رووداو دیجیتاڵ
لەسەر رێگەی سەرەکیی دیلۆکی باکووری کوردستان و ئادانا رووداوێکی هاتووچۆ لەنێوان 7 بارهەڵگر روویدا. کەسێک گیانی لەدەستدا و کەسێکی دیکەش بریندار بوو.
رووداوەکە ئێوارەی رۆژی 17ـی تەممووزی 2024 لەسەر رێگەی سەرەکیی نێوان پارێزگای دیلۆک-ی باکووری کوردستان و ئادانا-ی تورکیا لە نزیک شارۆچکەی نورداغ روویدا.
بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی هاتووچۆی دیلۆک رایگەیاند، رووداوەکە لە ئەنجامی تیژڕۆیی شوفێری یەکێک لە بارهەڵگرەکان روویدا کە بەهۆیەوە لە کۆنترۆڵ دەرچوو و لە نشێوییەکدا خۆی بە چوار بارهەڵگر و ئەوانی دیکەش خۆیان بە سێ بارهەڵگری دیکە کێشا.
شوفێری یەکێک لە بارهەڵگرەکان لە رووداوەکەدا گیانی لەدەستدا و سەرنشینێکی هەمان بارهەڵگریش بە سەختی برینداربوو.
بەهۆی رووداوەکە، نزیکەی دوو کاژێر، رێگە سەرەکییەکە داخرا و قەرەباڵخییەکی زۆر دروستبوو.
بە گوێرەی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هاتووچۆی تورکیا، ساڵی 2023 لە سەرتاسەری تورکیا و باکووری کوردستاندا 555 هەزار و 668 رووداوی هاتووچۆ روویداوە؛ بەهۆیانەوە دوو هەزار و 984 کەس گیانیان لەدەستدا و 354 هەزار و 323 کەس بریندار بوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ