نێچیرڤان بارزانی و عەلیێڤ جەخت لە پەرەدان بە پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئازەربایجان دەکەنەوە


رووداو دیجیتاڵ

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ بە سەردانێکی فەرمی و لەسەر بانگهێشتی ئیلهام عەلیێڤ، سەرۆکی ئازەربایجان گەیشتە باکوی پایتەختی ئەو وڵاتە. سەرۆکایەتیی کۆماری ئازەربایجان لە راگەیێندراوێکدا گوتی، "سەرۆکی ئازەربایجان رایگەیاندووە ئەو سەردانەی نێچیرڤان بارزانی، دەبێتە هۆی زیادبوونی هاوئاهەنگیی نێوان هەردوولا".
 
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی حەیدەر عەلیێڤ لە باکو، لەلایەن عەلی ئەحمەدۆڤ، جێگری سەرۆکوەزیرانی ئازەربایجان، هەروەها باڵیۆزی عێراق لە ئازەربایجان و باڵیۆزی ئازەربایجانیش لە عێراق پێشوازیی لێکرا.
 
کردنەوەی کۆنسوڵخانەی ئازەربایجان لە هەولێر
 
سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا سەبارەت بە کۆبوونەوەی نێوان نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و ئیلهام عەلیێڤ، سەرۆککۆماری ئازەربایجان دەڵێت، "له‌ كۆبوونه‌وەیە‌كى دۆستانه‌ى دووقۆڵيدا، هه‌ردوولا جه‌ختيان له‌ بره‌ودان به‌ په‌يوه‌ندييه‌كانى ئازه‌ربايجان له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان له‌ هه‌موو بواره‌كاندا كرده‌وه‌، به‌تايبه‌تى له‌ بوارى ئابوورى و بازرگانى و گه‌شتيارى و وزه‌دا و ده‌رفه‌تى وه‌به‌رهێنان و سه‌رمايه‌گوزارييان بۆ كۆمپانياكانى ئازه‌ربايجان له‌ هه‌رێمى كوردستان و ته‌واوی عێراق تاوتوێ كرد." 
 
 
سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دەشڵێت، "هه‌ر له‌مباره‌يه‌وه‌ جه‌خت له‌ گرنگيى كردنه‌وه‌ى كۆنسوڵخانه‌يه‌كى گشتيى ئازه‌ربايجان له‌ هه‌رێمى كوردستان كرايه‌وه‌ كه‌ پێشتر بڕيارى لێدراوه‌ و باسى رێكاره‌كان كرا بۆ ئه‌وه‌ى له‌ داهاتوويه‌كى نزيكدا بكرێته‌وه و كار بكات بۆ بره‌ودان به‌ په‌يوه‌ندييه‌كان و هاريكاريى هاوبه‌شى هه‌ردوولا‌." 
 
تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەیان، بەگوێرەی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، دوايين رێكار و هه‌نگاوه‌كانى گه‌شتى راسته‌وخۆى ئاسمانيى هه‌ولێر ـ باكو و باكو له‌گه‌ڵ به‌غدا و چه‌ند ناوچه‌يه‌كى ديكه‌ى عێراق و ئاسانكارى بۆ پێدانى ڤيزا و ئاڵوگۆڕى سه‌ردان و شانده‌كانى هه‌ردوولا، خرايه‌ به‌ر باس.
 
سەرۆکایەتیی کۆماری ئازەربایجان: سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی یارمەتیدەرە بۆ بەرەوپێشبردنی هاوکارییەکانی نێوانمان

 

 
سەرۆکایەتیی کۆماری ئازەربایجان لە راگەیێندراوێکدا لەبارەی سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی رایگەیاند، "لە کۆبوونەوەکەدا لەبارەی پەرەپێدانی پەیوەندییە ئابووری و بازرگانییەکان، وەبەرهێنان، هاوکاری لە بواری وزە، زیادکردنی دەرفەتەکانی گەشتوگوزار و دەستپێکردنی گەشتی راستەوخۆ گفتوگۆ کرا".
 
لە راگەیێندراوەکەی سەرۆکایەتیی کۆماری ئازەربایجان دا هاتووە "سەردانی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە چوارچێوەی کۆبوونەوەی ئیلهام عەلیێڤ و نێچیرڤان بارزانی بووە لە مانگی شوباتی رابردوو لە میونشن کە تێیدا باسی رێکاری پێویست بۆ دیاریکردنی چوارچێوەی سەرەکیی هاوکاریی هەردوولا کرا".
 
هەر بەپێی راگەیێندراوی سەرۆکایەتیی کۆماری ئازەربایجان "سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی، یارمەتیدەرە بۆ بەرەوپێشبردنی هاوئاهەنگیی نێوانمان".
 
گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان: بەناوی سەرۆکی هەرێمی کوردستانەوە بە گەلی کوردستان رادەگەیێنین کە سەردانێکی سەرکەوتوو لە بەرژەوەندیی هەرێمی کوردستاندا ئەنجامدراوە.
 
 
دڵشاد شەهاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لەبارەی سەردانی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ ئازەربایجان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا گوتی، "لە باکۆی پایتەختی ئازەربایجان لە ئاستێکی بەرزی پڕۆتۆکۆڵیدا پێشوازی لە جەنابی سەرۆکی هەرێمی کوردستان کرا، کۆبوونەوەیەکی گرنگ و سەرکەوتوو لەنێوان هەردوو سەرۆکدا بەڕێوەچوو".
 
دڵشاد شەهاب گوتی، لە کۆبوونەوەکەدا باسی پەیوەندییەکانی نێوان ئازەربایجان و هەرێمی کوردستان و هەروەها ئازەربایجان و عێراق کراوە. گوتیشی، باسی پەیوەندییە بازرگانی و کولتوورییە هاوبەشەکانی هەردوو گەلی هەرێمی کورستان و کۆماری ئازەربایجان کراوە.
 
باسی کردنەوەی کۆنسۆڵخانەی کۆماری ئازەربایجان لە هەولێر، کردنەوەی هاوتووچۆی ئاسمانی لەنێوان هەولێر و چەند شارێکی دیکەی عێراق لەگەڵ باکو، بەشێکی دیکەی گفتوگۆکانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆککۆماری ئازەربایجان بووە.

 

 
گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان گوتی، "بەگوێرەی یاسا، سەرۆکی هەرێمی کوردستان نوێنەرایەتیی گەلی کوردستان دەکات لە نێوەندە نێودەوڵەتییەکان و بەنێوی گەلی کوردستانەوە دەدوێت، بۆیە ئەم ئامادەبوونە دیپلۆماسییە گەورەیە و لە ماوەکانی رابردووشدا لە دیداری بەڕێزان راوێژکاری ئەڵمانیا، سەرۆکی حکومەتی ئیتاڵیا، سەرۆککۆماری تورکیا و ئامادەبوون لە ناوەندە نێودەوڵەتییەکان بە زیندوویی هێشتنەوەی پێگەی دیپلۆماسی و سیاسیی هەرێمی کوردستان دەردەخات کە جەنابی سەرۆکی هەرێمی کوردستان نوێنەرایەتی دەکات".
 
دڵشاد شەهاب گوتیشی، "بەناوی جەنابی سەرۆکی هەرێمی کوردستانەوە، بە گەلی کوردستان رادەگەیێنین کە سەردانێکی سەرکەوتوو لە بەرژەوەندیی هەرێمی کوردستاندا ئەنجامدراوە".
 
دڵشاد شەهاب دەڵێت، "ئەو پێشوازییەی بەڕێز سەرۆککۆماری ئازەربایجان لە سەرۆکی هەرێمی کوردستانی کرد، لە ئاستێکی بەرزی دیپلۆماسیدا بوو، نوێنەرایەتییەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان تەنیا لە سەر ئاستی هەرێمی کورستان نییە، بەڵکو لەسەر ئاستی عێراقیشدایە".
 
مەکی مەعمووری: بە هەموو پێوەرێک ئەم سەردانەی نێچیرڤان بارزانی سەرکەوتووە
 
مەکی مەعمووری، کاربەڕێکەری باڵیۆزخانەی عێراق لە ئازەربایجان لەبارەی سەردانەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستانەوە قسەی بۆ پەیامنێری رووداو کرد و گوتی، "سەردانێكی گرنگە و لەلایەن جێگری سەرۆکوەزیرانی ئازەربایجان پێشوازییەکی فەرمی لێکرا".
 
مەکی مەعمووری دەڵێت "تاوتوێی پەیوەندیی مێژوویی نێوان هەردوو وڵات و گفتوگۆ لە بوارە جیاجیاکاندا کرا، پاشان لە فڕۆکەخانەوە چووینە کۆشکی سەرۆکایەتی بەمەبەستی کۆبوونەوەی دوو قۆڵی لەگەڵ ئیلهام عەلیێڤ، سەرۆکی ئازەربایجان و کۆبوونەوەیەکی گرنگ بوو، تێیدا تاوتوێی پەیوەندیی دوو قۆڵی نێوان هەردوو وڵاتدا کرا". 

 

 
بە گوتەی مەعمووری، ئەم سەردانە تەواوکەری سەردانی پێشووی سەرۆککۆمار، جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوەی عێراقە کە تێیدا جەختیان لە کردنەوەی ئاسمانی ئازەربایجان بە رووی فڕۆکەکانی عێراق بۆ گەشتیار و بازرگاکان کردەوە، باس لە پەرەدان بە پەیوەندیی بازرگانی و زیاترکردنی وەبەرهێنان لە هەردوو وڵات کرا. دەشڵێت، "بە هەموو پێوەرێک ئەم سەردانە سەردانێكی سەرکەوتووە. هەروەها لەبارەی کردنەوەی کۆنسوڵخانەی گشتیی ئازەربایجان لە هەولێر و دامەزراندنی ئەنجوومەنی بازرگانانی عێراقی ئازەربایجان بەمەبەستی پەرەدان بە وەبەرهێنان لە عێراق بە گشتی و لە هەرێمی کوردستان بە تایبەتی گفتوگۆ کرا".
 
عومەر نوورەدینی: ناوەندەکانی توێژینەوە و راوێژکاریی ئازەربایجان بانگهێشتی نێچیرڤان بارزانییان پەسند کردووە
 
عومەر نوورەدینی، پسپۆڕی زانستە رامیارییەکان و مامۆستای زانکۆ لەبارەی پێگەی ئازەربایجانەوە دەڵێت "ئازەربایجان لە چەندین لاوە وەکو دەوڵەتێکی خاوەن سەروەری، بایەخ و پێگەی تایبەتی خۆی هەیە، ئەو پێگە جیۆپۆلەتیکییەی کە ئازەربایجان هەیەتی، پێگەکەی بووەتە هۆی ئەوەی لە پەیوەندیی نێودەوڵەتی و کێشەکانی پەیوەست بە هێز، ئاشتی و ململانێ، وزە و بازرگانی بەهێزبێت".
 
 
عومەر نوورەدینی کە میوانی بووڵتەنی کاژێر 16:30ـی رووداو بوو، گوتی "ئەم بانگهێشتنامەیەی کە بۆ سەرۆکی هەرێمی کوردستان نێردراوە، لەلایەن خودی سەرۆکی ئازەربایجانەوە بێ دیراسە نەبووە، ناوەندەکانی راوێژکاری و توێژینەوە لە باکۆ هەڵیانسەنگاندووە، دوای بەو بڕوایە گەیشتوون کە هەنگاوێکی دیپلۆماسی لەو شێوەیە بنێن بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ هەرێمی کوردستان و عێراق، لە رێگەی کاراکتەرێکی سیاسی و کاریگەری وەکو نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستانەوە، کەواتە ئەم هەنگاوەیان بە دیراسە بووە".
 
بە گوتەی عومەر نوورەدینی، ئازەربایجان لەوە تێگەیشتووە کە هەرێمی کوردستان وەکو قەوارەیەکی سیاسی لە چوارچێوەی عێراقدا، لە رابردوو و ئێستاشدا بەشێکە لە هاوکێشەکانی تایبەت بە لایەنی دیپلۆماسی، ئابووری، وزە و رووبەڕووبوونەوەی تووندڕۆیی و ئاسایش لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست. گوتیشی، "ئەوان دەیانەوێ پەیوەندییەکانیان لەگەڵ عێراق ببەنە قۆناخێکی نوێوە، وای دەبینن دەروازەیەکی گونجاوە بۆ ئەوەی هەرێمی کوردستان و رێگەکەیان بە هەولێردا تێدەپەڕێت، ئەوەش دەزانن کە ئەو سیاسەتەی لە هەرێمی کوردستان پەیڕەو دەکرێت، لەگەڵ سیاسەتی سەرکردایەتیی سیاسیی ئازەربایجان یەکدەگرێتەوە".
 
سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ سێشەممە، 18-7-2023، گەیشتە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی حەیدەر عەلیێڤ لە باکو و، لەلایەن عەلی ئەحمەدۆڤ، جێگری سەرۆکوەزیرانی ئازەربایجان، هەروەها باڵیۆزی عێراق لە ئازەربایجان و باڵیۆزی ئازەربایجانیش لە عێراق پێشوازیی لێکرا.
 
 
سەردانەکە لەدوای ئەوە دێت، لە شوباتی ئەمساڵدا و لەچوارچێوەی کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن، نێچیرڤان بارزانی و ئیلهام عەلێیڤ کۆبوونەوە و، لە کۆبوونەوەکەدا سەرۆکی ئازەربایجان بانگهێشتی نێچیرڤان بارزانی کرد بۆ وڵاتەکەی.
 
پێش ئەوەی بە فەرمی کۆبوونەوەکەیان دەستپێبکات، ئیلهام عەلیێڤ لەکاتێکدا وەستابوو بۆ ئەوەی لەلایەن رۆژنامەڤانانەوە وێنەیان بگیرێت، بە نێچیرڤان بارزانی گوت، "بیرەوەریی زۆر باشم هەن سەبارەت بە کۆبوونەوەکەمان لە میونشن"، نێچیرڤان بارزانیش پێی راگەیاند، "زۆر سوپاس بۆ بانگهێشتکردنم، زۆر خۆشحاڵم کە لەکۆتاییدا هاتمە ئێرە". سەرۆکی ئازەربایجان بە سەرۆکی هەرێمی کوردستانی گوت "گفتوگۆی باشمان دەبێت بۆ دیاریکردنی بابەتەکانی هاوبەشیمان لەماوەی سەردانە دوو رۆژییەکەتدا".