ژنێکی کورد لە زنجیرە درامایەک مرۆڤایەتی لە هەڕەشەی بوونەوەری ئاسمانی رزگار دەکات

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
لە زنجیرە درامایەکی بڵاوکراوەی تۆڕی نێتفلیکسدا، ئەکتەرێکی ئەمریکی رۆڵی ژنە کوردێکی شەڕڤان بەناوی (لەیلا ئاریچ) دەبینێت، بۆ رزگارکردنی مرۆڤایەتی لە هەڕەشەی بوونەوەری ئاسمانی.
 
زنجیرە دراماکە ناوی سێ کێشەی جەستە (3 Body Problem)یە و لە جۆری زانستی خەیاڵییە، لە 21-03-2024 وەرزێکی هەشت ئەڵقەیی لە نێتفلیکس بڵاوکردووەتەوە. بڕیارە زنجیرەکە دوو وەرزی دیکە بەرهەم بهێنێت.
 
زنجیرە درامای سێ کێشەی جەستە باس لە هەڕەشەیەکی دەرەوەی زەوی دەکات کە زاناکان دەکوژێت و مەترسی دروستدەکات، بۆیە لە ئەڵقەی کۆتایی، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان سێ کەس هەڵدەبژێرێت و ئەرکی رووبەڕووبوونەوەی ئەو هەڕەشەیەیان پێ دەسپێرێت. 
 
کەسی یەکەم، پرۆفیسۆرێکی بواری مێژووی جەنگ و سوپای چینییە. لەکاتی خوێندنەوەی ناوی کەسی دووەم دەڵێت: "خاتوو ئاریچ لە جەنگی دژی داعش لە رەققە ناوبانگی دەرکردووە و ئەزموونێکی زۆری لە بردنەوەی جەنگی نا هاوسەنگدا هەیە"، کەسی سێیەمیش زانایەکی فیزیایی ئەمریکییە.
 
ئەوەی رۆڵی لەیلا ئاریچ دەبینێت ناوی (سالەم حەدید)ـە کە بە رەچەڵەک خەڵکی سووریایە و لە ئەمریکا گەورە بووە. 
 
لە کاتی خوێندنەوەی ناوی لەیلا ئاریچ لە زنجیرەکە، لە نێو بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکانەوە لەیلا بە جلی شەڕڤانەوە دەردەکەوێت.
 
لە دیمەنێکی دیکەدا ئەکتەرێک لەیلا بە "پاڵەوانی جەنگ" ناودەبات و دەڵێت: "ئەو پاڵەوانێکی جەنگە، ئەو کوردە".
 
چیرۆکی زنجیرە دراماکە لە رۆمانێکی چینییەوە بە هەمان ناوەوە وەرگیراوە. نووسەری رۆمانەکە ناوی (لیو سیشین)ـە و لە ساڵی 2008 رۆمانەکەی بڵاوکردووەتەوە. لە چیرۆکی نێو رۆمانەکەدا لە بری لەیلا ئاریچ، رۆڵی کەسێکی ڤەنزوێلی دەبینرێت.
 
زنجیرەکە لەلایەن دەیڤید بێنیۆف و سی بی وێیس کاری بەرهەمهێنانی بۆ کراوە کە پێشتر کاریان لەسەر زنجیرەی بەنێوبانگی ئینگلیزی (یاریی تەختە پاشاییەکان) کردووە.
 
لە تۆڕی IMDb زنجیرەکە هەڵسەنگاندنی 7.5 لەسەر 10ـی هێناوە و یەکێکە لە پڕ بینەرترینی جیهان. 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە