رۆژنامەڤانێک لە هەولێر لەسەر سکاڵای پزیشکێکی جوانکاری دەستگیر دەکرێت

18-07-2022
هێمن بابان رەحیم
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

نەقیبی رۆژنامەنووسانی کوردستان رایدەگەیێنێت، دەستگیرکردنی رۆژنامەڤانێکی کەناڵی کەی ئێن ئێن لە شاری هەولێر لەسەر سکاڵای پزیشکێک بووە، ئێستاش لەسەر هێڵن بۆ ئازادکردنی رۆژنامەڤانەکە. پارێزەری رۆژنامەڤانەکەش دەڵێت، "دیارنییە ئەمڕۆ ئازاد دەکرێت یان نا."
 
رۆژی دووشەممە 18-7-2022 ئازاد حەمەدئەمین، نەقیبی رۆژنامەنووسانی کوردستان لەبارەی دەستگیرکردنی رۆژنامەڤانێکی کەناڵی کەی ئێن ئێن لە هەولێر، بە رووداوی راگەیاند: "ئەو رۆژنامەنووسە ئەمڕۆ دەستگیرکراوە، ئێمە لەسەر هێڵین و لەگەڵ دادوەرەکاندا قسەمان کردووە بۆ ئازادکردنی، لەبەر ئەوەی لەسەر بابەتێکی رۆژنامەوانی دەستگیرکراوە، دەبوایە بە یاسای رێکخستنی کاری رۆژنامەنووسی مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت کە دەڵێت 'نابێت رۆژنامەنووس بگیرێت'، ئەوە جگە لەوەی ئێمە ئاگاداری  دەستگیرکردنەکەی نەبووین، بەڵام لەهەوڵداین بۆ ئازادکردنی."
 
ئەمڕۆ کاژێر 09:00ـی سەر لە بەیانی، ئەیوب وەرتێ، پەیامنێری کەناڵی کەی ئێن ئێن لە شاری هەولێر، بەهۆی سکاڵای پزیشکێکەوە، چووەتە بنکەی پۆلیسی بەختیاری لە شاری هەولێر، دوای ئەوەی پێشتر دوو جار ئاگادارکردنەوەی بۆ چووە، بەڵام رۆژنامەڤانەکە لەلایەن پۆلیسەوە دەستبەسەر کراوە.
 
بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، دوای وروژاندنی کاری جوانکاریی لەلایەن پزیشکانەوە، ئەیوب وەرتێ راپۆرتێکی بۆ کەناڵەکەی لەبارەی ئەوەی گوایە پزیشکێک دەستدرێژی کردبێتە سەر دوو خوشک ئامادەکردووە، بەڵام لە راپۆرتەکە دیمەنێکی بەکارهێناوە کە پزیشکێکی جوانکاری نەشتەرگەریی جوانکاریی بۆ پیاوێک کردووە، بۆیە پزیشکەکە سکاڵای لەسەر تۆمارکردووە.
 
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، نۆڕینگەکەی پزیشکەکە لە گەڕەکی بەختیاری شاری هەولێرە، بۆیە لە بنکەی پۆلیسی بەختیاری سکاڵای لەسەر رۆژنامەڤانەکە تۆمارکردووە.
 
عەبدولوەهاب ئەحمەد، بەڕێوەبەری ئۆفیسی هەولێری کەناڵی کەی ئێن ئێن، زمانحاڵی بزووتنەوەی گۆڕان، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئەیوب بە برادەرانی بەرپرسی لە کەناڵ گوتبوو کە دەبێت دەمووچاوی ئەو پزیشکە بشاردرێتەوە، چونکە ئەو پزیشکە هیچ کاتێک پەیوەندیی بە راپۆرتەکەی ئەوەوە نییە، بەڵام دەموچاوی پزیشکەکە بە هەڵە نیشاندرابوو، بۆیە ئەویش سکاڵای لەسەر تۆمارکردووە و چاوەڕوانین ئەمڕۆ بە کەفالەت ئازاد بکرێت."
 
ئەو رۆژنامەڤانە بەپێی یاسای ژمارە 433 لە یاسای سزادانی عێراقی دەستگیرکراوە، کە تایبەتە بە ناوزڕاندن.
 
بەشدار حەسەن، پارێزەری خۆبەخشی ئەیوب وەرتێ، لەبارەی دۆسییەکەوە بە رووداوی گوت: "ئەمڕۆ دەچینە لای دادوەری خەفەر بۆ ئەوەی ئەیوب وەرتێ ئازاد بکات، ئیدی هێشتا دیارنییە ئەمڕۆ ئازاد دەکرێت یان نا، بەڵام هەموو هەوڵێکی خۆمان دەدەین ئەمڕۆ ئازادبکرێت نەوەک سبەینێ."
 
بەپێی یاسای ژمارە 35ـی کاری رۆژنامەنووسی لە هەرێمی کوردستان رۆژنامەنووس لەسەر کاری رۆژنامەوانی دەستگیرناکرێت و تەنیا پێبژاردنی دارایی دەکرێت، بەڵام لە هەرێمی کوردستان چەند جارێک رۆژنامەڤانان لەسەر کاری رۆژنامەڤانی بە یاسای سزادانی عێراق یان یاسای دیکە دۆسیەیان بۆ کراوەتەوە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دلێر عەبدولخالق، رێکخەری ژووری رۆژنامەڤانیی بزووتنەوەی گۆڕان

دلێر عەبدولخالق: لەگەڵ چەند لایەنێک دانوستانمان بۆ پێکهێنانی هاوپەیمانی کرد، بەڵام سەرکەوتوو نەبوو

رێکخەری ژووری رۆژنامەڤانیی بزووتنەوەی گۆڕان دەڵێت، بۆ چارەسەرکردنی ئەو پاشەکشەیەی لە دەنگی بزووتنەوەی گۆڕاندا هەبووە، لەگەڵ ژمارەیەک کەسایەتی لە هەوڵدان بۆ کاری پێکەوەیی و ئەگەر بگەنە رێککەوتن، گۆڕانکاری لە سەرۆکی لیست و بەربژێرانی بزووتنەوەکەدا دەکرێت