دارستان و پاوانی سلێمانی: زیاتر لە 5000 دۆنم دارستان و پاوان سووتاون

18-07-2023
محەممەد رەحیم کەریم @Mohammed_mrk
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری دارستان و پاوانی سلێمانی رایگەیاند، تەنیا ئەمساڵ لە سنووری پارێزگای سلێمانی زیاتر لە 5000 دۆنم دارستان و پاوان سووتاون. دەشڵێت، ئێستا بە هاوکاریی نەتەوە یەکگرتووەکان کار دەکەن بۆ بەرهەمهێنانی یەک ملیۆن و 500 هەزار نەمام.
 
هاوکار جەلال، بەڕێوەبەری دارستان و پاوانی پارێزگای سلێمانی لەکاتی بەشداریکردنی لە پۆدکاستی "بە کاتی سلێمانی" رایگەیاند، یەکێک لەو گرفتانەی رووبەڕووی دارستانە دەستکردەکان دەبێتەوە، نەبوونی پاسەوانە، بەتایبەت لە وەرزی هاویندا کە رووداوەکانی ئاگرکەوتنەوە زۆرینەی لەو وەرزەدا دەبێت.
 
لەبارەی رووبەری دارستانە دەستکردەکان لە سنووری پارێزگای سلێمانی، بەڕێوەبەری دارستان و پاوان دەڵێت، ئاماری نوێیان لەبەردەستدا نییە. بەگوێرەی ئاماری ساڵی 2015 رووبەری دارستانی دەستکرد لە پارێزگاکەدا 15980 دۆنمە، بەڵام ئامارەکە ئێستا گۆڕانی بەسەردا هاتووە. هەروەها رووبەری دارستانی سرووشتی لە پارێزگای سلێمانی 570 هەزار دۆنمە.
 
بەڕێوەبەری دارستان و پاوان ئاماژەی بەوە دا، داوایان لە چەند رێکخراوێک کردووە بۆ رووپێویی دارستانەکان، بەڵام تائێستا هیچ رێکخراوێک ئامادە نەبووە، رووپێوییەکەیان بۆ بکات.
 
رووداوەکانی ئاگرکەوتنەوە و سووتانی دارستان و پاوانەکان زۆرینەیان لە وەرزی هاویندا روودەدەن، بەتایبەت لە مانگەکانی حوزەیران تاوەکو کۆتایی مانگی ئەیلوول.
 
بەڕێوەبەری دارستان و پاوانی پارێزگای سلێمانی گوتیشی، ئەمساڵ نزیکەی 5000 دۆنم دارستان و پاوان سووتاون، لەسەر سووتاندنی دارستانەکانیش نزیکەی 10 کەس دەستگیر کراون و دۆسیەیان بۆ کراوەتەوە.
 
لەبارەی ئامێری پێویست بۆ کوژاندنەوەی ئاگری دارستان و پاوانەکان، دەڵێت، "ئامێری (بلاوەر) هەیە، ئامێرێکی ئاگرکوژێنەوەیە و کۆڵەپشتییە، بۆ کوژاندنەوەی ئاگری شوێنە سەختەکان بەکاردێت، داوامان کردووە بۆمان بکڕن، بەڵام تائێستا رەزامەندی نەدراوە. تەنانەت لە مانگی یەک داوای سووتەمەنیم کردووە بۆ کارپێکردنی ئامێرەکانمان، ئێستا مانگی حەوتە و هێشتا رەزامەندی نەهاتووەتەوە."
 
بەڕێوەبەرایەتیی دارستان و پاوانی سلێمانی بە پاڵپشتیی پرۆگرامی خۆراکی جیهانی - WFP، پڕۆژەیەکی لەبەردەستە بۆ بەرهەمهێنانی نەمام.
 
هاوکار جەلال دەڵێت، "نەمامگەکانی ئێمە ساڵانە نزیکەی 400 هەزار نەمام بەرهەم دەهێنن، ئێستاش پڕۆژەیەکی هاوبەشمان لەگەڵ پرۆگرامی خۆراکی جیهانی هەیە بۆ بەرهەمهێنانی 1.5 ملیۆن نەمام و لە مانگی 11ی ئەمساڵ، بەشێکی ئامادە دەبێت، بۆ ساڵی داهاتووش بەشەکەی دیکەی ئامادە دەبێت."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە