پۆلیسی سلێمانی: لە چەمچەماڵ گەنجێک كوژرا

رووداو - سلێمانی

گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی بە رووداوی راگەیاند، لە بەنزینخانەیەکی شارۆچکەی شۆڕشی سەر بە قەزای چەمچەماڵ گەنجێک كوژرا و تۆمەتبارەکەیش رایکردووە.

سەركەوت ئەحمەد، گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "گەنجەکە تەمەنی 18 ساڵ بووە، دوای ئەوەی ماتۆڕسكیلێك لە بەنزینخانەکە دەوەستێت بەبیانووی بەنزینتێكردن هێرشدەكاتە سەر گەنجێک بەناوی (زانا عوسمان كامیل) و بە گوللە دەیكوژێت".

زانا دانیشتووی شارۆچکەی شۆڕش بووە و هەوڵیداوە رابکات و گەیشتووەتە ئۆفیسی بەنزینخانەکە، بەڵام نەیتوانیوە رزگاری ببێت.

بەگوتەی پۆلیسی سلێمانی ''تۆمەتبارەکە هەموو ئەو پارانەی لەگەڵ خۆیدا بردووە كە لەگیرفانی گەنجەکەدا دابووە".

گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی گوتی "هێشتا تۆمەتبارەکە دەستگیرنەكراوە، بەڵام پۆلیسی چەمچەماڵ بەردەوامن لە گەڕان و پشكنین بەدوای تاوانبارەكەدا".