کوردستان و عێراق سەرپێچییەکانی هاتووچۆ ئاڵوگۆڕ دەکەن

 
رووداو دیجیتاڵ

هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق هاوئاهەنگییەکانیان بۆ هەژمارکردنی سزاکانی هاتووچۆ دەستپێکردووە و بڕیارە دوای جەژنی قوربان لەوبارەیەوە کۆببنەوە. گوتەبێژی هاتووچۆی عێراق دەڵێت، هاوئاهەنگییەکە لە رێگەی سیدی و ئاڵوگۆڕی ئەلیکترۆنییەوە دەبێت.
 
بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، بەڕێوەبەرایەتییەکانی هاتووچۆی هەرێمی کوردستان و عێراق هاوئاهەنگییەکانیان لەبارەی هەژمارکردنی سزاکانی هاتووچۆ دەستپێکردووە، تاوتوێی ئەو بابەتە کراوە و بڕیارە لە ئاییندەیەکی نزیکدا لەو بارەیەوە کۆببنەوە.
 
ئێستا سزاکانی هاتووچۆ لە هەرێمی کوردستان ئەو ئۆتۆمبێلانە ناگرێتەوە کە تابلۆکانیان هی بەغدا و پارێزگاکانی باشوورە، لە بەغدا و پارێزگاکانی عێراقیش سزاکان ئەو ئۆتۆمبێلانە ناگرێتەوە کە تابلۆی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستانیان پێوەیە.
 
موقەدەم محەممەد عەلی حەسوون، بەڕێوەبەری پەیوەندییەکان و راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هاتووچۆی عێراق بە ئاژانسی هەواڵی عێراق "واع"ی راگەیاندووە، "هاوئاهەنگییەکی هاوبەش لەسەر ئاستی بەرز لەنێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و ناوەندی هەیە بۆ یەکخستنی سزاکانی هاتووچۆ لە رێگەی سیدی و ئاڵوگۆڕی ئەلیکترۆنی بۆ ئەو سزایانەی هاتووچۆ کە لە بەغدا و پارێزگاکان و ئەوانەشی لە هەرێمی کوردستان دەکرێن."
 
ئەو بەرپرسەی هاتووچۆ ئاماژەی بەوە کردووە، لە ژمارەیەک پارێزگای عێراق لەوانە کەربەلا، ئەنبار، دیالە، بابل، سەلاحەدین سیستمی رادار بۆ هەژمارکردنی پێبژاردنی سزاکانی هاتووچۆ دانراوە، لە ئاییندەدا لە ژمارەیەک پارێزگای دیکە دادەنرێت بۆ رێگری لە خێرایی زۆر و بۆ پاراستنی ژیانی هاووڵاتییان لە رووداوەکانی هاتووچۆی رێگەکانی دەرەوە.
 
کۆتایی ساڵی رابردوو، حەوت ملیۆن و 100 هەزار ئۆتۆمبێل بە هەموو جۆرەکانیەوە لە عێراق تۆمار کرابوون، لە هەرێمی کوردستانیش تاوەکو کۆتایی ئاداری رابردوو ملیۆنێک و 993 هەزار و 552 'ئامێری گواستنەوە' بە فەرمی تۆمار کرابوون کە ملیۆنێک و 973 هەزار و 778یان جۆرە جیاوازەکانی ئۆتۆمبێلن و 19 هەزار و 774یشیان ماتۆڕسکیل بوون.