ته‌له‌عفه‌ر.. پێشمه‌رگه‌ هێرشێكی داعشی تێكشكاند

رووداو- دهۆک

كاژێر 5ى سه‌رله‌به‌یانى ئه‌مڕۆ شەممە 18-7-2015، چه‌كدارانى داعش هێرشیان كرده‌ سه‌ر چواڕیانى هه‌ردان له‌ باكوورى ته‌له‌عفه‌ر، دواى شه‌ڕێكى دوو كاژێرى هێرشه‌كه‌یان تێكشكێندرا.


سه‌یدۆ عوزێر، ئه‌فسه‌رى پێشمه‌رگه‌ له‌ هێزى پاراستنى شنگال، به‌(تۆڕى میدیایى رووداو)ى راگه‌یاند:" چه‌كداران له‌ گوندى نه‌عین عادى عه‌ره‌بنشینه‌وه‌ هێرشیان كرد، به‌ڵام نه‌یانتوانى بێنه‌ پێشه‌وه‌. چونكە پێشمه‌رگه‌ به‌ چه‌كى قورس به‌رپه‌رچى هێرشه‌‌كه‌یانی دایه‌وه‌و و فڕۆکەکانی هاوپه‌یمانانیش دوو جار هێزى داعشیان بۆردوومان كرد".

ئه‌و ئه‌فسه‌ره‌ گوتیشى:" هێزه‌كانى پێشمه‌رگه‌ بێ زیانبوون و زیانه‌كانى چه‌كدارانی داعشیش نه‌زانراوه‌".


تەلەعفەر شارێكە لە پارێزگای نەینەوا كە ناوەندی قەزای تەلەعفەرە. دەكەوێتە دووری 30 میل لە رۆژئاوای موسڵ و 120 میل لە باكووری شاری كەركووك، هەروەها دەكەوێتە سنووری باشووری كوردستانەوە. 

لە سەردەمی بەعسدا، شارەكە بەر شاڵاوی راگواستن و بەعەرەبكردن كەوتووە و زۆر لە كوردانی ئەو شارە راگوێزراون. هەرسێ ناحیەی رەبیعە و زوممار و عیازییە سەر بە تەلەعفەرن.