ئەمڕۆ سەڵاحەدین دەمیرتاش دادگایی دەکرێت

18-07-2018
هەوار ئیسماعیل
سەڵاحەدین دەمیرتاش، ھاوسەرۆکی پێشووی پارتی دیموکراتی گەلان (ھەدەپە)
سەڵاحەدین دەمیرتاش، ھاوسەرۆکی پێشووی پارتی دیموکراتی گەلان (ھەدەپە)
نیشانەکردن سەڵاحەدین دەمیرتاش
A+ A-

رووداو - هەولێر 

ئەمڕۆ چوارشەممە پرۆسەی دادگاییکردنی سەڵاحەدین دەمیرتاش، ھاوسەرۆکی پێشووی پارتی دیموکراتی گەلان (ھەدەپە) بەڕێوەدەچێت.


بەگوێرەی میدیاکانی تورکیا، پڕۆسەی دادگاییکردنی دەمیرتاش لەلایەن 19ـەمین دادگای سزا قورسەکانی ئەنقەرە لە سینجان بەڕێوەدەچێت و بە تۆمەتی "بەڕێوەبردنی رێکخراوی تیرۆریستی" داوای 142 ساڵ زیندانیکردنی دەمیرتاش دەکرێت. 

لە دوایین دانیشتنی دادگا لەسەر ئەم کەیسە دەمیرتاش گوتەی بەرگری خۆی پێشکەشکرد و گوتی: "من ھەرگیز بەڕێوەبەری پەکەکە نەبووم، ھەرگیز فەرمانم لە کەس وەرنەگرتووە و کەسیش فەرمانی پێ نەکردووم".

پارێزەرانی دەمیرتاش بۆ دانیشتنەکەی ئەمڕۆی دادگا لەسەر ئەم کەیسە 22 داواکارییان پێشکەش بە دەستەی دادگا کردووە.لەوانە ئامادەبوون و وەرگرتنی گوتەکانی هەریەک لە ئەحمەد داودئۆغڵو، سەرۆکوەزیرانی پێشووی تورکیا، هاکان فیدان راوێژکاری دەزگای هەواڵگری (میت)، ئەفکان ئالا، وەزیری ناوخۆی پێشووی تورکیا، یاڵچن ئاکدۆغان، جێگری پێشووی سەرۆکوەزیرانی تورکیا لەگەڵ سری سوورەیا ئۆندەر و سەلما ئرماک پەرلەمانتارانی هەدەپە.

سەڵاحەدین دەمیرتاش لە ساڵی 2007 بۆ یەکەمجار بووە پەرلەمانتاری سەربەخۆی ئامەد. لە ساڵی 2010ـدا بووە هاوسەرۆکی بەدەپە. 

دواتر ئەستێرەی دەمیرتاش گەشاوەتر بوو و لە ساڵی 2014ـدا بووە بەربژێری سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا و %9.76ـی دەنگەکانی بەدەستهێنا. لە 2014ـدا بووە هاوسەرۆکی گشتیی هەدەپە و لە 4-11-2016 لە ئامەد دەستگیرکرا، ئێستا لە گرتووخانەی ئەدیرنە زیندانیکراوە.

دەمیرتاش، لە گرتووخانە کاتەکانی خۆی زیاتر بە خوێندن و نووسین بەسەر دەبات و، کتێبێکیشی بەناوی سەحەر بەزمانی تورکی نووسیوە کە بۆ دیالێکتی کورمانجی و سۆرانیش وەرگێڕدراوە.


داڕشتنەوە؛ راوچی حەسەن 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە