چالاکڤانێکی کورد: زیاتر لە 120 هەزار کورد لە باشووری لوبنان دەژین و رەوشیان خراپە

رووداو دیجیتاڵ

چالاکڤانێکی کورد دەڵێت، زیاتر لە 120 هەزار کوردی رۆژئاوای کوردستان لە باشووری لوبنان دەژین، رەوشی ژیانیان خراپە و ناچارن لە کاتی بۆردوومانکردنی ناوچەکەش لەلایەن ئیسرائیلەوە، لەسەر زەوییەکان کار بکەن.
 
مستەفا شێخۆ، چالاکڤانی کورد لە باشووری لوبنان لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کۆڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداو لە شەوی چوارشەممە، کە جەعفەر موبەشیرنیا و رێبوار عەلی پێشکێشیان کرد، لەبارەی دوو هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر باشووری لوبنان کە کوژرانی سێ هاونیشتمانی و دوو سووریایی لێکەوتەوە رایگەیاند، "رووداوەکە کاژێر 18:30ـی سێشەممە لە گوندی ئوم تووت و نزیک روویدا."
 
سێ لە کوژراوەکان منداڵن و کوردی عەفرینن. مستەفا شێخۆ گوتی: ''ئەو منداڵانە لەکاتی هێرشەکەدا لەگەڵ باوکیان خەریکی ئاژەڵداری بوون، کە بەداخەوە بەهۆی رووداوەکەوە گیانیان لەدەستداوە''.
 
بەگوتەی ئەو چالاکڤانە کوردە، تەرمی هەر سێ منداڵەکە کاژێر 12:30ی رۆژی چوارشەممە لە گوندێکی ناوچەکە بە ناوی قاسمیە بەخاکسپێردراون و نەگەڕێندراوەنەتەوە رۆژئاوای کوردستان.
 
ئەو چالاکڤانە دەڵێت، زیاتر لە 120 هەزار کوردی رۆژئاوای کوردستان و بە دیاریکراوی عەفرینی، لە باشووری لوبنان دەژین کە بەهۆی ئاڵۆزی و شەڕی عەفرینەوە، پەنایان بۆ ئەو سنوورانە هێناوە و لەوێ زیاتر سەرقاڵی کشتوکاڵ و جووتیارین.
 
مستەفا شێخۆ لەبارەی هۆکاری مانەوەی کوردی رۆژئاوای کوردستان لە ناوچە سنوورییەکانی نێوان لوبنان و ئیسرائیل گوتی: ''پێشتر هیچ گرژییەک لەسەر ئەو سنوورانە نەبوو، بۆیە پەنایان بۆ برد، بەڵام لە چەند مانگی رابردوودا کە شەڕ دەستیپێکردووە، هەندێک لە پەنابەران ناچار بوون شوێنەکە جێبهێڵن و بەشێکیشیان تاوەکو پێگەیشتنی بەرهەمە کشتوکاڵییەکانیان ناچارن بمێننەوە."
 
ئەو چالاکڤانە کوردە ئەوەشی خستەڕوو، بەهۆی بوونی چەکدارانی حیزبوڵڵای لوبنان لە ناوچەکە، مەترسیی هێرش و بۆردوومانی دووبارەی سوپای ئیسرائیل هەیە: ''بەڵام کوردی رۆژئاوای کوردستان لەگەڵ ئەو چەکدارانە هیچ تێکەڵاوییەکیان نییە.''
 
مستەفا شێخۆ باسی رەوشی ژیانی پەنابەرانی سووریا و رۆژئاوای کوردستانی لە باشووری لوبنان کرد و گوتی: ''ئەوانەی لەسەر سنوور دەمێننەوە رەوشی ژیانیان زۆر خراپە، ئەگەر جووتیاریش نەکەن، ناتوانن بژێویی ژیانیان دابین بکەن.''
 
میدیای فەرمیی لوبنان رایگەیاند، لە چەند هێرشێکی جیاوازی ئیسرائیل لە رۆژی سێشەممە 16-07-2024، لە باشووری لوبنان و گوندی ئوم تووت، پێنج سووریایی کوژران کە سێیان منداڵ بوون. دواتر حیزبوڵڵای لوبنان رایگەیاند، لە تۆڵەی ئەو هێرشە، چەند مووشەکێکیان ئاراستەی باکووری ئیسرائیل کردووە.
 
محەممەد ـی تەمەن حەوت ساڵ و جین ــی تەمەن 10 ساڵ کە کوردی عەفرینن لەو هێرشەدا گیانیان لەدەستدا.
 
جگە لە محەممەد و جین، منداڵێکی دیکەی 12 ساڵ بەناوی خەلیل محەممەد لەو هێرشەدا و لە هەمان شوێن گیانی لەدەستدا.
 
دوای کوژرانی ئەو پێنج هاووڵاتییە، حیزبوڵڵای لوبنان هۆشداری دا بە ئیسرائیل "ئەگەر خەڵکی سڤیلی زیاتر بەر هێرشەکان بکەون، چەند شوێنێکی نوێتان دەکەینە ئامانج."
 
لەوکاتەوەی جەنگی غەززە لە 07-10-2023 هەڵگیرساوە، حیزبوڵڵای لوبنان و سوپای ئیسرائیل بە نزیکەیی هەموو رۆژێک هێرش دەکەنە سەر سنووری یەکدی. لە شەڕ و تەنگژەکانی ئەو دوو لایەنە، 17 سەربازی ئیسرائیلی و 13 سڤیلیان کوژراون. هەرچی لەبارەی لوبنانە، لەوکاتەوە 511 کەس کوژراون کە لانیکەم 104 کەسیان سڤیلن.