گۆڕان، یەکگرتوو، هاوپەیمانی و کۆمەڵ لە بەغدا دەبنە هاوپەیمان

رووداو - هەولێر

گۆڕان، یەکگرتوو، هاوپەیمانی و کۆمەڵ کە چوار لایەنی ناڕازین لە ئەنجامی هەڵبژاردن، بۆ چوونە بەغدا هاوپەیمانێتی پێکدەهێنن. 

بێستوون فایەق، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی گۆڕان بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند، بزووتنەوەی گۆڕان، یەکگرتووی ئیسلامی، کۆمەڵی ئیسلامی و هاوپەیمانی دیموکراسی و دادپەروەری "هاوپەیمانێتییەکی رانەگەیێندراویان هەیە. هەر چوار لایەن پڕۆژەمان بۆ چۆنێتی مامەڵەکردن لەگەڵ حکومەتی عێراقدا هەیە، بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێش سەردانی بەغدا دەکەین".

ئەو پەرلەمانتارەی گۆڕان رەتیکردەوە چوار لایەنەکە لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بچنە بەغدا. گوتیشی "دەکرێت لەدوای جەژن ئێمە پێش پارتی و یەکێتی، یان ئەوان لەدوای ئێمە سەردانی بەغدا بکەن".

سەبارەت بە هاوئاهەنگی لەنێوان ئەو چوار لایەنە بۆ کاتی بانگەشەی هەڵبژاردن یان پێکهێنانی هاوپەیمانی نێوانیان دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، بێستوون فایەق گوتی "ئەو چوار لایەنە لە هەموو شتێکدا هاوهەڵوێستین و بەیەکەوەین، ئێستا ئەوەی هەیە هاوپەیمانێتییە، بەڵام رانەگەیێندراوە".

 

داڕشتنەوە: حەکیم داود