باتمان.. 2 كەس كوژران و 20 ی دیكەش برینداربوون

رووداو – باتمان

ئەمڕۆ یەكشەممە 18-8-2013، لە شاری باتمانی باكووری كوردستان خانەوادەیەك بەهۆی كێشەی چەند پارچە زەوییەك بووە شەڕیان.

خانەوادەی دوندەم لەناو خۆیان بەهۆی ناكۆكی لەسەر زەوییەكانی گوندی كوڕكێ كە تەنیا 3 كم لە باكووری باتمان دوورە، بووە شەڕیان و لە ئەنجامدا 2 كەس كوژران و زیاتر لە 20 كەسیش برینداربوون.

رۆژنامەنووس عاریف ئاسڵان، لە باتمان ئەو زانیارییانەی بۆ (رووداو) پشتڕاستكردەوە و گوتی:" ماوەیەكی درێژە خانەوادەی دوندەم بەهۆی چەند پارچە زەویەكی بەرئاو لە گوندی كۆڕكێ ناكۆكیان هەیە. ئەمڕۆش ئەو ناكۆكییە شەڕی لێكەوتۆتەوە،لەشەڕەكەدا 2 كەس كوژران و 20 برینداریش هەیە كە برینی هەندێكیان سەختە".