رووداو دیجیتاڵ
ئەرشەد ساڵحی، نوێنەری تورکمان لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت: پارتی دیموکراتی کوردستان و بەرەی تورکمانی لە کەرکووک رێککەوتوون و ئێستا چاوەڕوانی یەکلابوونەوەی لایەنە عەرەبییەکان دەکەن بۆ پێکهێنانی ئیدارەی کەرکووک.
ئەرشەد ساڵحی، نوێنەری تورکمان لە پەرلەمانی عێراق و یەکێک لە سیاسەتڤانانی دیاری تورکمان لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ گوتی: ئێمە و پارتی چوار کورسیمان هەیە، لێرەوە رایدەگەیێنم، من ئەرشەد ساڵحی، سەرۆکی فراکسیۆنی تورکمانی و بە نوێنەرایەتی بەڕێز حەسەن تۆران، سەرۆکی بەرەی تورکمانی، هەر چوارمان یەک هەڵوێستمان یەکە.
گوتیشی: هەڵوێستی یەکخراوی عەرەبمان دەوێت، با برایانی عەرەب ئەم قسە وەکو هەڵوێستی فەرمی ئێمە دایبنێن.
لەبارەی وردەکاریی رێککەوتنەکەشیان بەتایبەت بۆ پێکهێنانی حکومەتی خۆجێیی کەرکووک، ساڵحی گوتی: رێککەوتنەکەمان روونە، هەڵوێستی بەرەی تورکمانی و پارتی روونە، رێککەوتووین لەسەر ئاڵوگۆڕی پۆستەکان بە سێکوچکەیی، بە شێوەیەک پۆستەکە بۆ ساڵی یەکەم بۆ کورد بێت و بۆ ساڵی دووەم بۆ تورکمان بێت و ساڵی کۆتاییش بۆ برایانی عەرەب بێت.
دەقی گوتەکانی ئەرشەد ساڵحی لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ
رووداو: لەم یەک دوو رۆژەدا نووسراوێکمان بینی کە لەلایەن ئەنجوومەنی دەوڵەتەوە دەرچووە لەبارەی بەردەوامی بەڕێز راکان جبووری پارێزگاری کەرکووک بە وەکالەت لە پۆستەکەی، سەرەڕای ئەوەی کە سوێندنی یاسایی خواردووە وەکو ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگا، ئایە ئەم نووسراوە راستە؟
ئەرشەد ساڵحی: تاوەکو ئێستا لە گۆڕەپانی کەرکووکدا لێڵی هەیە لەو گفتوگۆیانەی کە لەنێوان ئیدارەی پارێزگای کەرکووک و لایەنە سیاسییەکان و دەستەی هاوئاهەنگی پارێزگاکان و ئەنجوومەنی دەوڵەت و بەڕێز سەرۆکوەزیران، بەداخەوە ئەم لێڵییەوە لای هەمووانە و تێڕوانینێکی یەکخراو لەمبارەیەوە نییە، بەڵێ ئەو نووسراوە ئەمڕۆ بەلای ئێمەشەوە سەیر بوو کە لەلایەن ئەنجوومەنی دەوڵەتەوە دەرچووە لەبارەی بەردەوامیی بەڕێز راکان، لەمبارەیەوە بەشێوەیەکی فەرمی بە ئێمە نەگەیشتووە و ناشزانین کە راستە یان نا؟ تاوەکو ئێستا تەنیا نووسراوێکە لەلایەن ئەنجوومەنی دەوڵەتەوە دەرچووە، هیوادارین لە زووترین کاتدا پێمان بگات، چونکە کاتمان نییە بۆ دانوستاندن و دەبێت پەلە بکەین لە دانوستاندنەکان لەم هەفتەیەدا.
رووداو: لەبارەی بەشداری یەکێک لە ئەندامانی تورکمان لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەن لە دوایین کۆبوونەوە لەکاتێکدا ئەندامەکەی دیکە بەشداری نەکرد، بۆچی ئەندامێکی تورکمان بەشداری کۆبوونەوەکەی کرد و ئەوەی دیکە بەشداری نەکرد؟
ئەرشەد ساڵحی: بەهیچ شێوەیەک، ئەم قسەیە دوورە لە راستییەوە، هەردوو ئەندامەکە بەشدارییان لە کۆبوونەوەکە کرد، هەڵوێستی هەردوو ئەندامەکان بەڕێز ئەحمەد رەمزی و خاتوو سەوسەن، هەردووکیان بەشداربوون لە کۆبوونەوەکە، ئەم قسەیە دوورە لە راستییەوە و هیچ راوەستانێک لەگەڵ ریزی یەکێتیی نیشتمانیدا نییە، ئەم بانگەشەیە هەندیک لە ئەندامانی عەرەب دروستیان کرد، ئەوانەی کە روون نییە لەگەڵ کێن، چونکە تاوەکو ئێستا نازانین هەڵوێستی یەکخراوی عەرەب چییە، بەڵکو بەڕێز ئەحمەد لە دانوستاندنەکاندا بوو لەگەڵ ئەحمەد فەتلاوی و لەگەڵ بەڕێز راکان جبووری، بەڵام ئێمە وەکو سیاسەتڤان لە کەس ناترسین و سازش بۆ کەس ناکەین، بەرەی تورکمانی دەنگی و قسەیان یەکە، خاتوو سەوسەن و بەڕێز ئەحمەد هەردووکیان نوێنەرایەتی بەرەی تورکمانی دەکەن و لە هیچ دیدارێکیش ناترسین کە بیکەین لەگەڵ هەر لایەنێکدا، چونکە ئێمە خاوەن پرەنسپ و هەڵوێستین. بەڵام من ئامۆژگاری برایانی عەرەب دەکەم لە کەرکووک یەک بگرن، چونکە ئێمە هەڵوێستان جێگیرە، ئێمە و پارتی چوار کورسین، لێرەوە رایدەگەیێنم، من ئەرشەد ساڵحی، سەرۆکی فراکسیۆنی تورکمانی و بە نوێنەرایەتی بەڕێز حەسەن تۆران، سەرۆکی بەرەی تورکمانی، لێرەوە من رایدەگەیێنم ئێمەی هەر چوارمان هەڵوێستمان یەکە، هەڵوێستی یەکخراوی عەرەبمان دەوێت. ئەم قسەیە با ئەمڕۆ برایانی عەرەب وەکو هەڵوێستی فەرمی ئێمە دایبنێن. ئێمە دەمانەوێت بزانین برایانی عەرەب هەڵوێستیان جێگیرە یان نا. دەبێت ناکۆکییەکانیان فڕێ نەدەنە سەر کەسانی دیکە.
رووداو: ئەمە هەواڵێکی نوێیە، کەواتە بەرەی تورکمانی عێراقی و پارتی دیموکراتی کوردستان، ئێوە رێککەوتنتان هەیە و ئێوە وەکو چوار کورسی پێکەوە دەچنە نێو ئەم دانوستاندنەوە؟
ئەرشەد ساڵحی: ئەم قسەیە راستە و روونە، ئەمە تێڕوانینی هاوبەشمانە، بەڵام چاوەڕێی هەڵوێستی هاوبەشی عەرەبی دەکەین، هەڵوێستی عەرەبی تاوەکو ئێستا نادیارە و ناکۆکی نێوخۆیی هەیە لەنێوانیان، بەڵام دەیانەوێت ئەم ناکۆکییانەیان هەڵدەنە سەر پارتی یان بەرەی تورکمانی، ئەم قسەیە فەرمییە و چاوەڕێی هەڵوێستیان لێ دەکەین، با راشکاوبن، ئایا پێنج کورسییەکەیان هەیە تاوەکو بێن لەگەڵمان و حکومەتی خۆجێی کەرکووک پێکبێنین، یان ئەمە تەنیا بانگەشەیە بۆ ئەوەی کاتی زیاتر وەربگرن. ئەمە راگەیێندراوێکی فەرمییە، چاوەڕێی هەڵوێستێکی عەرەبی هاوبەش دەکەین، ئێمە چوار کورسیمان هەیە، من و بەڕێز حەسەن تۆران لەگەڵ پارتی لەسەر ئەمە رێککەوتووین. هەڵوێستمان دەوێت.
رووداو: رێککەوتنتان وەکو بەرەی تورکمانی لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان، خاڵەکانی چین کە لەسەری رێککەوتوون لەبارەی پۆستەکان، پۆستی پارێزگار، سەرۆکی ئەنجوومەن، قایمقام، دەکرێت باسی ئەو خاڵانەمان بۆ بکەی کە لەسەری رێککەوتوون لەنێوان بەرەی تورکمانی و پارتی دیموکراتی کوردستان؟.
ئەرشەد ساڵحی: رێککەوتنەکەمان روونە، هەڵوێستی بەرەی تورکمانی و هەڵوێستی پارتی روونە، رێککەوتووین لەسەر ئاڵوگۆڕی پۆستەکان بە سێکوچکەیی، بە شێوەیەک پۆستەکە بۆ ساڵی یەکەم بۆ کورد بێت و بۆ ساڵی دووەم بۆ تورکمان بێت و ساڵی کۆتاییش بۆ برایانی عەرەب بێت. ئەم رێککەوتنە هەیە و پێنج پۆستی سەرەکی ئاڵوگۆڕی پێدەکرێت لەنێوان هەر سێ پێکهاتەکە، پێکهاتەی کورد و پێکهاتەی تورکمان و پێکهاتەی عەرەب. ئەمە وادەکات کە رێککەوتنی زیاتر هەبن بۆ پاراستنی ئاییندەی کارگێڕی و سیاسی و ئەمنی کەرکووک.
رووداو: رۆژی کۆبوونەوەکە یەکێتی نیشتمانی کوردستان رایانگەیاند، وەکو خۆیان گوتیان، پیلانێکمان پووچەڵ کردەوە، ئایا مەبەستیان ئەم رێککەوتنە بوو؟
ئەرشەد ساڵحی: پێموانییە، ئەوان بە قسەی خۆیان گوایە رێککەوتبوون لەگەڵ سێ لە برایانی عەرەب کە لەگەڵیان بن لە پێکهێنانی حکومەتی خۆجێیی کەرکووک، تاوەکو ئێستا نازانین پلانەکە چییە یان رێککەوتنە سیاسییەکە چییە کە لەنێوان یەکێتی و کۆمەڵێک لە عەرەبدا کرابوو.
رووداو: کەسانێک هەن لە کەرکووک بە تایبەتی لە یەکێتی کە دەڵێن نابێت لە رووی واقعییەوە رێی تێناچێت حکومەتێکی خۆجێی لە کەرکووک پێکبهێندرێت بەبێ لەبەرچاوگرتنی هێز و پێگەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بە واتایەکی دیکە دەڵێن دەبێت یەکێتی لەنێو هەر رێککەوتنێکدا هەبێت بۆ یەکلاکردنەوەی پرسی کەرکووک، بۆچوونت چییە؟
ئەرشەد ساڵحی: ئێمە نامانەوێ هیچ لایەنێکی سیاسی براوەی هەڵبژاردن دووربخەینەوە، ناشمانەوێ هیچ پێکهاتەیەک لە پێکهاتەکانی کەرکووک لە ئیدارەی خۆجێی کەرکووک دووربخەینەوە، ئێمە کاتێک تێڕوانین خۆمان دەخەینەڕوو بۆ پێکهێنانی ئیدارەیەکی هاوبەش، بابەتەکە لەنێوان پارتی و یەکێتیدا دەمێنێتەوە بۆ رێککەوتن لەسەر پارێزگارێکی سەربەخۆ یان پارێزگارێک کە جێی رەزامەندی تورکمان و کەرکووکییەکان و عەرەب بێت. دەبێت پارێزگارەکان لەم چەشنە بن، دەبێت لە سیفەتی سیاسی دووربکەوینەوە چونکە خەڵکی کەرکووک ئەمڕۆ بێزارن لەو چینە سیاسییەی کە فەرمانڕەوای کەرکووک بوو بە درێژایی 20 ساڵ، بە تایبەت لە حیزبە سیاسییەکان، لە هەمان کاتدا دەبێت هەمووان بزانن کە پارێزگار کاتێک پۆستەکە وەردەگرێت ئەم دەسەڵاتانەی نامێنێت کە بە پارێزگارەکانی دیکە درابوون، من دەزانم هەمووان دەیانەوێت پۆستی پارێزگار وەربگرن بۆ هۆکاری بازرگانی، بۆ هۆکاری دارایی، نەک بۆ هۆکاری خزمەتکردنی خەڵکی کەرکووک، بەڵام پرسی جێبەجێکردنی راستەوخۆی پڕۆژەکان و پێدانی 20٪ و 15٪ بۆ بەڵێندەرەکان لەلایەن پارێزگارەکانەوە و فەرمانگەکانی وەبەرهێنان و ئەو وەبەرهێنانانەی کە ئیدارەی پارێزگاکە لەگەڵ دەستەی وەبەرهێنان لەسەری رێکدەکەون، پێموایە ئەمە زۆر کەس دەمیان بۆی ئاو دەکات بۆ ئەوەی پۆستی پارێزگار وەربگرن، بەڵام من بەشێوەیەکی راشکاو و روون دەڵێم ئەو کەسەی ئیدارەی پارێزگاکە وەردەگرێت ئەم پۆستانەی لێدەسەندرێتەوە، پۆستەکانیش دابەش دەکرێت ئەگەر بێت و کارگێڕی بێت یان ئەمنی بێت یان دەسەڵاتەکانی وەبەرهێنان بێت یان پرسە داراییەکان، ئەمان بەسەر هەموواندا دابەش دەکرێت، بۆ ئەوەی تەنیا حیزبێکی سیاسی یان کەسێکی دیاریکراو هەر خۆی پارێزگاکە بەڕێوەنەبات. دەبێت خزمەتی خەڵکی کەرکووک بکەین و هەندیک لە رەگەزپەرستی و تائیفەگەری دووربکەوینەوە، کەرکووک داوای خزمەتگوزاری دەکات ئەگەر بێت و پارێزگارەکە کورد بێت یان تورکمان یان عەرەب، تەنانەت برا کریستیانەکانیش، دەبێت خزمەتکاری خەڵکی کەرکووک بن.
رووداو: بەو پێیەی لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستاندا رێککەوتوون و چاوەڕێی لایەنە عەرەبییەکان دەکەن و سێ لایەنی عەرەبی لە کەرکووک هەن، بە دیاریکراوی چاوەڕێی کام لایەن دەکەن، عرووبە هەیە هەروەها هاوپەیمانی عەرەبی و قیادەش هەن، بۆ نموونە ئایە چاوەڕێی فراکسیۆنی عرووبە دەکەن بۆ یەکلاکردنەوەی بابەتەکە یان چاوەڕێی هاوپەیمانی عەرەبی دەکەن کە سەر بە بەڕێز راکان جبوورییە؟
ئەرشەد ساڵحی: بۆچوونی تایبەتی خۆم، من نامەوێ جیاوازی لەنێوان هیچ کام لە پێکهاتەکاندا هەبێت، هیوادارم سازان و رێککەوتن لەنێوان پارتی و یەکێتی بێتە دی لەسەر بنەمایەکی دیاریکراو، هیوادارم سازان لەنێوان عەرەب بێتە دی لەسەر بنەمایەکی دیاریکراو، ئێمە وەکو خۆمان، من رامگەیاند بە راشکاوی ناکۆکیمان نییە، تێڕوانینمان هاوبەشە، بەڵام هەر لایەنێک نزیک بێت لێمانەوە بۆ پێکهێنانی ئیدارەی کەرکووک پێشوازی لێدەکەین، بۆیە دەبێت برایانی عەرەب خۆیان کۆبکەنەوە و بە راشکاوی رایبگەیەنن ئەوانە کێن کە دەیانەوێت رێکبکەون لەسەر پێکهێنانی حکومەتی خۆجێی کەرکووک. ئێمە کاتمان نەماوە لەدەستی بدەین و دەبێت لە دوو هەفتەی داهاتوودا رێککەوتنەکە لەگەڵ بەڕێز سەرۆکوەزیراندا بکەین بۆ ئەوەی بە ئەنجامێکەوە دەربچین بۆ پێکهێنانی حکومەتی خۆجێی کەرکووک.
رووداو: ئەوەی پەیوەندی بە حکومەتی خۆجێیی هەیە لە کەرکووک، لە رۆژانی رابردوودا کۆبوونەوەیەک لە تورکیا کرا بۆ ژمارەیەک لە ئەندامان و ئێوە ئامادەنەبوون لەو کۆبوونەوەیە، ئایا بانگهێشتکرابوون بۆ ئەو کۆبوونەوەیە و دەزانن چی روویدا لەو کۆبوونەوەیەدا لە تورکیا؟
ئەرشەد ساڵحی: هیچ کۆبوونەوەیەک ئەنجامنەدراوە لەبارەی تورکمان لە تورکیا، ئەندامەکانمان لە کەرکووکن و نازانین هیچ کۆبوونەوەیەک ئەنجامدرابێت لەنێوان هیچ لایەنێک، ئێمە لە هیچ کۆبوونەوەیەک ئامادە نەبووین لەوبارەیەوە، هەڵوێستی ئێمە لە بەرەی تورکمانی هەڵوێستێکی هاوبەشە، راگەیێندراو و پەیامەکانمان هاوبەشن هیچ جیاوازیی و ناکۆکییەکمان نییە، بەڵام وەکو سیاسییەکان دووپاتی دەکەمەوە ئێمە لە هیچ گفتوگۆیەک ناترسین یان دیدار لەگەڵ هەر لایەنێک بۆ گەیشتن بە کۆتاییەکی دروست بۆ خەڵکی کەرکووک، بەشداریی هیچ کۆبوونەوەیەکمان نەکردووە و بانگێشتنەکراوین بۆ هیچ کۆبوونەوەیەک لە تورکیا.
رووداو: بەوپێیەی ئێوە گەیشتوونەتە رێککەوتن لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان و وەکو لێرەشەوە راتگەیاند رێککەوتنەکە زۆر روونە، ئایا گفتوگۆتان کردووە یان کۆبوونەتەوە لە ماوەی رابردوودا پێش گەیشتن بەم رێککەوتنە لەگەڵ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان؟ ئاستەنگەکە چی بوو بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێکی هاوشێوەی ئەو رێککەوتنەتان لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان لەگەڵ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، هەستتان بە نەرمی نواندن نەکرد لەلایەن یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانەوە، بۆچی لەگەڵ پارتی گەیشتنە ئەم رێککەوتنە بەڵام لەگەڵ یەکێتی نەگەیشتنە رێککەوتنێکی هاوشێوە؟
ئەرشەد ساڵحی: ئێمە نەرمین لە مامەڵەدا، نەک تەنیا لەگەڵ پێکهاتەیەک یان یەک حیزبی سیاسی، ئێمە لە کۆبوونەوەیەکی راشکاودا لەگەڵ بەرێز سەرۆکوەزیران گوێمان لە بۆچوونی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان گرت کە داوای دەکرد پارێزگار لە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بێت، ئێمە گوتمان ئێستا ئەو بابەتە گونجاو نییە، چونکە ئیدارەی رابردوو کە بە دەست یەکێتیی نیشتمانی بوو و لە ساڵی 2017شەوە بەدەستی عەرەبەوەیە ئێمە داوامان کرد کە ئیدارەکە تورکمانی بێت لە سەرەتاوە، بەڵام پێویستە هەر لایەنێک سازش لە بەشێک لە داواکارییەکانی بکات، بۆیە ئێمە لەپێناو پێکهێنانی ئیدارەی کەرکووک گوتمان هیچ رێگرییەکمان نییە و ئەوەش بڕیاری بەرەی تورکمانییە و بڕیارەکەش روونە کە ئاڵوگۆڕ بکرێت لەنێوان پێکهاتەکان و سێ نەتەوەکە، بۆیە کۆبوونەوە فەرمییەکان کە کە لەگەڵ یەکێتی ئەنجامدران بە سەرپەرشتی بەڕێز سەرۆکوەزیران بوون، بەڵام هەڵوێستیان بە جۆرێک لە جۆرەکان جیاواز بوو لە هەڵوێستی پارتی و لە هەڵوێستی تورکمان و هەڵوێستی بەشێک لە برایانی عەرەب.
رووداو: بۆچوونی سەرۆکوەزیران بەڕێز محەممەد شیاع سوودانی چییە لەبارەی رێککەوتنێکی نیشتمانیی کەرکووکی بۆ پێکهێنانی حکومەتی خۆجێی؟
ئەرشەد ساڵحی: بەڕێز سەرۆکوەزیران بە هەمانشێوە لە جۆرێک لە دۆشدامانە بەهۆی بوونی ئەو ئاستەنگییانە لەبەردەم پێکهێنانی ئیدارەی کەرکووک و ئەویش پشتیوانی ئەوە دەکات کە ئیدارەکە هاوبەش بێت لەنێوان پێکهاتەکانی کەرکووک، بەڵام نایەوێت بۆچوونی خۆی بسەپێنێت بەسەر هیچ لایەنێکی سیاسیی یان بەسەر هیچ پێکهاتەیەک بەڵام پێداگیریی دەکات لە بەشداریی و نوێنەرایەتیی نەتەوەیی هەمووان لە حکومەتی خۆجێی.
رووداو: دوای کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک قسەت بۆ راگەیاندنەکان کرد و لەنێویشیاندا تۆڕی میدیایی رووداو، گوتت کەرکووک بۆ کەرکووکلییەکانە و بۆ نامۆکان نییە، نامۆکان کێن لە کەرکووک؟
ئەرشەد ساڵحی: ئەم بابەتە گفتوگۆی زۆری لەبارەوە کرا، وشەی نامۆکان نوێ نییە و ئەو وشەیە هەبوو لە دەستووری عێراقدا لە مادەی 59 لە یاسای بەڕێوەبردنی دەوڵەت لە قۆناخی راگوزەریدا، کە دواتر گۆڕا بۆ مادەی 140، نامۆکان هەموو ئەو کەسانەن کە هاتوونەتە کەرکووک و لە تۆمارەکانی 1957دا نین، هەر کەسێک بێت تورکمان بێت، کورد بێت، عەرەب بێت، کریستیان بێت، ئەوە بە نامۆ دادەنرێت بە کەرکووک، بەڵێ هەندێک کەس وا لێکیاندایەوە کە من مەبەستم تەنیا عەرەبە، من نەمگوت عەرەب، من گوتم نامۆکان، ئێستاش دەیڵێم و داوا لە هەمووان دەکەم پشتیوانیم بکەن لەم بابەتە چونکە کەرکووک بووەتە تێکەڵەیەکی نەتەوەیی ناڕێک بەهۆی گۆڕانکارییە دیمۆگرافییەکانەوە کە روویاندا لە سەردەمی ئیدارەی کوردی، گۆڕینی دیمۆگرافی کوردی روون و ئاشکرا بوو لە ساڵی 2003وە تاوەکو 2017، هاوکات دۆسیەی ئاوارە عەرەبەکان کە لە کەرکووک ماونەتەوە بە هەمان شێوە روونە تاوەکو ئێستا، من ئاماری زۆرم لایە هیچ لایەنێک تۆمەتبار ناکەم و باسی هیچ نەتەوەیەکی دیاریکراو ناکەم بەڵام ئەمڕۆ کەرکووک لە مەترسیی ئابووری و ئەمنی و هەروەها نەتەوەیدایە، بەداخەوە دەڵێم پێدانی دەرفەت بۆ کڕینی خانوبەرە لە کەرکووک بەم شێوازە گۆڕینی دیمۆگرافیایە و ئەو بابەتە رەتکراوەتەوە بەپێی مادەی 23ی دەستووری عێراق، راستە هاوڵاتی عێراقی مافی نیشتەجێبوونی هەیە لە هەرشوێنێک کە بۆی گونجاو بێت بەڵام هێشتا کێشەی کەرکووک چارەسەر نەکراوە تاوەکو گۆڕینی دیمۆگرافیای تێدا ئەنجام بدرێت رەنگە دوای ئەوەی کە رێکدەکەوین لەبارەی ئیدارەیەکی تایبەت بۆ کەرکووک رەنگە دوای ئەوە رێکبکەوین لەسەر ئەو بابەتە، بەڵام ئەمڕۆ دەبینین کە خاوەنکارێک یان کەسێکی دەوڵەمەند خانووەکەی خۆی دەفرۆشێت لە مەنسوور یان حارسییە لە بەغدا کە خانوویەک لە مەنسوور یان حارسییە بەهاکەی 2 ملیۆن دۆلارە، دێت بەو دوو ملیۆن دۆلارە هەزاران دۆنم زەوی دەکڕێت لە کەرکووک، یان دەچێت بۆ نوسینگەیەکی خانوبەرە و 10 خانووی نیشتەجێبوون دەکڕێت و دێت نیشتەجێ دەبێت یان دوو سێ باڵەخانە دەکڕێت لە کەرکووک، ئەمە دۆخەکەیە و من ئەو بەرپرسیارێتییە هەڵدەگرم بەڵام ئەرکی نەتەوەیی و ئەخلاقیمە و بۆ پارێزگاریی لە خەڵکی کەرکووک پێویستە رایبگەیەنم کەرکووک بەرەو دۆخێکی دیمۆگرافی دیکە دەڕوات لە ئایندەدا.
رووداو: ئێمە لەبەردەمی سەرژمێریی دانیشتووانین، ئەو سەرژمێرییە زۆر گرنگە بۆ عێراق و بەتایبەیت بۆ پارێزگایەکی وەکو کەرکووک زۆر روونە لەگەڵ رێزی زۆرمان بۆ عەرەب لە کەرکووک بەڵام رێژەیەکی زۆری عەرەب لە دەرەوەی کەرکووکەوە دێنە کەرکووک ئێستا و چەند ناوچەیەکی نوێ لەدوای 2017 دەرکەوتوون بەتایبەت لە باشووری کەرکووک، هاوکات وەکو ئاماژەت پێدا سەرژمێریی دانیشتووان هەیە و باس لە گۆڕینی دیمۆگرافیای ئایندەی کەرکووک دەکەیت، روانینت چۆنە لەبارەی سەرژمێریی دانیشتووان، پێتوایە ئەم سەرژمێرییە روون و بێگەرد و راستەقینە دەبێت بەتایبەت کە رۆژانە دەنگۆ و هەواڵ لە کەرکووک دەبیستین لەبارەی دەرهێنانی کارتی نیشتمانی و کارتی نیشتەجێبوون بۆ ئەو خێزانانەی کە خەڵکی کەرکووک نین لە کەرکووک.
ئەرشەد ساڵحی: دوو پرۆژە هەڕەشە لە یەکگرتوویی دەوڵەت دەکەن، پرۆژەی هەڵبژاردن و پرۆژەی سەرژمێریی، هەردووکیان دەبنە مەترسی لەسەر ئایندەی وڵات، ئەگەر هەڵبژاردنێکی ناشەفاف ئەنجام بدرێت و ئەنجامە نەرێنییەکانی هاوسەنگیی سیاسیی بگۆڕن و وڵات بەرەو شەکەتی ببەن، خاڵێکی دیکە سەرژمێریی دانیشتووانە، سەرژمێریی دانیشتووان تێیدا ناوچە و ئامارەکان و مرۆڤ و ئاستی خوێندەواری و خاوەنی خانووەکان تۆمار دەکرێن، پێموایە ئەم سەرژمێرییە لەکاتی خۆیدا نییە لە پارێزگایەکی هەستیاریی وەکو کەرکووک چونکە شەرعییەت دەدات بە زیادەڕۆییکاران لەسەر موڵکەکانی دەوڵەت و موڵکە تایبەتەکانی هاونیشتمانییان و شەرعییەتیان دەداتێ کە ئەوان هاوڵاتی کەرکووکن، کارتی نیشتەجێبوون زۆر بە ئاسانی دەردەهێنرێت دێیت و لە هۆتێلێک دەمێنیتەوە و لەماوەی هەفتەیەکدا دەتوانیت کارتی نیشتەجێبوون دەربهێنیت، بۆیە سەرژمێریی مەترسیدارە لە پارێزگایەکی وەکو کەرکووک، بەڵام بەداخەوە نە برایانی کورد و نە برایانی عەرەب لە کەرکووک هەستیان بەو بابەتە نەکرد، وەکو ئەوەی تەنیا پەیوەندی بە تورکمانەوە هەبێت، هەردوولایان بێدەنگ بوون بەڵام رووبەڕووی کێشە دەبنەوە لە ئایندەدا بەهۆی سەرژمێریی دانیشتووانەوە، هۆکارەکەش روونە کە ئەوانەی لە کەرکووک نیشتەجێبوون ئێستا دەبنە بەشێک لە تەونی کەرکووک، ئەوانە مافیان دەبێت بەشداریی هەڵبژاردن بکەن لە ئایندە و بەشداریی راپرسییەکان و بڕیارە سیاسییەکان بکەن بەڵام دەڵێم بەداخەوە بێدەنگی برایانی کورد و عەرەب هەردوکیان هەڵە بوون پێیانوایە ژمارەیان زۆرە و دەتوانن کێشەکە چارەسەر بکەن، بابەتەکە ژمارە نییە بەڵکو پێگەیە، پێگەی سیاسیی کە دەسەپێنرێت بەسەر کەرکووک، ئەم زیادەڕۆییانە هیچکەس ناتوانێت چارەسەری بکات پێموایە کە ئێستا گفتوگۆ لەگەڵ ئێوە دەکەم پێش کەمێک ژمارەیەک لە هاوڵاتییان لێرەبوون و نووسراوێکیان نیشاندام کە لەلایەن خانوبەرەی دەوڵەتەوە دەرکراوە لە هەندێک ناوچەی دەوروبەری کەرکووک لەبارەی ئەو زەوییانەی خاوەندارێتییەکەیان دەگەڕێتەوە بۆ دەوڵەت، بەڵام زیادەڕۆییان کراوەتەسەر بەشێوەیەکی دیار و ئاشکرا و هیچ کەس ناتوانێت ئەو زیادەڕۆییانە رابگرێت، نە پارێزگاری کەرکووک و نە ئاسایشی کەرکووک و نە ئۆپەراسیۆنەکانی کەرکووک و نە بەرپرسی بەشی زیادەڕۆیی لە کەرکوک و نە هیچ لایەنێکی سیاسیی ئەوە نەبێت کە بەڕێز سەرۆکوەزیران رژدبێت لەو بابەتە و 4 کەس 5 کەس لە نووسینگەی تایبەتی خۆیەوە بنێرێت و بە پشتیوانی هێزێکی ئەمنی لە نووسینگەی سەرۆکوەزیرانەوە و پارێزگاریی بکات لە موڵکەکانی دەوڵەت جگە لەوە دەوڵەتی عێراق موڵکی نامێنێت لە کەرکووک و هەمووی بۆ زیادەڕۆییکارانە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ