رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسیی تورکیا پێشبینی دەکات، شەپۆلێکی بارانبارین 8 پارێزگای باکووری کوردستان بگرێتەوە و دەڵێت: "دوو رۆژ بەردەوام دەبێت".
لە راگەیێندراوێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسیی تورکیا پێشبینییەکانی بۆ کەشوهەوای رۆژی پێنجشەممە، 18ـی تەممووزی 2024 بڵاوکردەوە و دەڵێت، لە 18 پارێزگای تورکیا و باکووری کوردستان باران دەبارێت.
8 لەو پارێزگایانە دەکەونە باکووری کوردستان کە بریتین لە دێرسم، ئاگری، ئیدر، قەرس، ئەردەخان، ئەرزینگان، ئەرزەڕۆم و مەرەش.
بەڕێوەبەرایەتییەکە باس لەوە دەکات، لەو 8 پارێزگایەی باکووری کوردستان پلەی گەرما لەنێوان 33-38 پلەدا دەبێت ئاماژە بەوەش دەکات، بارانبارینەکە کاریگەرییەکی ئەوتۆی لەسەر دابەزینی پلەی گەرما نابێت.
پلەی گەرما لە بەشێکی دیکەی پارێزگاکانی دیکەی باکووری کوردستان بەراورد بە هەفتەی رابردوو بەرزترە و لەنێوان 38-42 پلەدا دەبێت.
بە گوێرەی پێشبینییەکانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسیی تورکیا، بارانبارینەکە لە ئەمڕۆوە دەستیپێدەکات و تاوەکو 20ـی تەممووز بەردەوام دەبێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ