی دیکەی نووسینەکەدا ئاماژەی بەوە کردووە "هیوادارم بزووتنەوەی تاڵیبان دەرس و پەندیان لە هەڵە و کرچ و کاڵیی و بیرکورتی و دەمارگیرییەکانی رابردوویان وەرگرتبێ و، لەمەودوا بە عەقڵی کراوە و دڵی فراوان و رەوشتی جوان و تێگەیشتنی راست و قووڵ له شەریعەتی دادگەریی خواوە، مامەڵە لەگەڵ خەڵکی وڵاتەکەیاندا بە گشتی و، خەڵکی دنیاشدا بکەن و، وەکو رابردوو وێنەیەکی دزێوی سڵەمێنەرەوە لە حوکمڕانی پیشانی دنیا نەدەن و، باشتر سەرنجی رێباز و سیرەی پێغەمبەری خوا (محمد) "صلی الله علیه وسلم" بدەن، کە لە تێگەیاندن و پێگەیاندنی خەڵک و دابینکردنی پێداویستییەکانیانەوە، دەستی بە جێبەجێکردنی شەریعەت کرد، نەک لە سزادانیان و، لە قوللـەی قاف کێشانیان و سەغڵەتکردنیانەوە!"
سەرۆکی کۆمەڵی دادگەری داوا لە خەڵکیش دەکات کە پەلە نەکەن لە حوکمدان بەسەر تاڵیباندا و، "دەرفەتیان بدەن بزانن چی دەکەن و چۆن دەکەن؟ نەک بەهۆی رەفتار و هەڵوێستی رابردوویانەوە و بە شوێنەواری گەڕاوە (أثر رجعي) حوکم بەسەر ئێستا و داهاتووشیاندا بدەن!"
لەبارەی هەڵوێستی خەڵکی ئەفغانستان بەرامبەر تاڵیبان، عەلی باپیر دەنووسێت "مادام خەڵکی ئەفغانستان بە گشتی لەگەڵیاندا تەبایە و، تەنانەت هێزە چەکدارەکانی سەر بە حکومەتیش (کە ئەمریکا لەسەر حیسابی خەڵکی وڵاتەکە بیست (20) ساڵە بە زەبری پارەو چەک رایگرتوون)، بە جیددیی بەرهەڵستییان نەکردن و، بە شێنەیی خۆیان و چەک و تفاقیان بە دەستیانەوە دان، پێویستە هەموولایەک رێز لە ویست و بژاردەی ئەفغانییەکان بگرین و، تەنیا بە ربەی خۆمان نەپێوین و، پەندی: (کاسە لە چێشت گەرمتر)مان بەسەردا نەچەسپێ".
هەروەها دڵخۆشیی خۆیشی دەربڕیوە بەوەی تاڵیبان لێبووردنی گشتیی بۆ هەموو لایەک دەرکردووە و دەڵێت "وا هەست دەکرێت چاویان بە گەلێک شتدا گێڕابێتەوە و بەپێی: (هەر عەقڵە لە خەسارێک) رەفتار بکەن".