وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان: لەبارەی رێکخستنەوەی باج لەگەڵ عێراق رێککەوتین

رووداو دیجیتاڵ
 
وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان دەڵێت، لەگەڵ لیژنەی باڵای رێکخستنەوەی باج لە حکومەتی فیدراڵی لەسەر چەند خاڵێک رێککەوتوون کە دەبنە هۆی "کارئاسانی بۆ ئەو کارگە، کۆمپانیا و بانکانەی لە هەرێمی کوردستان و عێراق کاردەکەن".
 
وەزارەتی دارایی ئەمشەوی پێنجشەممە، لە راگەیێندراوێکدا خاڵەکانی بڵاوکردەوە.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، "چارەسەرکردنی کێشەی کارگەکانی کوردستان کە پێشتر [لە عێراق] داوای باجیان لێ دەکرا" یەکێکە لەو خاڵانەی لەسەری رێککەوتوون.
 
دەقی راگەیێندراوەکەی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان
 
دوای سەردانی لیژنەی باڵای رێکخستنەوەی باج لە حکومەتی فیدراڵی بۆ هەرێمی کوردستان و کۆبونەوەیان لەگەڵ بەڕێزان وەزیری دارایی و دکتۆر کەمال تەیب، بەڕێوەبەری گشتیی باج و خانوبەرەی میری و بەختیار حاجی، بەڕێوەبەری گشتیی کاروباری پەیوەندییەکان و بەدواداچوون لە نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێم [ـی کوردستان] لە بەغداد لەسەر چەند خاڵێک لە بواری باج گەیشتنە رێککەوتن کە دەبێتە کارئاسانی بۆ ئەو کارگە و کۆمپانیا و بانکانەی لە هەرێمی کوردستان و عێراق کاردەکەن لە گرنگترینیان.
 
1- داننان بەپاکانەی باجی هەرێم لەلایەن حکومەتی فیدراڵیەوە کە پێشتر هیچ بایەخێکیان بۆ دانەدەنا.
 
2- چارەسەرکردنی کێشەی کارگەکانی کوردستان، کە پێشتر داوای باجیان لێ دەکردن بەبیانوی ئەوەی بەرهەمەکانیان لە ناوچەکانی باشورو ناوەڕاستی عێراق ساغ دەکەنەوە، بۆ لەمەودوا ئەو کارگانەی لە کوردستانن دەبێت باجی داهاتەکانیشیان لە کوردستان بدەن.
  
3- چارەسەرکردنی کێشەی پێدانی سووتەمەنی بۆ کارگەکانی هەرێمی کوردستان بە نرخی هاندراو کە ماوەیەکە پێدانی سووتەمەنییان بەو کارگانە راگرتووە بەبیانووی نەدانی باج بە حکومەتی فیدراڵی. 
 
4- رێککەوتن لەسەر یەکخستنی رێکار و رێوشوێنەکانی وەرگرتنی باج کرا بە میکانیزمی هاوبەش.
 
5- هەردوولا لەسەر بانکەکان رێککەوتن کە بارەگای سەرەکی بانکەکە بکرێتە بنەما بۆ وەرگرتنی باج.
 
6- هەرولا رێکەوتن لەسەر هەماهەنگی پێویست و گرتنەبەری رێوشوێنی گونجاو بۆ رێگریکردن لە خۆدزینەوە لە باج.