ئاسایشی سلێمانی: 64 کۆچبەری نایاسایی و 6 قاچاخچی دەستگیرکران


رووداو دیجیتاڵ

ئاسایشی سلێمانی بڵاویکردەوە، دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان 64 هاووڵاتیی بیانی و شەش قاچاخچییان دەستگیرکردووە کە سنووری هەرێمی کوردستانیان بە "نایاسایی" بەزاندووە.
 
ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە، 18ـی تەممووزی 2023، ئاسایشی سلێمانی بڵاویکردەوە، "بەڕێوەبەرایەتیی ئۆپەراسیۆنەکانی دەزگای ئاسایش 64 هاووڵاتیی بیانییان دەستگیر کرد کە بە رێگەی نایاسایی سنوورەکانی هەرێمی کوردستانیان بەزاندووە".
 
ئاسایشی سلێمانی ئاماژەی بەوەکردووە، دوای بەدەستهێنانی زانیاری و چاودێریکردن، بە فەرمانی دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایش، رۆژی 16ـی ئەم مانگە 64 هاووڵاتیی بیانی و شەش "قاچاخچی و رێبەر" دەستگیرکراون و دەستگیراوە بەسەر ئۆتۆمبێلەکانیاندا.
 
لەگەڵ راگەیێندراوەکەدا، ئاسایشی سلێمانی ڤیدیۆی کاتی دەستگیرکردنی ئەو کەسانەی بڵاوکردووەتەوە؛ بەگوێرەی ڤیدیۆکە، ئۆپەراسیۆنەکە لە شەودا کراوە.
 
لە راگەیێندراوەکەی ئاسایشدا ئاماژە بەوەکراوە، "تۆمەتبارەکان" ویستوویانە "کەسانی بیانی بهێننە ناو خاکی هەرێمی کوردستان لە پێناو بڕێک پارەدا".
 
ئاسایش دەڵێت، تۆمەتبارەکان راگیراون و لێکۆڵینەوە لە دۆسیێەکانیان دەستیپێکردووە.