لوقمان عەبدولقادر: نەخۆشخانەی بەرکەوتووانی چەکی کیمیایی بووەتە ناوەندێک بۆ نەشتەرگەری جوانکاری

18-07-2022
سیروان عەباس
لوقمان عەبدولقادر، سەرۆکی کۆمەڵەی قوربانییانی بەرکەوتەی چەکی کیمیایی هەڵەبجە
لوقمان عەبدولقادر، سەرۆکی کۆمەڵەی قوربانییانی بەرکەوتەی چەکی کیمیایی هەڵەبجە
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکی کۆمەڵەی قوربانییانی بەرکەوتەی چەکی کیمیایی رایگەیاند، ئەگەر حکومەت و لایەنە بەرپرسەکان، نەیەنە سەر هێڵ و کێشەی قوربانییان چارەسەر نەکەن، ناچارن بچنە بەردەم باڵەخانەی ئەنجوومەنی وەزیران و هەڵوێست وەربگرن. گوتیشی " نەخۆشخانەی بەرکەوتووانی چەکی کیمیایی بووەتە ناوەندێک بۆ نەشتەرگەری جوانکاری." 
 
ئەمڕۆ دووشەممە 18-07-2022، لوقمان عەبدولقادر، سەرۆکی کۆمەڵەی قوربانییانی بەرکەوتەی چەکی کیمیایی هەڵەبجە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند: لە پرۆسەی چاکسازیی حکومەتدا، مینحەی ئەو قوربانییانەی چەکی کیمیایی بڕاوە کە مووچەی دیکەیان هەیە، ئێمە داوا لە جەنابی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین، ئەم نادادییەی ئێستا هەیە، بە هەوڵی هیمەتی ئەوان راستبکرێتەوە و قوربانییانی کیمیاباران لەمە بێنازتر و بێخاوەنتر نەکرێن، چونکە ئێمە ئاگادارین ئەنجوومەنی وەزیران داوای پڕۆژەی لە وەزارەتەکان کرد، ئێمە نە لە وەزارەتی شەهیدان و نە لە وەزارەتی تەندروستی هیچ حسابمان بۆ نەکراوە.
 
لوقمان عەبدولقادر گوتی، " ئەگەر حکومەت و لایەنە بەرپرسەکان، نەیەنە سەر هێڵ، ئێمە ناچارین 'قوربانییانی هەڵەبجە، بالیسان و شێخ وەسان' بچینە بەردەم باڵەخانەی ئەنجوومەنی وەزیران و هەڵوێست وەربگرین."    
 
سەرۆکی کۆمەڵەی قوربانییانی بەرکەوتەی چەکی کیمیایی ئاماژەی بەوە کرد: ئێمە لەگەڵ قوربانی وڵاتانی دیکە پەیوەندیمان هەیە، هیوادارین وەکو قوربانیی ئەو وڵاتانە حسابمان بۆ بکرێت، ئەوانەی پێویستیان بە چاندنی چاو یان کۆئەندامی هەناسە هەیە بۆیان بکرێت، رەوا نییە بەرکەوتووانەی چەکی کیمیایی بۆ چارەسەر بچنە هەولێر و سلێمانی.
 
لەبارەی نەخۆشخانەی تایبەت بە بەرکەوتووانی چەکی کیمیایی لە هەڵەبجە، سەرۆکی کۆمەڵەکە گوتی، " ئێمە چاوەڕوانمان دەکرد نەخۆشخانەی بەرکەوتووانی چەکی کیمیایی ببێتە ناوەندێک بۆ چارەسەری بەرکەوتەکان، بەڵام تەحەدا دەکەم یەک بەرکەوتە لەو نەخۆشخانەیە شەوی بە رۆژ نەگەیاندووە و بووەتە ناوەندێک بۆ نەشتەرگەری جوانکاری." 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە