لە پیرانشار 6 کەس بە تۆمەتی مامەڵەکردن بە دۆلار و یۆرۆ دەستبەسەرکران

18-06-2024
سینا سۆما
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی دەسەڵاتی دادی پارێزگای ورمێ رایگەیاند، شەش کەس لە شاری پیرانشار بە تۆمەتی "مامەڵەی نایاسایی" بە دۆلار و یۆرۆ دەستبەسەرکران و دادگایی دەکرێن.
 
ناسر عەتەباتی، سەرۆکی دەسەڵاتی دادی پارێزگای ورمێ رۆژی سێشەممە، 18-06-2024، رایگەیاند، دوای ئەوەی لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی شاری پیرانشارەوە زانیارییان پێگەیشت کە لە یەکێک لە نووسینگەکانی ئاڵوگۆری دراو لەو شارە، مامەڵەی نایاسایی بە دۆلار و یۆرۆ دەکرێت، لەلایەن داواکاری گشتییەوە بەدواداچوونی بۆ کرا و لێکۆڵینەوەی ورد بۆ بابەتەکە دەستیپێکرد.
 
عەتەباتی گوتی، لە ئەنجامی لێکۆڵینەوەکاندا دەرکەوت لەو نووسینگەیە بەشێوەیەکی نایاسایی ئاڵوگۆری دراو دەکرێت و مامەڵەی ساختە بە دۆلار و یۆرۆ دەکرێت، بۆیە شەش کەس لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کران.
 
بە گوتەی سەرۆکی دەسەڵاتی دادی پارێزگای ورمێ، لە لێکۆڵینەوەکاندا دەرکەوتووە ئەم کەسانە مامەڵەی نایاساییان بە بڕی 14 ملیۆن دۆلار و زیاتر لە 174 هەزار یۆرۆ کردووە.
 
ناسر عەتەباتی راشیگەیاند، ئەو کەسانە دۆسیەی تایبەتیان بۆ کراوەتەوە و دوای ئامادەکردنی لیستی تۆمەتەکانیان لەلایەن داواکاری گشتیی پارێزگای ورمێوە، دادگایی دەکرێن.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە