ئاژەڵدارێک لە سنووری باڵەکایەتی: بەهۆی کەمیی لەوەڕگا شەڕ لەنێوان ئاژەڵداران دروستدەبێت


رووداو دیجیتاڵ

لە کوێستانەکانی باڵەکایەتی و برادۆست لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، ئاژەڵداران بەهۆی کەمئاوییەوە بە تانکەر ئاو بۆ ئاژەڵەکانیان دەکڕن و دەڵێن، هیچکاتێک وەکو ئەمساڵ کەمی ئاو گرفتی بۆ دروست نەکردوون.
 
دوو ساڵە بەشێکی ئاژەڵدارانی ناوچەکە بەهۆی وشکەساڵییەوە بە ناچاری بۆ لەوەڕاندنی ئاژەڵەکانیان، روو لە کوێستانەکانی قەندیل دەکەن. ئاژەڵدارێک دەڵێت، هەرچی کانیاوە لەو دوو ساڵەدا وشکبوون، حکومەتیش هیچ هاوکارییان ناکات. ئاژەڵدارێکی دیکە دەڵێت، بەهۆی کەمی لەوەڕگا شەڕ لە نێوان ئاژەڵداران دروستدەبێت.
 
زێرۆ خدر، ئاژەڵدار بە رووداوی گوت: "هەرچی کانیاوە لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا وشکبوون، بە تانکەر ئاو بکڕین رۆژێک
و دووان نییە، حکومەتیش هیچ هاوکارمان نییە و بۆمان دەرناهێنێت، زۆرن ئەوانەی بیریان لە فرۆشتنی ئاژەڵەکانیان کردووەتەوە، ئێستا بیری سووریمان لێداوە، بەڵام کاتێک کارەبا دێتەوە، دەبێت بچین ئاژەڵەکان ئاوبدەین، کارەباش نەبێ دەمێنینەوە."
 
وشکبوونی چەم و رووبارەکان لە سنووری شەقڵاوە تاوەکو دەگاتە باڵەکایەتی و برادۆست، وایکردووە وەکو ساڵان چیاکانی سەفین، کەپکی ئەحمەد ئاغا، چیای ئارموشان و سنووری گوندەکانی هەریر و باتاس، لەم وەرزەی ساڵدا مەڕ و ماڵاتیان تێدا بەخێو نەکرێت.
 
ماوەی دوو ساڵە ئاژەڵداران بە ناچاری و بۆ ئەوەی کێشەی ئاویان نەمێنێت، رێگەی دوور بۆ کوێستانەکانی قەندیل، باڵەکایەتی و برادۆست دەبڕن. هەرچەندە لەوێ کێشەی ئاویان نامێنێت، بەڵام رووبەری لەوەڕگا بە بەراورد بە رانەمەڕی مەڕداران کەمە و کێشەی لەوەڕگایان بۆ دروست دەبێت.
 
فاخیر حەمەد ئەمین، ئاژەڵدار بە رووداوی گوت: "کەمیی ئاو وایکردووە هەموو مەڕداران کە ساڵانی پێشتر لە سنووری شەقڵاوە
رانیە و پشدەر و هەریر دەمانەوە، روو لە کوێستانەکانی باڵەکایەتی و برادۆست و حاجی ئۆمەران بکەن، ئاو زۆرە لەم ناوچانە، بەڵام کێشەی لەوەڕگا دروست دەبێت، جارهەیە دەبێتە شەڕ و هەرا لەسەر لەوەڕگا."
 
کوێستانەکانی باڵەکایەتی و برادۆست، خاوەن گەورەترین لە وەڕگای ئەم وەرزەی سنووری پارێزگای هەولێرن، ئەمساڵ زیاتر لە  700 هەزار سەرمەڕی لێ بەخێودەکرێت.