رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەڵێت، رێککەوتنی پارتی دیموکراتی کوردستان و بەرەی تورکمانی لە کەرکووک قبووڵ ناکەن و رێککەوتنەکە بە "هەڕاجکردنی کەرکووک" ناو دەبات.
دوای ئەوەی ئەرشەد ساڵحی، سەرۆکی فراکسیۆنی بەرەی تورکمانی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ ئاشکرای کرد کە بەرەکەیان لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان رێککەوتوون و ئێستا خاوەنی چوار کورسی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووکن و چاوەڕوانی لایەنە عەرەبییەکان دەکەن بۆ پێکهێنانی حکومەتی خۆجێی لەو پارێزگایە، گوتەبێژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە هەمان بەرنامە (رووداوی ئەمڕۆ) گوتی: ئەو رێککەوتنە سەرناگرێت.
سەعدی ئەحمەد پیرە گوتیشی: رێککەوتنی پارتی و بەرەی تورکمانی بۆ ئەوەی ساڵێک پارێزگاری کەرکووک لای کورد بێت و ساڵێک بۆ تورکمان و ساڵێک بۆ عەرەب پچڕ پچڕکردنی کەرکووکە.
"رێککەوتنی پارتی لەگەڵ بەرەی تورکمانی هەڕاجکردنی کەرکووکە کە خۆیان پێی دەڵێن دڵی کوردستان"، گوتەبێژی یەکێتی وای گوت.
گوتیشی: یەکێتی بە دەنگی خەڵکی کەرکووک زۆرینەی کورسییەکانی بەدەستهێناوە و پارتی و بەرەی تورکمانی ناتوانن پەراوێزی بخەن و لە ماف و بەرکەوتەی خۆی خۆشنابێت.
"ئەرشەد ساڵحی بە هەڵەدا چووە و ئەو کارە بەوان ناکرێت" ئەمەش بەشێکی دیکە بوو لە گوزارشتی سەعدی ئەحمەد پیرە بۆ رێککەوتنی پارتی دیموکراتی کوردستان و بەرەی تورکمانی لەبارەی پێکهێنانی حکومەتی خۆجێی کەرکووک و یەکلاییکردنەوەی پۆستی پارێزگار.
کاردانەوەی گوتەبێژی یەکێتی لەبارەی رێککەوتنی پارتی و بەرەی تورکمانی لە کەرکووک دوای ئەوە هات ئەرشەد ساڵحی، نوێنەری تورکمان لە پەرلەمانی عێراق و یەکێک لە سیاسەتڤانانی دیاری تورکمان لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ گوتی: ئێمە و پارتی چوار کورسیمان هەیە، لێرەوە رایدەگەیێنم، من ئەرشەد ساڵحی، سەرۆکی فراکسیۆنی تورکمانی و بە نوێنەرایەتی بەڕێز حەسەن تۆران، سەرۆکی بەرەی تورکمانی، هەر چوارمان هەڵوێستمان یەکە.
هەر لە رووداوی ئەمڕۆ ساڵحی باسی لە نێوەڕۆکی رێککەوتنەکەیان کرد و گوتی: رێککەوتنەکەمان روونە، هەڵوێستی بەرەی تورکمانی و پارتی روونە، رێککەوتووین لەسەر ئاڵوگۆڕی پۆستەکان بە سێکوچکەیی، بە شێوەیەک پۆستەکە بۆ ساڵی یەکەم بۆ کورد بێت و بۆ ساڵی دووەم بۆ تورکمان بێت و ساڵی کۆتاییش بۆ برایانی عەرەب بێت.
"حکومەتی عێراق لاوازە"
لە بەشێکی دیکەی گوتەکانی لە رووداوی ئەمڕۆ، سەعدی ئەحمەد پیرە، گوتەبێژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان باسی لە دۆخی هەرێمی کوردستان بەتایبەت لە ناوچە سنوورییەکان و هێرشەکانی تورکیا کرد و گوتی: بەرگری لە هەرێمی کوردستان دەسەڵاتی رەهای حکومەتی عێراقە و پێویستە حکومەتی عێراق رێگە نەدات سەروەریی هەرێمی کوردستان وەکو بەشێک لە سەروەریی عێراق پێشێل بکرێت.
گوتیشی: حکومەتی عێراق لاوازە لە پاراستنی سەروەریی خاکەکەی دەنا نابێت رێگە بدات تورکیا و هیچ وڵاتێکی دیکە هێرشی بکەنەسەر.
"پێویستە سەرکردایەتیی پارتی و یەکێتی هەوڵی کوژاندنەوەی ئاگری شەڕی تورکیا و پەکەکە بدەن"، پیرە وای گوت.
گوتیشی: شەڕ هیچکات بژاردەیەکی باش نییە و مەترسی ئەم شەڕە لەسەر قەوارەی هەرێمی کوردستان مەترسییەکی زۆر گەورەیە.
بە گوتەی گوتەبێژەکەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆنی تورکیا لەنێو خاکی وڵاتەکەی خۆیدان نەک لەنێو هەرێمی کوردستان و دەڵێت: ئۆپۆزیسیۆنی تورکیا لەنێو خاکی خۆیدایە نەک لە سلێمانی و دهۆک و بەهانەی تورکیا بۆ راوەدوونانی ئۆپۆزیسیۆن لە خاکی هەرێمی کوردستان بەهانەیەکی دروست نییە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ