گەشتوگوزاری دهۆک: زیاتر لە 95%ی ئەو گەشتیارانەی دێنە دهۆک عێراقین


رووداو دیجیتاڵ 

بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری پارێزگای دهۆک دەڵێت، لە رۆژی عەرەفەوە گەشتیارێکی زۆر چوونەتە پارێزگاکە و ئاماژە بەوەش دەکات، زیاتر لە 95٪یان عێراقین.

رۆژی سێشەممە، 18ـی حوزەیرانی 2024، خەیری عەلی، بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری پارێزگای دهۆک میوانی بووڵتەنی نیڤڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداو بوو کە هەوار جەلالەدین پێشکێشی دەکات، رایگەیاند: "سەرەتای ئەم ساڵ زیاتر لە 30 کۆمپانیای گەشتیاریی عێراقیمان بانگهێشتی پارێزگای دهۆک کرد و هاوئاهەنگیمان لەگەڵ کردن بۆ هێنانی گەشتیار بۆ پارێزگاکە. کاریگەریی ئەو هەنگاوەمان لەم جەژنەدا بینی و لە رۆژی عەرەفەوە ژمارەیەکی یەکجار زۆر گەشتیار هاتوونەتە پارێزگای دهۆک".
 
خەیری عەلی دەڵێت: "تاوەکو ئێستا بە وردی نازانین ژمارەی ئەو گەشتیارانەی سەردانی پارێزگای دهۆکیان کردووە چەندە. هەر کەسێک سەردانی پارێزگای دهۆک بکات و زیاتر لە 24 کاژێر بمێنێتەوە، بە گەشتیار هەژماری دەکەین"؛ ئاماژە بەوەش دەکات: "ساڵی رابردوو لە جەژنی قورباندا نزیکەی 60 هەزار گەشتیاری بیانی سەردانی پارێزگای دهۆکیان کردبوو".
 
بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری دهۆک گوتی: "سەردانی شوێنە گەشتیارییەکانی پارێزگای دهۆکمان کردووە و زیاتر لە 95٪ـی ئەو گەشتیارانەی هاتوونەتە دهۆک عێراقین؛ گەشتیاری بیانیش هاتوون".
 
بەپێی هەڵسەنگاندنی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان، هەر گەشتیارێک کە سەردانی هەرێمی کوردستان دەکات لە چوار رۆژدا نزیکەی 200 دۆلار بۆ 250 دۆلار خەرج دەکات. خەیری عەلی دەڵێت: "بەداخەوە لە هەرێمی کوردستان بازاڕ و چێشتخانەکان لە بۆنەکاندا بەتەواوی دادەخرێن کە ئەمەش کاریگەرییەکی نەرێنی لەسەر کەرتی گەشتوگوزاری کوردستان دادەنێت. ئەگەر ئەو شوێنانە بکرێنەوە، گەشتیاران پارەی زیاتر خەرج دەکەن و سوودی ئابووریی زیاتریان بۆ هەرێمی کوردستان دەبێت".