لە سەقز شێخێک و دوو دەروێشی کوژران

رووداو دیجیتاڵ

لە هێرشێکی چەکداریدا بۆ سەر شێخێک لە شاری سەقزی رۆژهەڵاتی کوردستان، دوو لە شوێنکەوتووانی کوژران و شێخەکەش ئەمڕۆ گیانی لەدەستدا.
 
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، نزیکەی کاژێر 10:00ـی شەوی رابردوو، لە گەرەکی تەپە ماڵانی شاری سەقز لە پارێزگای سنە لەلایەن کەسانی نەناسراوەوە تەقە لە یەکێک لە شێخەکانی ئەو شارە بە ناوی شێخ ئازاد و شوێنکەوتووانی کراوە.
 
لە رووداوەکەدا، شێخ ئازاد بە سەختی بریندار کرا و دوو لە دەروێشەکانیشی کوژراون.
 
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، شێخ ئازاد براوەتە نەخۆشخانەی شیفای شاری سەقز، بەڵام بەهۆی سەختیی برینەکانییەوە دوای ماوەیەک مانەوە لە ژێر چاودێریی چڕی پزیشی، گیانی لەدەستدا.
 
تائێستا هۆکاری رووداوەکە و ناسنامەی ئەو کەسانەی تەقەیان کردووە، دیار نییە.
 
لێکۆڵینەوەکانی پۆلیس لەبارەی رووداوەکەوە دەستیپێکردووە و داواکاری گشتیی شاری سەقز بڕیاری دەستگیرکردنی تەقەکەرانی داوە.