لە سنووری ئامێدی ئاگرکەوتەوە و پێنج گەشتیاری عەرەب دەستگیرکران


رووداو دیجیتاڵ

لە گوندی سیارەتووکای سنووری ناحیەی چەمانکێ لە ئامێدی ئاگر کەوتەوە و پێنج گەشتیاری عەرەب بەوهۆیەوە دەستگیر کران.
 
موقەدەم رەمەزان سیاری، بەرپرسی مەفرەزەکانی پێشمەرگەی هێزی دهۆک بە رووداوی گوت، ئاگرەکە دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ لە سنووری گوندی سیارەتووکا لە خانوویەک کەوتەوە و دواتر بەو هۆیەوە نزیکەی چوار دۆنم زەوی سووتا. دەشڵێت، بە هەوڵی ئەوان، بەرگریی شارستانیی دهۆک و خەڵکی ناوچەکە، ئاگرەکە کۆنترۆڵ کرا.
 
موقەدەم رەمەزان سیاری دەڵێت، ئاگرەکە زیانی زۆری بە باخی هاونیشتمانییان گەیاندووە و بەپێی لێکۆڵێنەوەکانی ئەوان، چەند گەشتیارێکی عەرەب هۆکاری ئاگرکەوتنەوەکە بوون. لەنێو خانوویەک نەرگەلەیان کێشاوە و ئاگر کەوتووەتەوە.
 
بەرپرسی مەفرەزەکانی پێشمەرگەی هێزی دهۆک باسی لەوە کرد، لەسەر رووداوەکە پێنج گەشتیاری عەرەب دەستگیرکراون، لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا دەکرێت و دواتر بە کەفالەت ئازاد دەکرێن.