لە ئەرزەڕۆم لافاو زیانی بە چەند ناوچەیەک گەیاند


رووداو دیجیتاڵ

دوای بارانی بەلێزمە، لافاو لە شارۆچکەی حەسەن قەلەی سەر بە پارێزگای ئەرزەڕۆم دروستبوو و زیانی ماڵیی بە ناوچەکە گەیاند.
 
نیوەڕۆی دوێنێ چوارشەممە بارانی بەلێزمە لە شارۆچکەی حەسەن قەلە لە پارێزگای ئەرزەڕۆمی باکووری کوردستان باری. لافاوی بەدواداهات و بەتایبەتی گوندەکانی دەوروبەر بەهۆی ئەو لێزمەبارانەوە زیانی زۆریان بەرکەوتووە. بەتایبەتی بەشێک لە ماڵەکان نیمچەڕووخاون و گەوڕی مەر و ماڵاتیش ئاوی تێچووە و زیانی بەرکەوتووە.
 
مستەفا چیفتچی، پارێزگاری ئەرزەڕۆم رایگەیاند: "هەر لە سەرەتای کارەساتەکەوە تەواوی لایەنە پەیوەندیدارەکانی دەوڵەت گەیشتن و دەستبەکار بوون. باشترین دڵنەواییمان ئەوەیە کە هیچ زیانێکی گیانی نییە. تەنیا خۆم 15 ماڵم تۆمارکردووە کە زیانیان بەرکەوتووە. جگە لەوە ژمارەیەک گەوڕ و کۆگا زیانیان بەرکەوتووە".
 
ئەم لافاوە لەکاتێکدایە، رۆژی چوارشەممە دەزگای کەشناسیی باشووری رۆژهەڵاتی ئەنادۆڵ هۆشداریی تووندی دابوو کە لە پارێزگاکانی قەرس، ئاگری، ئەرزەڕۆم و چەند پارێزگایەکی دیکە بارانی بەلێزمە دەبارێت.