رووداو دیجیتاڵ
رێککەوتنی سێ قۆڵیی نێوان لایەنی عەرەبی، بەرەی تورکمانی و پارتی بۆ پێکهێنانی حکومەتی خۆجێیی کەرکووک بەهۆی نەبوونی کۆدەنگیی عەرەبیەوە تائێستا واژۆی لەسەر نەکراوە.
لایەنی تورکمان بە بەیاننامەیەکی فەرمی داوا لە عەرەب دەکەن ماڵی خۆیان رێک بخەنەوە تا بتوانن ئیدارەکە پێکبهێنن،
ئەرشەد ساڵحی دەڵێت: "رێککەوتن لەسەر ئەو بنەمایەیە پارێزگار ساڵی یەکەم بۆ کورد و ساڵی دواتر بۆ تورکمان و دوو ساڵی کۆتاییش بۆ عەرەب دەبێت."
ئەگەر عەرەب کۆدەنگییان هەبێت، سبەی دەتوانن کاتی کۆبوونەوە دەستنیشان بکەن و پارێزگار و سەرۆکی ئەنجوومەن هەڵبژێرن.
ئەرشەد ساڵحی، سەرۆکی فراکسیۆنی بەرەی تورکمانی لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت: "ئێمە لەگەڵ پارتی دیموکرات هاوهەڵوێستین لەسەر ئیدارەی هاوبەش لەکەرکووک و چاوەڕوانی هەڵوێستی کۆدەنگی برایانی عەرەبین، نامانەوێ هیچ لایەنێکی سیاسی لە کەرکووک بەشدار نەبێت لە پێکهێنانی ئیدارەکە کە براوەی هەڵبژاردنە و نوێنەری نەتەوەیەکە، پێویستە سەرجەم پێکهاتەکان رێکبکەون لە رێگەی لایەنە سیاسییەکانەوە لەسەر ناونانی پارێزگارێکی هاوبەش."
ئەم رێککەوتنە لە لایەک و ئێستا بەرەیەکی دیکە کە بریتین لە یەکێتی و لایەنێکی عەرەبی و کرسیتیان کەوتوونەتە دانوستاندن بۆ دروستکردنی ئیدارەی پارێزگا.
بەرەی تورکمانی، پارتی و هاوپەیمانیی عەرەبی هۆشدارییان داوەتە یەکێتی گەر نەیەتە رێککەوتنەوە لەگەڵیان، دەیخەنە دەرەوەی هاوکێشەکان.
بەرپرسانی یەکێتیش دەڵێن، هیچ هاوکێشەیەک بەبێ ئەوان لە کەرکووک تەواو ناکرێ و سەر ناگرێ.
بە تەنزەوە و لە روانگەی دڵنیاییانەوە بەسێ لایەنەکە دەڵێن، "گەر دەتوانن بڕۆن ئیدارەی پارێزگاکە دروست بکەن."
ئاسۆ مامەند، لێپرسراوی بازنەی کەرکووک-سەڵاحەدینی یەکێتی دەڵێت: "ئەگەر وابێت و شەش مانگ [پۆستی پارێزگار] بۆ کورد بێت، واتە چیمان کرد؟ نەخێر ئێمە ناچینە نێو ئەو رێککەوتنەوە. ئەگەر شەش مانگ بۆ کورد بێت و باقی ساڵێک بۆ تورکمان بێت و دوو ساڵەکەی کۆتاییش بۆ عەرەب بێت. دابەشبوونێک هەیە و تاوەکو ئێستا هیچ لایەنێک ناتوانێت ئەو نیسابە تەواو بکەن. ئەوەی لێرە و لەوێ باسی دەکەن، گوایە لایەنەکانی دیکە نیسابیان تەواوکردووە، ئەگەر تەواویان کردبا، دەمێک بوو هەوڵێک هەبوو کە پارێزگارێکی شەش مانگی بۆ کورد بێت و باقییەکەی دیکەی بۆ عەرەب و تورکمان بێ. ئەوە نەتواندرا [بکرێت]."
لە سەروبەندی مشتومڕی نێوان لایەنەکان ئەنجوومەنی دەوڵەت بە نوسراوێک لایەنەکانی لە کەرکووک تووشی شۆککردووە کە تێیدا هاتووە پارێزگاری هەر پارێزگایەک کە خاوەن دەنگی پێویستە بۆ بوون بە ئەندامی ئەنجوومەن و سوێندی یاسایی خواردووە دەتوانێ لە پۆستی پارێزگار بەردەوام بێت تا هەڵبژاردنی پارێزگارێکی نوێ.
ئێوارەی رۆژی پێنجشەممە، 18ـی تەممووزی 2024، بابەتی پێکهێنانی حکومەتی خۆجێیی کەرکووک مژاری گەرمی رووداوی ئەمڕۆی رووداو بوون کە هەریەکە لە ئەرشەد ساڵحی، سەرۆکی فراکسیۆنی بەرەی تورکمانی لە پەرلەمانی عێراق و سەعدی ئەحمەد پیرە، گوتەبێژی یەکێتی بە جیا قسەیان لەسەر بابەتەکە کرد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ