بنەماڵەی قازی محەممەد لەسەر وەسیەتی پێشەوا قازی تەرمی کوڕە تاقانەکەیان نەبردەوە مهاباد
رووداو - کەلار
دوو یادگاریی پێشەوا قازی محەممەد، تەرمی تاقانە کوڕەکەی لە ئاڵای کوردستان پێچرایەوە و لە پایتەختی هەرێمی کوردستان، پێشوازیی لێکرا. لە فڕۆکەخانەی هەولێر، بەرپرسانی باڵای هەرێمی کوردستان و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان بە ماتەمەوە بۆ پێشوازیکردنی تەرمی عەلی قازی شانبەشانی بنەماڵەی سەرۆککۆماری کوردستان وەستان.
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەکاتی پێشوازی لە تەرمی عەلی قازی گوتی، "لە هەرکوێ دەرفەتی هەبووایە بەدوای تەبایی و یەکڕیزیی گەلەکەی بوو، ئەمەش لە پێشەوا قازیی باوکیەوە بۆی ماوەتەوە، پێشەوای نەمریش دوایین وەسێتی ئەوە بوو کە لە خەمی یەکڕیزی، یەکگرتوویی و تەبایی گەلەکەیدا بوو."
عەلی قازی رۆژی 10ی تەممووز لە شاری کۆڵنی ئەڵمانیا کۆچی دواییکرد. کەسوکاری رایانگەیاند، وەسیەتی کردووە تەرمەکەی بگەڕێندرێتەوە مهاباد.
سەرەڕای رەزامەندیی حکومەتی ئێران و ئامادەکاری بۆ هێنانەوەی، بەڵام بنەماڵەی قازی بڕیاریاندا لەسەر وەسیەتی پێشەوا قازی، متمانە بەو ئاسانکارییە نەکەن و تەرمەکەی نەنێرنەوە مهاباد.
کوردۆ قازی، کوڕی عەلی قازی گوتی، "باوکم هەر دەیوت ئێمە کورد و کوردستانیین، هەرگیز نابێت جیاوازی بکەین، هەر کوردپەروەری و کوردستانی لای باوکم گرنگ بوو، بۆ ئێمەش هەر ئەوە گرنگە، ئێمەش گوتمان لەجیاتیی ئەوەی لەژێر ئاڵای وڵاتێکی دیکەدا بێت، با لەژێر ئاڵای کوردستاندا بێت، لەبەرئەوە هێنامانەوە بۆ کەلار، لێرە ئینشائەڵڵا بە ئەمانەت دەبێت و رۆژێک دەیبەینەوە بۆ کوردستان."
عەلی قازی لە سەردەمی کۆماری کوردستان تەمەنی 12 ساڵان بوو. لە 13 ساڵی باوکی لەسێدارە درا و دوای چەند ساڵێک، رۆژهەڵاتی کوردستانی جێهێشت، لە ئەڵمانیا نیشتەجێ بوو، تاوەکو سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران لە ساڵی 1979 و دوای شۆڕش گەڕایەوە، بەڵام گەڕانەوەکەی کاتی دەبێت و دیسانەوە دەچێتەوە ئەڵمانیا.
مونیرە قازی، کچی پێشەوا قازی محەممەد لە رێوڕەسمی بەخاکسپاردنی براکەیدا گوتی، "گوتیان نابێت لە قوتابخانەی سابڵاخ بخوێنیت، دایکم گوتی، ئای خودایە، رۆڵە من تۆ ببەمە کوێ؟"
بنەماڵەی قازی و بەگزادەکانی جاف کە دوو بنەماڵەی ناسراوی کوردستانن، پەیوەندیی کۆمەڵایەتی و سیاسییان هەیە. ساڵی 2020 مریەم خانی قازی، کچی پێشەوا، لە تەنیشت گۆڕی سەردار بەگی جافی هاوژینی لە کەلار بەخاکسپێردرا و ئەمڕۆش عەلی-ی تاقانە برای لە تەنیشت گڵکۆکەی بەخاکسپێردرا.