میدیای جیهان چاوی له‌ رووداوه‌

18-08-2014
رووداو @Rudawkurdish
نیشانەکردن رووداو
A+ A-
رووداو - هەولێر

“جەنگی یەکەمی کەنداو، هەلێکی زێڕین بوو بۆ درەوشانەوەی کەناڵی CNN، جەنگی ئێستای عێراقیش بەهەمانشێوە بۆ رووداو.” ئەمە گوتەی دەنکن گڵستانی نێردراوی کەناڵی ئێن بی سی ئەمریکییە لە عێراق.

گڵستانی دەڵێ هەموو میدیا جیهانییەکان چاوەڕوانی رووداون بۆ دەستکەوتنی دوایین زانیاریی لەسەر بەرەکانی جەنگ لەدژی چەکدارانی داعش.



بە قسەی ئەو رۆژنامەنووسە دەردەکەوێت، کە جێگەی سەرسوڕمان نییە کە هاونیشتمانیان دەبینن کەناڵی CNNی ئەمریکی کە رووماڵی چەندین جەنگی کردووە ئێستا دەڵێ: ”رووداو گوتی فرۆکە ئەمریکییەکان  هێرشیان کردووەتە سەر بنکەکەنای داعش لە نزیک موسڵ”. پاش چەند کاژێرێک سکرتێری رۆژنامەوانیی پنتاگۆن دەڵێ:”بەڵێ فڕۆکەکانمان 14 هێرشیان کردووەتە سەر داعش لە نزیک بەنداوی موسڵ.”

تۆڕی میدیایی رووداو لەڕێگەی پەیامنێرەکانمان لە بەرەکانی جەنگ توانیمان رووماڵێکی پڕ زانیاریی بکەین، کە بووەتە سەرچاوە بۆ میدیا جیهانی و نێوخۆی و ئەو کەسانەی لە هەر شوێنێک چاوەڕێی هەواڵی جەنگن لە عێراق.

پەیامنێر و ڤیدیۆ و هەواڵەکانی رووداو لە گشت میدیا بەنێوبانگەکانی جیهان رۆژانە دەبیسترێت و دەبینرێ.




راپۆرتی پەیامنێرەکانمان بوونەتە بابەتی هەواڵ و تەنانەت راپرسی میدیاکانی جیهان.

کاتێک هاوکارمان هونەر ئەحمەد لەسەر پردێکی بۆمبڕێژکراو دەیەوێ قسە بکات لەگەڵ چەکدارانی داعش ، میدیا جیهانییەکان بە گرنگییەوە لێی دەڕوانن و رۆژنامەیەکی بەریتانی دەیکات بە راپرسی: "ئایا رۆژنامەنووسەکەی رووداو ئازایە یان بێمێشک؟".



رۆژنامەی واشنتن پۆستی ئەمریکی، رووداو وەک سەرچاوەیەکی گرنگ تەماشا دەکات و ڤیدیۆ و بابەتەکانمان بەکاردێنێ و لەسەر یەکێک لە ڤیدیۆکان دەنوسێ ”A brave Move’” واتە هەنگاوێکی ئازایانە.



یەکەمجار نییە کەناڵی CNN رووماڵی جەنگ دەکات و خاوەنی ئەزموونێکی گەورەیە و پەیوەندییەکی فراوانیشی هەیە. بەڵام ئەمجارە CNN چاوی لە رووداوە. پەیامنێری ئەو کەناڵە ئەمریکییە لە عێراقەوە پەیوەندی دەکات و باسی رەوشی جەنگ دەکات و دەڵێ "لە  دوایین زانیاریدا، رووداو دەڵێ فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا چەند بنکەیەکیان لە نزیک بەنداوی موسڵ بۆمبارانکردووە". میدیاکانی جیهان هەموو ئەم بابەتەیان وەرگرت. ئەوەی متمانەی رووداوی زیاتر کرد دوای چەند کاژێرێک گوتەبێژی پنتاگۆن بەفەرمی هەواڵەکەی پشتڕاستکردەوە و متمانەی رووداو لەنێو میدیای جیهانی زیاتر بەرجەستەبوو.



کەناڵی NBC ئەمجارە بەچڕی رووماڵی جەنگی عێراق دەکات. لە ماڵپەرەکەیان ڤیدیۆی پەیامنێرمان هێڤیدار ئەحمەد دانراوە، کە باسی تراژیدیای ئاوارەکان لە چیای شنگال دەکات و لەناو فڕۆکەوە وێنەکان دەگوازێتەوە. هەروەها ئەم کەناڵە ئەمریکیە لە زۆر شوێن رووداو وەک سەرچاوە وەردەگرێ و ڤیدیۆی گفتوگۆکەی پەیامنێری رووداو لەگەڵ چەکدارانی داعش بڵاودەکاتەوە.



میدیاکانی بەریتانیاش بەهەمان شێوە رووداو وەک سەرچاوەیەکی سەرەکی بەکاردێنن. کەناڵی BBC کە بەناوبانگە بەوەی هەواڵی بەپەلە دانانێ تا زۆر دڵنیا نەبێ، بەڵام رووداو وەک سەرچاوەی هەواڵە بەپەلەکانی وەردەگرێ. رۆژنامەکانی تەلەگراف و گاردیان و میرۆر بەهەمان شێوە. رۆژنامەی میرۆر ڤیدۆکەی هونەر ئەحمەدی داناوە و راپرسی بۆ کردووە کە ئایا ئەو پەیامنێرەی رووداو ئازایە یان بێ مێشک؟.

رۆژنامە عەرەبی و ئەورووپی و تورکییەکانیش رۆژانە سوود لە رووداو وەردەگرن. هەروەها ئاژانسە جیهانییەکانی وەک رۆیتەرز وێنەکانی رووداو دەکڕن و هەندێکجار بەکاریدەهێنن. بۆیە رووداو یەکەمی بێ رکابەرە و شانبەشانی میدیا جیهانییەکان دەڕوات. 


هەندێک جاریش میدیا جیهانییەکان سودیان لە شرۆڤە و بابەتەکانی رووداو بینیووە. رۆژنامەی لۆس ئەنجلس تایمزی ئەمریکی لە راپۆرتێكیدا باس لە وتارێکی ئاکۆ محەممەد بەڕێوبەری گشتی رووداو دەکات لەبارەی ئۆباما و بڕیاری هاوکاری سەربازی بۆ کوردستان کە لە پۆرتاڵی رووداو بلاویکردبوویەوە.




هەواڵی هێرشی فڕۆکە ئەمریکییەکان لە مەخموور و بەنداوی موسڵ، گواستنەوەی ئازاری ئاوارەکانی چیای شنگال و بەرەکانی جەنگ لە جەلەولا و مەخموور ، بۆ یەکەم جار لە رووداو بڵاوبووەوە و میدیای نێوخۆ و جیهانیش بەدوایدا هاتن.


راپرسی رۆژنامه‌یه‌كی به‌ریتانی له‌سه‌ر هونه‌ر ئه‌حمه‌د په‌یامنێری رووداو







بۆ بینینی زانیاریه‌كانی رووداو كلیك بكه‌ له‌سه‌ر لۆگۆی كه‌ناڵه‌كان







کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە