لە ئەرزەڕۆمی باکووری کوردستان بوومەلەرزە روویدا
رووداو دیجیتاڵ
لە پارێزگای ئەرزەڕۆمی باکووری کوردستان بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 4.0 پلە بە پێوەری رێختەر روویدا.
سەرۆکایەتیی کارەساتی لەناکاو و فریاگوزاریی تورکیا - ئافاد بڵاوی کردەوە، کاژێر 03:27 خولەکی بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە، 18ـی تەممووزی 2023 بوومەلەرزەیەک بەگوڕی 4.0 پلەی رێختەر لە شارۆچکەی کۆپروکۆی بە دووری 58 کیلۆمەتر لە ناوەندی شاری ئەرزەرۆم تۆمارکراوە.
ئافاد رایگەیاند، بوومەلەرزەکە لە قووڵایی 7.02 کیلۆمەتر بووە، بەڵام تائێستا هیچ زانیارییەک لەبارەی زیانەکانی بوومەلەرزەکە بڵاونەکراوەتەوە.
دوای بوومەلەرزە وێرانکەرەکانی مەرەش لە 6ـی شوباتی ئەمساڵدا کە لە 11 پارێزگای باکووری کوردستان و تورکیا بووە هۆی گیانلەدەستدانی 50 هەزار و 500 کەس، پاشلەرزەکان بەردەوامن.
تائێستا زیاتر لە 10 هەزار پاشلەرزە تۆمارکراون کە گەورەترینیان بە گوڕی 6.4 پلەی رێختەر لە پارێزگای هاتای تۆمارکرا.
بوومەلەرزەکانی شوباتی رابردوو بوونە هۆی گیانلەدەستدانی نزیکەی 6 هەزار کەسی دیکەش لە رۆژئاوای کوردستان و سووریا.