رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان رایگەیاند، وەزیر و وەزارەتی شەهیدان هیچ پەیوەندییەکیان بە حیزبەکەیانەوە نەماوە و بابەتی شەڕەکەی مانگی نیسانی ئەمساڵیان بۆ دادگە بەجێهێشتووە.
د. فەرهاد تۆفیق، گوتەبێژی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان لە روونکردنەوەیەکی سێ خاڵیدا باسی وەزیری شەهیدان و رووداوەکانی مانگی نیسان و هەندێک پێشهاتی دیکە دەکات و لەبارەی عەبدوڵڵای حاجی مەحموود، جێگری سەرۆکی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان دەلێت: "بەداخەوە وادیارە هەتا ئێستاش لە پەلاماردانی حزب ناکەون و هێشتا بە مانگەشەو هەڵدەشاخێن و بەردەوامن لە چەواشەکاری و قسەی نابەجێ و ناتوانن دەستبەرداری درۆ و دراو و دزی بهێنن و شۆکی دۆڕان سەرلێشێوانیان بەرینەداون."
سەبارەت بە شەڕەکەی مانگی نیسانیش کە کوژراو و برینداریشی لێکەوتەوە، د. فەرهاد دەڵێت: "ئێمە دانمان بەخۆماندا گرتووە و ئەو کارە ناشرین و تاوانبارییەی کردوویانە بۆ دادگەمان بەجێهێشتووە و هیچ جۆرە دەستوەردانێکمان نەکردووە تاوەکو دادگە بەسزای یاسایی خۆیان بگەیەنێت، پارتی سۆسیالیستیش بەپێی یاسای حیزبی سزای زیاتریان بەسەردا جێبەجێ دەکات."
گوتەبێژی حزبی سۆسیال دیموکراتی کوردستان باسی پۆستی وەزیری شەهیدانیش دەکات: "وەزارەتی کاروباری شەهیدان هیچ پەیوەندییەکی بە حیزبی سۆسیال دیموکراتی کوردستانەوە نەماوە و وەزیرەکەشی هەر کارێکی دوور لە بەرژەوەندیی کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان کردووە بۆ بەرژەوەندیی شەخسی خۆی بووە."
روونکردنەوەکە لە کاتێکدایە، حەوتی ئەم مانگە بەشێک لە پەیج و کەسەکانی نزیک لە عەبدوڵڵای حاجی مەحموود روونکردنەوەیەکیان بڵاوکردەوە و تێیدا هاتبوو: "چاوەڕێی مژدەی خۆشبن لە جەنابی سەرۆک عەبدوڵڵای حاجی مەحموود، بۆ بەستنی کۆنگرە و راگەیاندنی بزووتنەوەی سۆسیالیست لە نزیکترین کاتدا."
رۆژی 18-02-2024 شەڕ و گرژی لەنێوان چەند پێشمەرگەیەکی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان، کە بەشێکیان لایەنگری سەرۆک و بەشەکەی دیکەیان لایەنگری جێگری سەرۆکی پارتەکە بوون، دروستبوو.
رۆژی چوارشەممە 3ـی نیسانی 2024، لە گوندی گوڵەخانەی سنووری پارێزگای هەڵەبجە، جارێکی دیکە شەڕ و ئاڵۆزی لەنێوان هەردوولا سەریهەڵدایەوە.
رۆژی 5ی مانگی ئاداری ئەمساڵ کۆبوونەوەیەکی باڵای سۆسیال دیموکرات بە سەرپەرشتیی محەممەد حاجی مەحموود، سەرۆکی پارتەکە بەڕێوەچوو، تێیدا بە "زۆرینەی دەنگ"ی سەرکردایەتی بڕیاری دوورخستنەوەی عەبدوڵڵا حاجی مەحموود درا.
دواتر پێنجشەممە، 4-4-2024 کۆنگرەی هەشتەمی حیزبەکە کرا و محەممەد حاجی مەحموود بە سەرۆک هەڵبژێردرایەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ