مشتومڕی دوو ساڵ بە دوو ساڵی پۆستی پارێزگاری کەرکووک؛ لایەنەکان ترسیان هەیە

3 کاژێر له‌مه‌وپێش
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

هەفتەیەک دوای کۆبوونەوەکەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، هێشتا نەتەوەکان مشتومڕیانە لەسەر پۆستەکە، هەندێک جوڵە و گفتوگۆ هەن، بەڵام نەگەیشتوونەتە ئاستی کۆبوونەوەی فەرمی و یەکلاییکردنەوەی پۆستەکان. لایەنەکان ترس و گومانیان هەیە لەوەی ئەو لایەنەی دوو ساڵی یەکەمی پارێزگار وەردەگرێت، دواتر دەستبەرداری نەبێت. 
 
کێشەی "متمانە" بۆ دوو ساڵی یەکەمی پارێزگار
 
پۆستەکانی پارێزگار و سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگا بە تەواوی نەتەوەکانی کەرکووکی دابەشکردووە، سەرەڕای ئەوەی مانگێک لەبەردەم لایەنەکانە بەڵام قووڵبوونەوەی ململانێکان کات لە لایەنەکان دەکوژێت و چارەنووس و ئاسۆی رێککەوتنیش دیار نییە.
 
کورد پارێزگاری دەوێت و لەنێوخۆدا رێککەوتنی نییە
 
لە ماوەی یەک هەفتەدا چەند جارێک بەرپرسانی یەکێتی ئاماژەیان بەوە کردووە، پۆستی پارێزگار موڵکی کوردە، لەنێو کوردیش یەکێتی، هەرچەندە بەرپرسانی پارتیش تاوەکو ئێستا شتێکی ئەوتۆیان لەوبارەوە نەگوتووە، جگە لە شاخەوان عەبدوڵڵا کە ئاماژەی بەوە کرد، پۆستەکە بۆ کوردە. بەو هاوکێشەی گفتوگۆ و دانوستاندنەی ئێستا، ترس هەیە ئەو پۆستە کە لە دەستی کورد بووە بەهۆی لێکترازان و نەبوونی رێککەوتن نەکەوێتەوە دەستی کورد.
 
لە کاتێکدا هەردوو حیزبەکەی باشووری کوردستان لە گەرمەی ئامادەکردنی لیست و ناوی بەربژێرانن بۆ هەڵبژاردن، لە کەرکووک و نەینەواش لەنێو مشتومڕی توونددان بۆ پۆستەکان، بەتایبەت لە قۆناخی دوای پێدانی سێ پۆست بە یەکێتی لە سنووری نەینەوا بە دوو کورسییەوە.
 
عەرەب پۆستی پارێزگاری دەوێت و لەنێوخۆدا دابەش بوون
 
سێ هاوپەیمان و لایەنی عەرەبی لەنێو ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک هەن، بە کۆی گشتی شەش کورسییان هەیە، ئەوانیش بە هەمان شێوەی کورد ئەندامانیان ناکۆکی کەوتە نێوانیان و لە کۆبوونەوەی رابردوودا سێ ئەندامیان چوونە بەرەیەکی دیکە، هاوکات دوای کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگاش، کۆبوونەوەیەکی دیکە کرا لە دەرەوەى عێراق بە بەشداریی زۆرینەى لایەنە عەرەبییەکانى ئەنجوومەنى پارێزگا و راکان جبوورى، سەرۆکى بەتەمەنى ئەنجوومەن لەگەڵ ئەندامێکى فراکسیۆنى بەرەى تورکمانى یەکگرتوو کراوە، بەڵام ئەو سێ ئەندامەى هاوهەڵوێستى یەکێتى بوون بەشدارنەبوون.
 
ئێستا وەرگرتنی ئەو پۆستە لەلایەن عەرەبەوە لەنێو بازنەی ئەوەدایە "لەپێناو وەرگرتنی پۆستەکە چی دەبەخشم،" مەبەست لەو دەستەواژەیەش رازیکردنی لایەنی دیکەیە لەلایەن عەرەبەوە بۆ زۆرینە لە ئەنجوومەنی پارێزگا و لە بەرامبەردا پێدانی پۆستەکانی سەرۆکی ئەنجوومەن و یاریدەدەری پارێزگار بە نەتەوە و لایەنی دیکە.
 
عەزام حەمدانی، یەکێک لە بەرپرسانی عەزم بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "سێ سیناریۆ هەن کە تاوتوێ دەکرێن. یەکەم، پۆستى پارێزگار لەنێوان کورد، تورکمان و عەرەب دابەش بکرێت لەو ماوەیەى کە ماوە. دووەم، دوو ساڵى یەکەم پارێزگار بۆ کورد و دوو ساڵى دووەم بۆ عەرەب بێت."
 
فراکسیۆنە عەرەبییەکانى ئەنجوومەنى پارێزگاى کەرکووک دابەشبوون لە ویستیان بۆ وەرگرتنى پۆستەکانى کەرکووک، هەندێکیان هەوڵ بۆ وەرگرتنی پۆستی پارێزگار و هەندێکى دیکەیان هەوڵیان بۆ سەرۆکى ئەنجوومەنە.
 
فراکسیۆنە عەرەبییەکان شەش کورسیی ئەنجوومەنى پارێزگایان هەیە، هاوپەیمانیى عەرەبی سێ کورسی، قیادە دوو کورسی، عرووبە یەک کورسی.
 
دیارترین بەربژێرەکانى لایەنە عەرەبییەکان بۆ پۆستى پارێزگار بریتین لە راکان جبوورى وەک بەربژێرى هاوپەیمانیی عرووبە و خالید مەفرەجى وەک بەربژێرى هاوپەیمانیى قیادە.
 
بەپێی زانیاریی رووداو، "عەرەب کار بۆ وەرگرتنى پۆستى سەرۆکى ئەنجوومەن دەکات، ئەگەر لە دوو ساڵى یەکەم پۆستى پارێزگار بەر کورد بکەوێت، بەڵام تورکمان دژى ئەوەیە."
 
تورکمان: یان ساڵێک پارێزگار یان چوار ساڵ سەرۆکی ئەنجوومەن
 
لەنێو لیستى بەرەى تورکمانى یەکگرتوو، دوو بەرەى جیاواز هەن کە دابەشبوون بە سەر پاڵپشتیکردن لە دوو ئەندامەکەیان. بەرەى تورکمانى بە سەرۆکایەتیى حەسەن تۆران و ئەندامەکەى دیکەش نزیکە لە ئەرشەد ساڵحى، سەرۆکى پێشووى بەرەکە کە نزیکە لە یەکێتیى نیشتیمانیى کوردستان.
 
بەگوێرەى زانیارییەکانى رووداو، هەردوو بەرەکەى تورکمان لەسەر پاڵپشتیکردنى لایەنە کوردستانییەکان کۆک نین، بەڵام لەسەر پرسى وەرگرتنى پشکى خۆیان لە پۆستەکانى پارێزگاکە هاوڕان.
 
سەرچاوەیەکى بەرپرسى لایەنە تورکمانییەکان بە رووداوى گوت، "تورکمان لەگەڵ ئەوەدایە پۆستى پارێزگار بەسەر سێ پێکهاتەکەدا دابەش بکرێت، ئەوەش بە گوێرەى ئەو ماوەیەى تەمەنى ئەنجوومەن کە ماوە. لانیکەم دەمانەوێت بۆ ساڵێکیش بێت پۆستى پارێزگار وەربگرین."
 
تورکمانەکان دەیانەوێت پۆستى سەرۆکى ئەنجوومەن وەربگرن، ئەگەر سیناریۆى دوو ساڵ بە دوو ساڵ لەنێوان کورد و عەرەب یەکلایی بێتەوە، بەو جۆرە چوار ساڵ ئەو پۆستەیان بەدەستەوە دەبێت، بەڵام ئەو ویستەیان رووبەڕووى بەربەستى لایەنى عەرەبی بووەتەوە کە چاویان لەسەر ئەو پۆستەیە کە لەو دوو ساڵەدا بەدەستیانەوە بێت کە پارێزگار لای کورد دەبێت.
 
ئەحمەد رەمزى، ئەندامى ئەنجوومەنى پارێزگاى کەرکووک لە فراکسیۆنى تورکمانى یەکگرتوو بە تۆڕى میدیایی رووداوى گوت، "بەرەى تورکمانى لەگەڵ جێگۆڕکێى پۆستى پارێزگار و سەرۆکى ئەنجوومەنە بە شێوەیەکى یەکسان لەنێوان پێکهاتەکان."
 
هاوکێشەی دەنگی لایەنەکان
 
خاڵی سەرەکی بۆ هەموو ئەو مشتومڕانەی هەن لەو پرسەدا ئەوەیە کێ دوو ساڵی یەکەم پۆستەکە وەردەگرێت، چونکە گۆڕانکارییەکانی دوای ئەو دوو ساڵە رۆڵ دەبینن لەوەی لایەنەکان دەگەنە چ رێککەوتنێک.
 
ترسێک هەیە هەر لایەنێک دوو ساڵى یەکەم پۆستى پارێزگار وەربگرێت، بۆ دوو ساڵى دووەم دەستبەردارى نەبێت، چونکە ئەو کاتە دەکەوێتە قۆناخى دواى هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق لە 2026 و گۆڕینى پێکهاتەى حکومەتى فیدراڵى و هاوکێشە سیاسییەکانی دیکە، بەوەش گەرەنتى نییە ئاڵوگۆڕى دەسەڵات لە پۆستى پارێزگار بکرێت."
 
هاوهەڵوێستیى دوو ئەندامى عەرەب و ئەندامێکى تورکمانى ئەنجوومەنى پارێزگاى کەرکووک لەگەڵ فراکسیۆنى یەکێتى بۆ بەشداری نەکردن لە کۆبوونەوەى 11ى تەممووز، هاوکێشەى دەنگەکانى گۆڕیوە.
 
ئەگەر لە مانگێکدا رێککەوتن نەکرێت؟
 
30 رۆژ بەپێی یاسای پارێزگاکان لەبەردەم لایەنەکانە بۆ ئەوەى پارێزگار هەڵبژێردرێت.
 
بە گوێرەى بڕگەى حەوت لە مادەى حەوت لە یاساى پارێزگا ناڕێکخراوەکان لە چوارچێوەى هەرێمێکدا، دەبێت لانیکەم لە ماوەى 30 رۆژدا لە یەکەم دانیشتنەوە، پارێزگار و  دوو جێگرەکەى بە دەنگى زۆینەى رەهاى ئەندامانى ئەنجوومەن هەڵبژێردرێن.
 
دارا سێکانیانى، ئەندامى لیژنەى یاسایی پەرلەمانى عێراق بە روواوى راگەیاند، "یاسای پارێزگاکان چارەسەرى یاسایی ئەوەى نەکردووە کە ئەگەر لە 30 رۆژدا پارێزگار هەڵنەبژێردرێت، چى هەنگاوێک دەنرێت."
 
یاساکە ئاماژەى بەوەداوە ئەگەر دەنگدان لەنێوان چەند بەربژێرێکدا بکرێت و کەسیان زۆرینەى رەهاى دەنگەکان بەدەست نەهێنێت، رکابەرى بۆ گەڕى دووەم دەکرێت لەنێوان دوو لە بەربژێران کە لەنێو دانیشتنى ئەنجوومەنى پارێزگادا زۆرترین دەنگیان بەدەستهێناوە و کامیان دەنگى زۆرتر بهێنێت، دەبێتە پارێزگار.
 
دارا سێکانیانى رایگەیاند، "ئەگەر لەو 30 رۆژەدا پارێزگار هەڵنەبژێردرا، دەکرێت پەنا بۆ دادگەى فیدراڵى ببرێت بۆ شرۆڤەکردنى ئەو مادەیەى ئەو ماوەی 30 رۆژەى دیاریکردووە؛ هەروەها لەرووى پەکخستنى کارگێڕیشەوە بەهۆى هەڵنەبژاردنى پارێزگار، دەکرێت لە دادگەى کارگێڕیى سکاڵا تۆمار بکرێت."
 
هەنگاوی دوای رێکنەکەوتن وەکو هاوپەیمان عەزم دەڵێ، "محەممەد شیاع سوودانى، سەرۆکوەزیران خۆى کەسێک بەکاتى دەستنیشان دەکات بۆ پارێزگار، یەکلاییکردنەوەى ئەو دۆسیەیەش دەچێتە پەرلەمانى عێراق."
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە