رووداو دیجیتاڵ
دەرچوویەکی کۆلێژی هونەرە جوانەکان، لە ئەشكەوتی ئینشكێ لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ کار دەکات و دەیەوێت سەرنجی گەشتیاران رابکێشێت. گەشتوگوزاری زاخۆ پێشبینی دەکات لە رۆژانی جەژندا 50 هەزار گەشتیار سەردانی ئیدارەکە بکەن.
عومەر ئەحمەد، شێوەکارە و بە وێنەکێشان لەسەر دەموچاوی منداڵان، سەرنجی گەشتیارانی بۆ ئەو شوێنە گەشتیارییەی زاخۆ راکێشاوە. عومەر بە رووداوی گوت: "وێنە لەسەر دەموچاوی منداڵان دەکێشم، زۆر پێی دڵخۆش دەبن. گەشتیاران دڵیان بەوە خۆشە".
ئەشکەوتی ئینشکێ بەهۆی سرووشتی جوانی، سەرنجی گەشتیارێکی زۆری راکێشاوە بەتایبەت لە وەرزی گەرمادا. زۆرینەی گەشتیاران لە نێوەڕاست و باشووری عێراقەوە سەردانی ئەشکەوتەکە دەکەن.
مەها جەواهری، گەشتیارە و بە رووداوی گوت: "ئەم شوێنە وەکو بەهەشتە. لە جیاتی ئەوەی ئێمە بچینە دەرەوەی وڵات، دێینە ئێرە با خەڵکی ئێمەش قازانج بکات. پێویستە گرنگیی زیاتری پێبدرێت. تائێستا ئێرە تەنیا شتی سەرەتایی بۆ دابینکراوە و خزمەتگوزاریی پێویستی لێ نییە".
بەگوێرەی زانیارییەکانی بەڕێوەبەرایەتیی گەشتوگوزاری زاخۆ، لەکاتی ئاساییدا مانگانە 25-30 هەزار گەشتیار سەردانی زاخۆ دەکەن، بەڵام لە رۆژانی جەژندا پێشبینیی هاتنی 50 هەزار گەشتیار دەکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ