سەرۆکی هەرێمی کوردستان گەیشتە باکو

رووداو دیجیتاڵ 

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە باکو ـی پایتەختی ئازەربایجان و ئەمڕۆ لەگەڵ ئیلهام عەلیێڤ، سەرۆکی ئەو وڵاتە کۆدەبێتەوە.
 
کامێز شەدادی، نێردراوی رووداو لە باکوی پایتەختی ئازەربایجانەوە سەبارەت بە سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی، کە یەکەمجارە لەو ئاستە باڵایە بەرپرسێکی کورد دەچێتە ئازەربایجان، گوتی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەڕێگەی فڕۆکەوە گەیشتە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی حەیدەر عەلیێڤ لە باکو و، "لەلایەن عەلی ئەحمەدۆڤ، جێگری سەرۆکوەزیرانی ئازەربایجان، هەروەها باڵیۆزی عێراق لە ئازەربایجان و باڵیۆزی ئازەربایجانیش لە عێراق پێشوازیی لێکرا".

 

مەکی رێسان، سەرۆکی شاندی دیپلۆماسیی عێراق لە ئازەربایجان لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ رووداو کە نوێنەر فاتیح لەگەڵیدا ئەنجامیدابوو و، ئەمڕۆ (سێشەممە 18-07-2023) پەخشکرا، گوتی "سەرۆکی هەرێمی کوردستان نوێنەرایەتیی هەموو عێراق دەکات لەو سەردانەیدا. پەنا بە خودا سەردانەکە ئاسۆی نوێ دەکاتەوە. ئێمە ویستمان هەیە و تەنانەت لایەنی ئازەربایجانیش ویست هەیە و دەخوازێت ئەم سەردانە زۆر ئاسۆی نوێ بکاتەوە".

 

سەردانە مێژووییەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ ئازەربایجان جگە لە گرنگیی بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییە ئابووری و بازرگانییەکانی نێوان هەردوولا، هەروەها لەلایەن کوردانی ئازەربایجانیشەوە بە گرنگ سەیر دەکرێت.
 
زابیت مەمەدۆڤ، سەرۆکی کۆمەڵەی کوردانی ئازەربایجان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئێمە وەکو کوردانی ئازەربایجان، پێمانوایە سەردانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ ئازەربایجان زۆر گرنگە، ئەم پەیوەندییەش کە لەنێوان ئازەربایجان و کوردستان دروست دەکرێت زۆر گرنگە، چونکە ئێمەش کێشەمان هەیە و لەو رێگەیەوە دەکرێت چارەسەر بکرێن. پێشتر هاتووچۆ لەنێوان هەردوولا هەبووە، بەڵام ئەمە یەکەم سەردانی فەرمی نێوان هەردوولایە و بۆ ئێمەش زۆر پێویستە".