بەڕێوەبەری پڕۆژەی 100 مەتریی سلێمانی: ساڵی داهاتوو دەکرێتەوە

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
سۆران حوسێن
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

بەڕێوەبەری پڕۆژەی شەقامی 100 مەتریی سلێمانی دەڵێت، کێشەکانی بەردەمیان چارەسەرکراون و کارکردنیان لە پڕۆژەکەدا خێرا کردووە.
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 18-07-2024، ئەبوبەکر تەیب، بەڕێوەبەری پڕۆژەی شەقامی 100 مەتریی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "زیاتر لە 60%ـی کارەکانی شەقامەکە تەواو کراون و کارکردنیش تێیدا خێرا بووە."
 
شەقامی 100 مەتریی سلێمانی کە بە "ئۆتۆبانی بابان"یش ناسراوە یەکێکە لە پڕۆژە ستراتیژییەکان. ئەبوبەکر تەیب دەڵێت: "لە قۆناخەکانی کۆتایی پڕۆژەکەداین، بەتایبەتی لە بڕگەکانی رێگەوباندا. بۆ شەقامەکە سەرەتا چینێک بەردی شکاو دادەنێین و دواتر دوو چین قیرتاو دەکەین، ئێستا گەیشتووین بە قیرتاو."
 
بەڕێوەبەری پڕۆژەی 100 مەتری سلێمانی ئاماژەی بە یەکتربڕەکانی شەقامەکە کرد و گوتی، جگە لە یەکتربڕی ژمارە 11 کە دەکەوێتە تاسڵوجەوە و دیزاینی نوێی بۆ کراوە، یەکتربڕەکانی دیکە گەیشتوون بەوەی بنمیچی بگیرێت و دواتر کارەکانی تەواو بکرێت.
 
دوای کۆبوونەوەیەکی سەرۆکی شارەوانیی سلێمانی لەگەڵ کۆمپانیای قەیوان کە جێبەجێکاری پڕۆژەکەن، کارەکان "خێرا کراون و بەرەپێشەوە دەچن."
 
لەبارەی کاتی تەواوبوونی ئۆتۆبانی بابان لە سلێمانی، بەڕێوەبەری پڕۆژەکە گوتی، "ساڵی داهاتوو پڕۆژەکە دەخرێتە خزمەتی خەڵکەوە، ئەگەر هەموویشی تەواو نەبێت، بەشێکی زۆری دەکرێتەوە."
 
ئەبوبەکر تەیب گوتیشی، ئاستەنگییەکانی بەردەم کارکردنی شەقامەکە چارەسەرکراون، بۆیە کارکردن تێیدا خێرا بووە و شارەوانیی سلێمانیش نایەوێت چیدی پڕۆژەکە دوابکەوێت و دەیانەوێت لە زووترین کاتدا بە تەواوی بکرێتەوە.
 
ئۆتۆبانی بابان لە 11-7-2020 بەردی بناخەی دانرا، بە ‌چە‌ند قۆناخێك جێبە‌جێ دە‌كرێت، گوژمەی پڕۆژەکە 400 ملیار دینارە و بڕیار بوو لە ‌ماوە‌ی 1100 رۆژ واتە تاوەکو 30-8-2023 تەواو بکرێت.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە