دادگەی فیدراڵیی عێراق تاوتوێی سکاڵایەک لەدژی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەکات

18-07-2023
نازەنین گۆران
نیشانەکردن دادگای باڵای فیدراڵی
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق لەبارەی سکاڵایەکی سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان لەسەر پێنج مادەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کۆدەبێتەوە. 
 
دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق ئەمڕۆ (سێشەممە، 18ـی تەممووزی 2023)، بۆ تاوتوێکردنی سکاڵایەکی زیاد جەبار، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان کۆدەبێتەوە، سکاڵاکە لەدژی پێنج مادەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانە، کە تێیدا سکاڵاکار داوای نادەستووریبوونی مادەکانی  (1، 9، 15، 22 و 36)ـی یاسای هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستانی کردووە. 
 
رۆژی 11-06-2023 دادگەکە لەسەر هەمان سکاڵا کۆبووەوە، بەڵام ئەوکاتە دانیشتنەکەی بۆ ئەمڕۆ دواخست.
 
زیاد جەبار سکاڵاکەی لەسەر هەریەک لە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و رێواز فایەق، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان تۆمار کردووە. 
 
ناوەڕۆکی ئەو مادانەی یاسای هەڵبژاردن کە زیاد جەبار سکاڵای لەسەر تۆمار کردوون:
 
مادەی 1: پەرلەمانی کوردستان - عێراق لە 111 ئەندام پێکدێت.
مادەی 9: هەرێمی کوردستانی عێراق بە یەک ناوچەی دەنگدان دادەنرێت.
مادەی 15: بۆ هەرێمی کوردستان، تۆمار بەناوی دەنگدەران بۆ دەنگدان، بەپێی سەنتەرەکانی هەڵبژاردن ئامادەدەکرێن، بەپێی ریزبەندیی ئەبجەدیی ئەلفوبێ.
مادەی 22: هەر کیانێکی سیاسی لە هەرێمی کوردستان، بۆی هەیە لیستێکی تایبەت بە بەربژێرەکانی خۆی لەسەر ئاستی کوردستانی عێراق پێشکێش بکات، کە رێژەیەکی ژنانی تێدابێت، لە 30٪ کەمتر نەبێت.
مادەی 36:
یەکەم: پێنج کورسی بۆ کلدان سریان ئاشووری تەرخاندەکرێت، بەربژێرەکانی ئەو پێکهاتەیە کێبڕکێی لەسەر دەکەن. 
دووەم: پێنج کورسی بۆ تورکمان تەرخاندەکرێت، بەربژێرانی ئەو پێکهاتەیە کێبڕکێی لەسەر دەکەن.
سێیەم: یەک کورسی بۆ ئەرمەن تەرخاندەکرێت، بەربژێرانی ئەو پێکهاتەیە کێبڕکێی لەسەر دەکەن. 
 
رۆژی یەکشەممە 16ـی ئەم مانگە، دادگەی فیدراڵی عێراق لەبارەی سکاڵایەکی دیکەی زیاد جەبار لەسەر نایاساییبوونی ئەنجوومەنی کۆمیسیارانی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە و تێدا دادگەی سکاڵاکەی رەتکردەوە، بەو پێیەی ئەو پرسە لە دەسەڵاتی دادوەریی دادگەکەدا نییە.  
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

رووداو

لە بەردەڕەش منداڵێکی 4 ساڵ بوو بەژێر بارهەڵگرەوە؛ شۆفێرەکە باپیریەتی

ئەمڕۆ لە قەزای بەردەڕەشی سنووری دهۆک، باپیرەیەک "بە هەڵە" لەکاتێکدا بارهەڵگرەکەی لێخوڕیوە، نەوەیەکی چوار ساڵانی خۆی شێلاوە و بەو هۆیەوە گیانی لەدەستداوە.