یەکێتی: بۆ هەڵبژاردن 172 بەربژێرمان هەن

 
رووداو دیجیتاڵ 

گوتەبێژی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان دەڵێت، بۆ کێبڕکێی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، لە چوار پارێزگاکەدا 172 بەربژێریان دەبن.
 
سەعدی ئەحمەد پیرە، گوتەبێژی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان رۆژی پێنجشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، سەرۆکی بازنەکان بۆ هەڵبژاردن یەکلاکراونەتەوە، لە هەولێر شاڵاو کۆسرەت رەسوڵ سەرۆکایەتیی لیستەکە دەکات، لە سلێمانی د. میران محەممەد، لە دهۆک عەلی ئۆرەماری و لە هەڵەبجەش بارزان عوسمانە.
 
ئەمڕۆ وادەی پێشکێشکردنی لیستی بەربژێرانی هاوپەیمانی، پارت و بەربژێرانی تاکەکەسی بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کۆتایی دێت.
 
26ـی مانگی رابردوو، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان فەرمانی هەرێمیی ژمارە 222ـی ساڵی 2024 تایبەت بە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانی دەرکرد و رۆژی 20-10-2024 بە وادەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی گشتی بۆ خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دیاریکرد.